"هانیس" پەرتوکێکە وشەی لەبیرکراوی کوردی زیندوو دەکاتەوە

ڕەحیلا بەیات غەیاسی، نووسەری پەرتوکی هانیس، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی زمان و کولتووردا، دەڵێت: هیچ کەسێک ناتوانێت وەک ژن کاریگەر بێت لە زیندوو ڕاگرتنی زمان و زاراوە و کولتوور و کەسیش ناتوانێت ئەو کارە بکات وەک ژنێک، لە خێزاندا کاریگەر بن.

دنیا نەزەری

 

سنە- پەرتوکی “هانیس” ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێگریکردن لە لەناوچوونی زمانی کوردی، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەندین پەرتوکی گرنگ لە بواری ڕۆمان و شیعر و کورتەچیرۆکدا بە زمانی کوردی بە شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی نووسراوە و پەرتوکخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردووە، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لەم کارەدا، بەو پێیەی توانیان لە هەموو سەردەمێکدا بە پەرۆشەوە کار بکەن بۆ پاراستنی کولتووری خۆیان.

 

بەهۆی مەترسی نەمانی شێوەزاری گروسییەوە، بەشێک لە ژنە نووسەرانی ئەم ناوچەیە دەستی باڵایان هەیە لە پاراستنی شێوەزارەکەدا، یەکێکیش لەو ژنانە، ڕەحیلا بەیات غەیاسی نووسەری پەرتوکی "هانیس"ە، کە بە شێوەزاری گرووسی نووسراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی تێدایە لەم بوارەدا، گەڕان بەدوای وشەی ڕەسەن و لەبیرکراودا گرنگ بوو بۆ ڕەحیلا و هاوژینەکەی، ئەوەندەی توانیان لە هەوڵەکانیاندا هەزاران وشەی لەناوچوویان دۆزییەوە، بۆیە هانیس تەنها پەرتوکێک نییە، بەڵکو کۆمەڵێک وشەی لەبیرکراو و هیوای پاراستنیانە.

 

ڕەحیلا بەیات غەیاسیی ٣٧ ساڵ، لە یەکێک لە گوندەکانی بیجار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دایکی سێ کچە، لە ساڵی ١٩٩٤ بە بەرهەمی منداڵان دەستی بە نووسین کردووە و پەرتوکێکی بە ناوی “دارستانی پڕ لە سەرگەرمی” نووسیوە، کە پێنج کورتە چیرۆک بۆ منداڵان لەخۆدەگرێت، ڕەحیلا بەیات غەیاسی دەڵێت: من هێشتا حەزم لە نووسینە، هاوژینەکەم پێشنیاری کرد لەسەر زمانی کوردی، گرووسی بنووسم، چونکە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و ئەرکی ئێمەیە بیپارێزین، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ دەستمان بە کارکردن کرد و لە مەراسیمێکدا پەرتوکەکە ڕاگەیەندرا و ژن و پیاوی بەساڵاچوو لە ناوچەکەدا ئامادەی بوون، کە تا ئێستاش وشەسازی ئەم زاراوەیە دەپارێزن.

 

هانیس بەرهەمی ١٢ ساڵ ماندووبوونە

ڕەحیلا بەیات غەیاسی ئاماژەی بەوەشکرد، هانیس دەرئەنجامی دوانزە ساڵ هەوڵ و ماندووبوونە، بۆ لێکۆڵینەوە لە شێوەزارەکە، لە شاخێکەوە بۆ شاخێکی تر و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر دەڕۆیشتینتا زنجیرەیەکمان دۆزیەوە، لە وشەکانی زمانی ژن و پیاوی بەساڵاچوو، بۆ نموونە هاوتای وشەی پاککەرەوەمان نەدەزانی و لە کۆتاییدا لە ژنێکی بەساڵاچوومان بیست کە لە گوندێکی سەر ڕێگای بێجار دەژیا، منیش تا توانیم هەوڵمدا ئەو وشە و ئامڕاز و پەندانەی کە لە هانیس ون بوون، زیندوو بکەمەوە، هەست بە سوپاسگوزارییەکی زۆر دەکەم بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریمان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "شێوەی چیرۆکەکە و چوارچێوەی سەرەکی بۆ هانس بیرۆکەی خۆم بوو، بەڵام تا گەیشتمە قۆناغی نووسین و ئامادەکردنی، سەرەتا بە بەسکردنی ژنێکی فەرشچن لە بیجار دەستم پێکرد، کە ئەم کارە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە و لەلایەن زۆربەی ژنانی گرووسەوە ئەنجام دەدرا، کارەکتەری چیرۆکەکەم ژنێکە کە بە پێچەوانەی چیرۆکەکانی ترەوە دەوڵەمەند و و ڕەگ و ڕیشەی ژنە ٤٥ ساڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ هانیس، کە گوندێکی نزیک لە سنەیە.

 

سەبارەت بەو کاریگەرییەی کە پەرتوکەکە لەسەری بەجێهێشتووە، وتی: دوای بڵاوکردنەوەی هانیس و ئەو وزەیەی کە لە هاوکارەکانم و خەڵکەکەمەوە وەرمگرت، بۆم دەرکەوت کە هانیس سەرنجڕاکێشە و خوێندراوەتەوە، بۆیە بڕیارمدا بەردەوام بم لە نووسین.

 

"ژنان دەتوانن زمان و زاراوەکان بپارێزن"

ڕەحیلا بەیات غەیاسی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ڕۆڵی گرنگی ژنان لە پاراستنی زمان و کولتووردا و وتی: هیچ کەسێک ناتوانێت هێندەی ژن کاریگەر بێت لە پاراستنی زمان و زاراوە و کولتوورێکی زیندوو ، هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئەندازەی ژنێکیش لەناوی ببات، بۆیە تکایە زمان و زاراوەی ئێمە بزانن و پێویستە ئێمەی ژنان بە زمان و زاراوەی خۆمان لەگەڵ منداڵەکانمان قسە بکەین، بە تایبەت ژنانی گرووس چونکە گرووس زۆر دەوڵەمەند و جوانە.