تابلۆیەکی ڕۆژگار مستەفا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەری ژنان نمایش دەکرێت

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەری ژنان "فریدا" لە ٢٥ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و تا ٢٥ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، ڕۆژگار مستەفا وەک هونەرمەندێکی کورد و تاکە بەشداربووی عێراق بە تابلۆیەک تیایدا بەشدارە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژگار مستەفا، هونەرمەندی شێوەکار، بە تابلۆیەک کە ناوی "منداڵدانی جەنگ"ە، وەک ژنە هونەرمەندێکی کورد و تاکە هونەرمەند لەسەر ئاستی عێراق بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەری ژنان بەناوی "فریدا" لە گەلەری هونەری تیرانا، لە شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، کردووە.

 

تابلۆی منداڵدانی جەنگ، کارێکی هونەری ڕۆژگار مستەفایە کە ساڵی ٢٠٢٣ کێشاویەتی، زنجیرەیەک هێڵکاری و نووسینە، سەبارەت بە پرسە جیاوازەکانی وەک منداڵدان، لە کارەکەدا وێنەی هێڵکاری منداڵدان دەبینرێت، کە هەرجارە و بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت،  هێڵکارییەکە منداڵدان و پرسی جەنگ وێنا دەکات، لەلایەک ناسکی و جوانی و ئازادی لە فۆرمدا، لەلایەکی دیکەوە، برینداری و وێناکردنی وێنە ڕاستەقینەکەی منداڵدان لە پاڵ پرسی جەنگدا نیشان دەدات. کارەکە درێژەی هەیە و بە فۆرمی جیاواز ڕۆژگاری هونەرمەند کاری تیادا دەکات.

 

فێستیڤاڵەکە لە ٢٥ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و تا ٢٥ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، تایبەتە بە هونەری ژنان و لە ٣٦ وڵاتی جیهانەوە ژنانی هونەرمەند بە تابلۆکانیان بەشدارییان کردووە، کە ئامانجی فێستیڤاڵەکە پێشخستنی دیدگای ژنانی هونەرمەندە لە سەرتاسەری جیهاندا، کە دەبێتە ئەزموونێک بۆ خستنەڕووی هونەری ژنان.

 

وەک ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی پێدەکەن، ناونانی فێستیڤاڵەکە بە "فریدا"، دەگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندی بەتوانای مەکسیکی، فریدا کاهلو، کە بە چەندین وێنەی خۆی ناسراوە و تابلۆکانی لە چوارچێوەی ژیاننامە دایە و لایەنەکانی هەست و سۆز، ئازار، نەخۆشی، بیرۆکەی سیاسی، هۆشیاری لە ناسنامەی سەر بە مەکسیک، نەریتەکان بەرجەستە دەکات.