مهاباد، درەوشاوەیی ژنان لە فێستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدرامای ژیوار

سارا کەریمی، یەکێک لەو کەسانەی ئارەزووی فێستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدرامای ژیوار لە مهاباد دەکەن، دەڵێت: ئامادەبوونی ژنانی نووسەر و دەرهێنەر هەنگاوێکی گرنگە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بە گشتی و بواری هونەری بە تایبەت.

یارا ئەحمەدی

 

مهاباد- چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدرامای ژیوار مهاباد لە ٢٣ی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بە بەشداریی ١١ گروپ بەڕێوەچوو، ئەوەی لەم فێستیڤاڵەدا جیاواز بوو، بەشدارییەکی باڵای هونەرمەندانی ژن بوو.

 

فێستیڤاڵەکە ئامانجی نیشاندانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان بوو، ئەو بەرهەمانەی کە ئەمساڵ لەلایەن دەرهێنەرە ژنەکانەوە نمایشکران، نمایشی ئازار و کێشەکانی ژنان و باسکردنی پرسەکانی وەک کۆچبەری، ئازادیی ژنان، جیاکاریی جێندەری و ناسنامەی ژنان بوون، زۆرێک لەو شانۆیانەی کە نمایش کران بە زمانی کوردی بوون و لەلایەن نووسەرانی کوردەوە نووسراون.

 

شانۆی (دواین دەنگ) لە دەرهێنان و نووسینی شادی پاکزاد، شانۆنامەی (بەهێزتر) لە دەرهێنانی شیرین دلپەسەند، شانۆنامەی (کهنە زخم) لە دەرهێنانی فاتمە مومیوەند، شانۆنامەی (لە میترۆدا) لە دەرهێنانی هدیە ڕەسوڵپوور و شانۆنامەی "هویت" لە نووسینی سورەیا سادات و لە دەرهێنانی بەهارە خدرسوارە، بەشێکن لە بەرهەمەکانی ژنان لەم فێستیڤاڵەدا.

 

سارا کەریمی، یەکێک لە بینەران و ئارەزومەندی شانۆ، سەبارەت بەم فێستیڤاڵە وتی: بواری شانۆی جاران، بوارێکی پیاوانە بوو، کە تێڕوانینێکی پلەبەندی زاڵ بووە و ژنانیش لە ژێر فشاردا بوون بۆ وەرگرتنی ڕۆڵ لەو بوارەدا، بوونی ژنانی دەرهێنەر یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ژنانی چالاک لەم بوارەدا لە ڕۆژهەڵاتئ کوردستان، چونکە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر پیاوسالاری لە شانۆدا خۆی دەنواند، بەڵام بوونی ژنانی نووسەر و دەرهێنەر هەنگاوێکی گرنگە لە گۆڕینی کۆمەڵگەی هونەریدا، چونکە هونەرمەند یەکێکە لە توخمە کاریگەرەکان لەسەر کۆمەڵگە.

 

دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە بریتی بوون لە پەروین مەلەک زادە، ڕەحیم نەقدە و بەختیار پەنجەیی و لە بەشی موزیکدا بێهناز حسەینی، لە سیناریۆنووسدا شادی پاکزاد، فروزان ئەمینی لە بەشی دیزاینی پۆستەر و بروشور، شیرین دلپەسەند لە بەشی دیزاینی جلوبەرگ خەڵاتی یەکەمینیان بەدەستهێنا، هەروەها لە پلەی دووەمی دەرهێنەردا شادی پاکزاد و پلەی سێیەمی دەرهێنەریش بۆ هدیە رەسوڵپور خەڵات کران.