هاوناز هاشم: خەونی منداڵیم بوو کارەکانم لە هەڵەبجەدا ببینمەوە

هاوناز شێوەکارە و کارە هونەرییەکانی لەسەر دیواری زانکۆ دەنەخشێنێت تاوەکو خوێندکاران یادگاری لەگەڵ تۆمار بکەن، خەونی مناڵیشی بووە هونەرەکەی لە هەڵەبجەدا ببینێتەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هاوناز هاشم، ساڵی ٢٠١٦ بەشی پەروەردەی هونەرە جوانەکانەی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە فەرمانبەرە، پاش ئەوەی هەست دەکات دیواری زانکۆ سپیە و هیچ ڕەنگێکی تیادا بەدی ناکات، بڕیار دەدات هەرجارێک بەشێکی زانکۆکەی بە کارە هونەرییەکانی بڕازێنێتەوە.

 

پاش تەواوبوونی کارەکانی، هاوناز دەستدەکات بە خولقاندنی کاری هونەری و دیوارەکانی زانکۆ بە تابلۆکانی ڕەنگ دەکات، دواتر خوێندکاران بە خۆشەویستییەوە وێنە و یادگاری و کاتی خۆیان لای تابلۆکان بەسەر دەبەن، دەربارەی کارەکانی دەڵێت: کارەکانم پەیوەندییان بە خوێندکاران و خوێندنەوە هەیە، وەک دانانی کتیب و قەڵەم، تاوەکو زیاتر هانی خوێندکاران بدەم بۆ خوێندنەوە.

 

"زانکۆ ماڵی دووەمی منە و پێویستە گۆڕانکاری تیادا بکەم"

لەبەر خۆشەویستی بۆ کارە هونەری و ئیدارییەکانی، هاوناز هاشم زانکۆ بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت و باس لە سەرەتای بیرۆکەی کارەکەی دەکات و وتی: زانکۆ ماڵی دووەمی منە و نیوەی ڕۆژەکەم تیایدا بەسەر دەبەم، بۆیە بە پێویستم زانی گۆڕانکاری بکەم، دوو تابلۆی سەردەمی خوێندکاریم هێنا و هەموو بەلایانەوە جوان بوو، دواتر دەستمکرد بە ڕەنگ کردنی دیوارەکان و نەخشاندنیان، خوێندکاران زۆر بەلایانەوە جوان بوو، پاشان کارەکەم گەورەتر کرد.

 

"ژنان ناخیان جوانە و پێویستە نیشانی بدەن"

هاوناز هاشم باسیش لەوە دەکات، کە هەموو ژنێک شتێک لە ناخیدایە کە جوان و سەرنجڕاکیشە و ژیان جوان دەکات، بۆیە پێویستە ژنان ئەوەی هەیە لە ناخیاندا نەیهێڵنەوە و کاری پێبکەن و بتوانن ژیانیان جوان بکەن.