"دەبێت وەکو ژن درێژە پێدەری شۆڕشی ژینا بین"
شانۆگەری "ژینا" لەلایەن ژنانی گەنجی باشووری کوردستانەوە لە ١٧ی ئەیلول نمایش دەکرێت، ئامانجیان بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینییە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ڕژێمی ئێرانەوە بەبیانووی نەبەستنی حیجابی شەرعی، شۆڕشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵدا و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ژنان لەچکەکانیان کردە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی ئاینگەرای پیاوسالار و بە بڕینی قژەکانیان ئیرادەی بەهێزی خۆیان بۆ سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان نیشاندا.
لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی و نیشاندانی ئەو ئەشکەنجە و زوڵمەی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت، گروپی شانۆیی ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری، لە ١٧ی ئەیلوول شانۆییەک پێشکەش دەکات، ژنانی گەنجی بەشداربووی شانۆییەکە دەربارەی شۆڕشی ژینا و شانۆییەکە بۆ نوژنها دووان.
شانۆکارەکانی شانۆگەری "ژینا" هەموویان ژنن
دیانا بۆزان، شانۆکار ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک شۆڕشی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد یەکەم جار ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان شانۆگەری "ژینا"مان نمایشکرد وەکو وەفایەک بۆ ئەو شۆڕشە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارماندا دووبارە ئەو شانۆگەرییە نمایش بکەینەوە و چەندین پەیامی دیکە لە شانۆییەکەماندا دەدەین بە بینەرانمان، شانۆکاران و بەشی تەکنیک لە کاری دەنگ هەموومان ژنین کە ڕۆڵی تیادا دەگێڕین.
"شۆڕش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئێمە"
دیانا بۆزان ڕوونی کردەوە، ساڵی پار کاتێک شانۆگەری "ژینا" نمایشکرا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو و داوا کرا لە فێستیڤاڵ و بۆنەکاندا نمایشی بکەین و بردمانە کەرکوکیش، چونکە شانۆکە بۆ ژنێک بوو داوای ئازادی دەکرد، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە لە ١٧ی ئایلوول نمایش بکرێتەوە، وتیشی: شۆڕشی ژینا ئەمینی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژنانی باشووری کوردستان دروست کردووە، وەک دەزانین چەندین ساڵە خەڵکی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئازادی خۆی لەدەستداوە، هەر بە بۆنەی ژیناوە کە وەکو ژنێکی بەهێز داوای ئازادی خۆی کرد، ژنانی ڕۆژهەڵاتیش توانیان دژی ئەو دەسەڵاتە بوەستنەوە، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئێمەی ژن کە دەبێت درێژەپێدەری ئەو ڕێبارە بین و هەڵگری پەیامی ئەوان بین.
"دەبێت ژنان درێژەپێدەری خەباتی ژینا ئەمینی بن"
ئاڵێ ئاوارە، شانۆکار ئاماژەی بەوەکرد، وەکو شانۆکارێک بەشداریم کردووە لە شانۆگەری "ژینا" و بە گشتی شانۆگەریەکەش باسی شۆڕشی ژینا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم شانۆگەرییەوە شۆڕشی ژینا زیاتر زیندوو بکەینەوە و بەردەوام دەبین لەسەری تا دەگەین بە ئامانج، هەروەها وتی: شۆڕشی ژینا لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە، بەڵام لە باشووری کوردستان بەو شێوەیە نەبوو کە چاوەرێی بووین، ئێمە دەبێت ژنانی باشوور تێبگەیەنین کە هێشتا نەگەشتووین بەو مافە ڕەوایەی دەمانەوێت.
لە کۆتاییدا وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەستنەوەی ژن تەنها بە حیجاب نییە، بەڵکو بە چەندین یاسای توندڕەوانە ژنیان کۆتوبەند کردووە، شۆڕشی ژیناش بووە هۆی ئەوەی ژنان بە ئاگا بێنەوە بەرامبەر بە مافەکانیان، شۆڕشی ژینا هێزێکی دا بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا بە ژنانی باشووری کوردستان کە دژی ئەو دەسەڵاتە بوەستنەوە وا زوڵم لە ژنان دەکات، وەکو ژنێکی گەنجیش پەیامم ئەوەیە ئەو شۆڕشەی ژینا کە نەوەستاوە دریژەی پێ بدەین، تا دەگەین بەو ئامانجەی دیاریمان کردووە، ئەویش ئازادی بۆ ژنانی تەواوی جیهانە.