خوێندنەوە هۆکارە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و کەمبوونەوەی توندوتیژی

مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێی خوێندنەوەوە هۆشیار بێت، ڕەچاوی مافی یەکتر بکەن و توندوتیژی بەرامبەر بە یەکدی نەکەن، ئەمەش بە تایبەت لە هەڵسوکەوتی پیاوان بەرامبەر بە ژنان زیاتر ڕەنگدەداتەوە

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک بە گشتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردی کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریدا زاڵە و بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان لە ژێر ناوی شەرەف و ناوی دیکەدا، گرنگە، ئەم هۆشیارییەش دەکرێت لە ڕێی خوێندنەوەی کتێبەوە بەرهەم بێت.

 

کتێب وەک سەرچاوەیەکی ڕۆشنبیری و هۆشیاری، دەکرێت سودی لێوەربگیرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک و بەتایبەت پیاوان، بۆ ئەوەی چیتر پێشێلی مافەکانی ژنان و توندوتیژیان بەرامبەر نەکەن، هەروەها ژنان خۆشیان ئاگاداربن لە بارەی مافەکانی خۆیان و ڕێگە نەدەن کەس پێشێلی بکات.

 

لە چوارەمین خولی پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی پرسیارمان لە ژنانی گەنج کرد، ئایا تا چەند خوێندنەوە و هۆشیاری توندوتیژی دژی ژنان کەمدەکاتەوە؟

 

"لە ڕێی نوسین و خوێندنەوەوە ژنان دەتوانن خۆیان بسەلمێنن"

بەسۆز ئەحمەد، وەک سەردانیکەرێکی چوارەمین پێشەنگای کتێب لە شاری سلێمانی، پێیوایە کردنەوەی ئەم پێشەنگایانە کارێکی گرنگە، چونکە لە ڕێیەوە مرۆڤ فێری زانست و زانیاری جۆراوجۆر دەبێت، وتیشی: وەک ژنان کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەین و توانیومانە جێپەنجەی خۆمان جێبهێڵین و خۆمان بسەلمێنین، بەڵام ئەمە مانای وانییە پێویستمان بە خوێندنەوە نییە، بە پێچەوانەوە پێویستمان بە خوێندنەوەی زیاترە بۆ زیاتر هۆشیاربوونەوە".

 

ئەوەی گرنگە لەم پێشەنگایەدا بوونی چەندین ناوەندی بیانی و ناوخۆییەوە کە خوێنەر لێیەوە دەتوانێت زۆرترین جۆری کتێبی دەستکەوێت، ئاستی خۆی لە کایە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پرسەکانی تایبەت بە ژنان بەرزبکاتەوە، بەسۆز باسی لەوەکرد، توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هۆکارەکان بکرێت و کۆمەڵگە بەرەوپێش بڕوات، پێویستە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەت لە ڕێی خوێندنەوەی کتێب ئاستی هۆشیاری خۆیان بەرز بکەنەوە، زیاتر بنوسن و وەک نووسەر جێی خۆیان بکەنەوە.

 

"کتێب یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و نەمانی توندوتیژی"

ژوان سۆران، وەک گەنجێک بوونی ئەم پێشەنگایە بە گرنگ دەزانێت بەتایبەت لەم دۆخەی باشووری کوردستان کە چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بوونیان هەیە و دۆخی سیاسی ناجێگیرە، کاریگەری زیاتری کردووەتە سەر ژنان، "بەهۆی ئەوەی بەردەوام توندوتیژی و هێرشەکان بۆسەر ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، بۆیە ژنان دەتوانن لە ڕێگای خوێندنەوەوە، ئاگاداری مافەکانی خۆیان بن و زیاتر هۆشیار بن بەرامبەر بەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت"

 

ئەو گەنجە وتیشی: کتێب کاریگەری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، ئەویش لە ڕێگای بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری پیاوان کە چیتر توندوتیژی نەکەن بەرامبەر بە ژنان و مافەکانیان پێشێل نەکەن"، لە کۆتایدا ژوان پێشنیار دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە خوێنەرن، کەسانێک بهێنن لەگەڵ خۆیان کە ناخوێننەوە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە خوێندنەوە و بەرزکردنی ئاستی هۆشیاریان.

 

ژنان لە شارە جیاوازەکانەوە سەردانی کتێبخانەکە دەکەن

جگە لە شاری سلێمانی هاوڵاتیان لە ناوچە و شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستانەوە سەردانی پێشەنگاکە دەکەن، داوا دەکەن هاوڵاتیان بە گشتی سەردانی بکەن، چونکە بە خاڵی وەرچەرخانی هۆشیاری کۆمەڵگەی دەزانن.

 

ژیان حەمید، وەک سەردانیکەرێکی شاری دهۆک هاتووەتە چوارەمین پێشەنگای کتێب، لە پێناو دەستکەوتنی کتێبی دڵخوازی خۆی، دەڵێت: گرنگە ژنان بخوێننەوە بە تایبەت ئەو کتێبانەی لەسەر پرسی ژنە، چونکە هۆشیار دەبنەوە و بە ڕووی توندوتیژییەکاندا دەوەستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان".