"شاعیر جگەلە دەربڕینی هەستی خۆی، بەرپرسیارێتی نیشتمانی لەسەر شانە"
تاقانە ژنەکەی فێستیڤاڵی گوڵەهەنار، لە ڕێگەی شیعر و ئەدەبەوە باس لە داگیرکاری دەکات.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- پەروا عەبدولقادر، یەکێک بوو لە شاعیرانی بەشداربووی فێستیڤاڵی گوڵەهەنار، کە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی مانگدا لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری ١٨ شاعیری پیاو و تاکە ژنی بەشداربوو، پەروا عەبدولقادر بەڕێوەچوو، شیعرەکەی پەروا تاکە شیعر بوو کە باسی لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان دەکرد.
ئەو شاعیرە بە شیعری "من و خۆم لە جوانیەکانی تۆدا و ناشرینییەکانی ئەواندا" بەشداری هەشتەمین فێستیڤاڵی گوڵە هەنار بوو، لە لێدوانیکی تایبەتیدا بۆ نوژنها وتی: ماوەی نێوان ئەم دوو قەسیدەیە ١٧ ساڵە و وەک ژنێکی تاقانە بەشداریم کردووە، ئەم قەسدەیە لە دوو بەش پێکهاتووە بەشی یەکەمیان لە بەهاری ٢٠٠٤ و بەشی دووەمی لە پایزی ٢٠٢١دا نووسراوە.
"کاری شاعیر تەنها دەربڕینی هەستی خۆی نییە"
پەروا عەبدولقادر باس لەوە دەکات کە کاری شاعیر تەنها ئەوە نییە پەیامی دڵی خۆی بگەیەنیت، بەڵکو پێویستە ئەرکە نەتەوەییەکەش بەجێ بگەیەنێت، ئەو باس لە قەسیدەکەی دەکات و دەڵێت: بەشی یەکەم باس لە دونیابینی شاعیر دەکات بۆ ئەو مێژووەی لەم سەردەمەدا کە قەسیدەکەی تێدا نووسراوە، چونکە کاری شاعیریش تەنها گەیاندنی پەیامی دڵی خۆی نییە، بەڵکو هەستکردنە بە بەرپرسیاریتی نیشتمان و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمانە گەیاندنی پەیامەکەیە.
ئەو شاعیرە ئاماژەی بەوەدا پاش ١٧ ساڵ تەنها نائومێدی نەوەیەک دەبینین، چونکە هێشتا داگیرکاری، بە تاڵانبردنی نیشتمان، بە هەدەردانی سامانی نیشتمان و بڕینەوەی دارەکانی بەردەوامە، بۆیە قەسیدەکەی باس لەوەدەکات، "کۆتایی قەسیدەکەم ئەوەیە پێویستە هیوا و ئومێد هەبێت و بەردەوام بین، چونکە ئێمەش وەک هەر کەسێکی دیکە مافی ئەوەمان هەیە ئازاد بین و لەسەر نیشتمانی خۆمان بژین، پێویستە ژیان بەردەوام بێت و هەوڵبدەین و زاڵ بین بەسەر سەرجەم داگیرکارییەکاندا".