"فێربوونی زمانی بیانی بۆ داگیرکردنی زمان و کولتووری کوردی بەڕێوەدەبرێت"

سیستمی سەرمایەداری لە تەواوی جیهاندا دەستی بۆ هەموو کایەکان بردووە، زمانیش یەکێکە لەوان، کە لەپێناو داگیرکاری و دەستباڵای زمان و نەتەوەیەکدا جێبەجێدەکرێت، مامۆستایەکیش دەڵێت: بۆ داگیرکاری زمان و کولتوور منداڵی کورد ناچار بە فێربوونی زمانی دیکە دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە هەموو ژینگە و کۆمەڵگەیەکدا دەوترێت، فێربوونی زمان یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکانی ژیان، بە جۆرێک چەند زمان بزانیت ئەوەندە مرۆڤی جیاوازی و کۆبوویتەتەوە لە مرۆڤێکدا، زمان بە هەنگاوی بەرەوپێشچوونی زانینی مرۆڤایەتی و ئاگاداربوون لە جیهانی دەرەوە و کولتوور و نەتەوەکانی دیکە دەزانن، لە جیهاندا زمان زۆرن، بەڵام ئەوەی باوترینە و زۆرترین ژمارەی مرۆڤایەتی بەکاریدەهێنن زمانی ئینگلیزی و عەرەبیە.

 

هەرچەندە ئەم زمانانە لە ڕێی داگیرکارییەوە باڵادەستکراون و بوونەتە زمانێکی جیهانی، بەڵام لە ئێستادا زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە و سیستم و دەسەڵات بە جۆرێک کاری کردووەتەسەر مرۆڤەکان کە ناچار بە فێرووبی زمان ببن، لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان، ئەمەش وایکردووە لە بەشێکی زۆری گەنجاندا فێربوونی زمان ببێتە ئامانجیان و هەوڵی بۆ بدەن.

 

"فێربوونی زمان هونەرە نەک زانست"

کوێستان تاهیر، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، دەربارەی گرنگی زمان ڕوونیکردەوە، زمان گرنگترین پێدایستی مرۆڤە، هۆکاری ئەمەش بارودۆخە کە وادەکات پێویستت بە زیاتر لە زمانێک بێت، ئەوانەی حەز بە فێربوونی زمان دەکەن، یان لە ناخی خۆیاندا حەز بە فێربوونی دەکەن و خولیاکانیان پاڵنەریانە یاخود بە ئامانجی دۆزینەوەی کار هەوڵدەدات خۆی فێری زمان بکات.

 

ئەو مامۆستایە فێربوونی زمان وەک هونەرێک تەماشا دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت: فیربوونی زمان هونەرێکە هەموو کەسێک ناتوانێت بەرجەستەی بکات، هەر کە فێری زمانێکی جیاواز دەبیت نەک تەنها ئینگلیزی، ئەوا تۆ کەسێکی هونەریت و توانیووتە باش بەرجەستەی بکەیت.

 

فێربوونی زمان بۆچی گرنگە؟

مامۆستا کوێستان باسی لەوەکرد، فێربوونی زمان جیهانییە و تەنها لە هەرێمی کوردستاندا نییە، سادەترین نمونەی هێنایەوە و باسی لە ڕەخساندنی هەلی کار کرد، کە زۆربەی کارەکان مەرجی زانینی زمانیان داناوە، تەنانەت ئەگەر کارەکە پێویستی بە زمانی جیاوازیش نەبێت، بەهۆی ئەوەی گەنجان پێویستیان بە کارە و ژیان بە جۆرێکی لێهاتووە دەبێت هەمووان کار بکەن، بۆیە هەوڵی زانینی زمانەکان دەدەن، کۆی جیهان هەوڵ بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەدەن.

 

"پڕۆگرامی خوێندن بۆ فێربوونی زمانە جیاوازەکان کەموکورتە"

مامۆستا کوێستان بە گرنگی دەزانێت لە سیستمی پەروەردە و خوێندندا، فێرکردنی زمان وەک وانەیەک بێت، نەک تەنها وانەکە هەبێت بۆ دەرخکردنی بابەتی ڕێزمانی و مێژووەکەی، بەڵکو بۆ فێرکردنی زمان بێت بە منداڵان، وتیشی: "ئەرکی مامۆستایانی ئەو وانانەیە کە گرنگی بدەن بەوەی منداڵەکان فێری زمانەکە ببن، چونکە ژینگەکەمان ئەو زمانە بەکارناهێنێت بۆیە قورس دەبێت ئەو خوێندکارە فێری ببێت".

 

ئاماژەی بەوەدا، سیستمی خوێندین هەڵەی تێدایە بە ماوەیەکی زۆر خوێدنکار فێری شتانێکی کەم دەبێت و پڕۆگرامەکە سستە، بە پێویستی دەزانێت پڕۆگرامی خوێندن سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و لە پاڵ سیستمی خوێندنەکەدا فێربوونی زمانیشی تێدابێت، مامۆستایانیش خولی تایبەت ببینین بۆ وتنەوەی وانەکانی فێربوونی زمان.

 

"هەرچەندە سیستم داوای زمانی جیاواز بکات، بەڵام ناکرێت زمانی دایک پشتگوێ بخرێت"

مامۆستا کوێستان باس لە ئێستا و ڕابردوو دەکات بەوەی لە ڕابردوودا کە هاوڵاتیان زمانیان نەزانیوە و ئێستا ناچار بە فێربوونی زمانکراون لە دەسەڵاتی خۆیاندا نییە، بەڵکو سیستم و دەسەڵاتێکە وایکردووە مرۆڤ بە پێی ئەو سیستم و سەردەمە مامەڵە بکات لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانیدا، بەڵام بە گرنگی دەزانێت هەرچەندە سیستم مرۆڤ ناچار بە شتێکی وەک زمان بکات. "نابێت زمانی دایک لەبیر بکرێت"، وتیشی: وەک بڵێی بووەتە چاوێکەری، ئێستا خێزانەکان گرنگی دەدەن بەوەی منداڵەکانیان پێش زمانی کوردی و زمانی دایک، زمانی دیکە بزانێت و دەیخاتە خوێندنگەیەکی ئینگلیزی"، وەک خودی خۆی کە مامۆستای فێربوونی زمانی ئینگلیزییە، بەڵام تا ئێستا منداڵەکەی نەخستووەتە خوێندنگەیەک کە سیستمیان ئینگلیزی بێت و خۆی هەوڵی فێرکردنی نەداوە، بەڵکو زمانی دایکی بۆ گرنگ بووە کە منداڵەکەی بیزانێت.

 

"زمان لە هەموو جیهاندا داگیرکراوە"

مامۆستا کوێستان ئاماژەی بەوەدا ئەم فێربوونی زمانەش بووەتە جۆرێک لە داگیرکردن، داگیرکردنی کولتوور و زمانی کوردی و زاڵکردنی زمانی دیکە بەسەریدا، ڕاستە زانینی زمان گرنگە بەڵام ناکرێت زمانی دایک پشتگوێ بخرێت، دەشڵێت: ئەم داگیرکارییە بەتەنها ناکرێت بەڵکو کەسانێک ڕێگەی بۆ خۆشدەکەن، ئەمەش وایکردووە منداڵی ئێستا لە ئاست زمانی دایک زمانی ئینگلیزی دەزانن.

 

بۆ پاراستنی زمانی دایک پەروەردە و خێزان بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت، بەوەی پەروەردە تایبەت بە خوێندگە ناحکومییەکان بیکات بە مەرجێک کە تەواو گرنگی بە زمانی کوردی-دایک بدەن، چونکە خوێندکارەکانی خوێندنگە ناحکومەییەکان زمانی کوردییەکەیان لە ئاستێکی خراپدایە، هەروەها خێزانەکان خۆشیان ئەوەندەی زمانی دایکیان بۆ گرنگ بێت زمانی ئینگلزییان بۆ گرنگ نەبێت، چونکە ئەو منداڵە لە کۆتایدا هەر فێری دەبێت ئەوەی گرنگە زمانی دایکەکەیە.