"ماستی قەڵاتێ"، مەراسیمی ڕۆژی بەخشینی کاکەییەکان بەڕێوەچوو

بە دروشمی "بەخشین نەریتی ئێمەیە" کاکەییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە مەراسیمی ڕۆژی بەخشینیان بەڕێوەبرد.

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە کەشێکی ئاینیی تایبەت بە ئاینی یارسان-کاکەییەکان، مەراسیمی ڕۆژی بەخشین بە ناوی "ماستی قەڵاتێ" لە گوندی هەوار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

 

سەرەتایی مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر له لایه‌ن سەرۆکی ڕێکخراوی شنروێی کاکەییەکان وتاری بەخێرهاتن پێشکەشکرا و باس لە تایبەتمەندی ئەو ڕۆژە کرا، "ئەمرۆ يادێکی مێژوویی ئاینی و کومەڵایەتی یارسانەکانی هەورامانی لهۆنه، لە دێرزەمانەوە بەبێ دابڕان زیندوو ڕاگیراوە و نەوە بە نەوە ماوەتەوە تا نەوەکان له مانا و سەربوردەکەی ئاشنا ببن و کەلتورەکەیان بپارێزن".

 

ماستی قەلاتێ ، ڕۆژێکە بۆ بەخشین لەپێناو پێکەوەژیاندا

ڕۆژی به‌خشین، بریتییە لە بەخشین لە دەستێکی هەژارەوە بۆ دەستێکی هەژار لەپێناو یەکسانی و شۆڕبوونەوە بۆ ژیانی سادەیی و دابەزین لە لوتکەی خۆویستی و هەنگاونان بۆ خۆنەویستی کە ئەویش کولەکەیەکە لە چوار کولەکەکەی ڕەفتاری یارسان.

 ئەم نەریتەش پاش کۆچکردنی حەزرەتی پیر ئەسکەندەری خاموشی پێش نزیکەی ٦٥٠ ساڵ هاتە کایەوە کە هاوڵاتیان لە وەرزی بەهاردا دەچوونە هەوارەکانی سپی تل و خەیارەجار لە چیای شنروێ، هەر ماڵێک ئاژەڵدار بووایە بەرهەمی شیرەمەنی و ماست و کەرەی لەگەڵ نانی هەورامی دەبەخشییە سەردانیکاران و گەردن ئازادییان لەیەکدی دەکرد.

 

مەبەستیشیان لە ماست ئەوەیە دڵیان وەک ماست بێخەوش و ساف بێت و لاپەڕەیەکی نوێی ژیانیان هەڵبدەنەوە و دوێنێ لەبیربکەن و لە ئەمڕۆدا بژین و ئومێدیان بە داهاتووەیەکی پرشنگدار هەبێت.

 

ماستی قەڵاتێ لە مانگی نیساندا بەڕێوەدەبرێت

کاکەییەکانی گەرمیان، هەڵەبجە و هەورامان لە ڕۆژی بەخشیندا لە گوندی هاوار کۆبوونەوە و مەراسیمەکەیان بەڕێوەبرد، تافان یاوەر، ئەندامی ڕێکخراوی شنروێی کاکەییەکان ئاماژەی بەوەدا مەراسیمی ڕۆژی بەخشین دەبوو لە مانگی چواردا بەڕێوەببرێت بەڵام بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە دواخرا، وتیشی ئامانجیانە نەوە بە نەوە مەراسیمەکانی تایبەت بە ئاینی یارسان بگوازرێتەوە و تا بتوانن ڕۆحی بەخشین زیادبکەن، و نەریتە ئاینییە کۆمەڵایەتیە کلتوریەکان بپارێزن.

 

نەجوا حەمید کاکەیی، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە خولی پینجەم، تایبەت بە نوژنها وتی: پێم خۆشە توانیم بەشداربم لەم مەراسیمەدا و پەیمان دەدەم کە ساڵانی داهاتوو هاوکاری تایبەتییان بکەم و لەگەڵیاندا بم.