لە سنە پێشەنگای کاری دەستی ژنان کرایەوە

ژنان هونەرەکەیان لەگەڵ کەلتووری جوگرافیاکەیاندا تێکەڵکرد و لە پێشەنگایەکی کاری دەستیدا لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایشکرد.

هیما ڕاد

 

سنە- سنە کە بە پایتەختی نەورۆز دیاریکرا، بە کارە دەستییەکانی ژنانیش ناوبانگی خۆی دەپارێزێت، ژنانی ڕەنجکێش بۆ نمایشکردنی کارە دەستییەکانیان لە فەرشی ڕەنگاوڕەنگ و جلوبەرگی خۆماڵی، سەرپۆش کۆبوونەوەیە و پێشەنگایەکیان کردەوە.

 

پێشەنگاکە گرنگی بە بەرهەمی کلوری کوردی دەدات، زەهرا مەنبەری، ڕێکخەری پێشەنگاکە،  ئاماژەی بەوەدا چەندین ساڵە ژنان بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانیان پێشەنگای جۆراوجۆریان کردووەتەوە، وتیشی ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی ڕێكخراویی ئەم جۆرە خەباتە بەڕێوەدەبەن، "زۆربەی ژنانی ئێرە لە ماڵەوەن و بژێوی ژیانیان دابیندەکەن و ئەرکی خێزانەکانیاشیان دەخەنە سەرشانی خۆیان، هەوڵدەدەین کە پێشەنگاکەمان دەنگی زۆر بداتەوە و هونەر و کاری دەستی ژنان زیاتر بکەوێتە بەر دیدی سەردانیکاران".

 

سروە ڕۆشنی، یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە، وتی: بەڕاستی ئەمە پێشانگای نەورۆزە نزیکەی هەموو ساڵێک لەم کاتەدا پێشانگایەک دەکەینەوە. من ساڵانێکە کار لەسەر هونەری ڕەیزین دەکەم و دەتوانم لە ڕێگەی ئەم پێشەنگایەوە زیاتر کارەکانم بە خەڵک بناسێنم.

 

شوعلە ئەعزەمی یەکێکی دیکەیە لەو ژنانە وتیی چەندین ساڵە کاردەکەم و کارە هونەرییەکانم بە باشترین شێوە بەرهەم دەهێنم، لەگەڵ سروە ڕۆشنی و هانا ئەسەدی پێکەوە پەرە بە کارەکانمان دەدەین.

 

بەهارە دهقان و هاوژینەکەی پێکەوە کارە دەستییەکانیان نمایش کردووە و دوو خوشکیش بە ناوەکانی کیمیا و شیما سەلاحیان لەسەر یەکێک لە مێزەکان کارەکانیان  داناوە ئاماژەیان بەوەدا کە هەموو ساڵێک لە پێشەنگاکاندا بەشداردەبن زیاتر لە شاری سنە و بەشداری پێشەنگای شارەکانی دیکەشیان کردووە.

 

    

ت.پ