ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە گوندی چەشمییەری ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد

بە وتەی بەتەمەکانی چەشمییەر، هەر ساڵێک ٤٠ بورجی هەیە، هەر یەکەیان ٩ ڕۆژ دەخایەنێت، یەکێک لە بورجەکان بە ناوی پەنجە تار، لە ٥ ڕۆژ پێکدێت و بنچینەی ئاهەنگی نەورۆز لەسەر ئەو بورجانە دامەزراوە.

سنە

 

دوێنێ، ٢٣ی شوبات ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی چەشمییەری سەر بە سرەوئابادی ناوچەی ژاوەڕۆ لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ڕێوڕەسمێکی نەورۆزانەی ساڵانەیە و بە جوانترین شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز ڕادەگیرێت، یەکێکە لە ڕێوڕەسمەکانی کورد و لە خراپترین دۆخیشدا بێت، دەبێت ئاگری نەورۆز بکرێتەوە.

 

لە گوندی چەشمییەر ساڵانە ٢٥ ڕۆژ پێش سەری ساڵی کوردی ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، خەڵکی ناوچەکە لە یەکێک لە ڕۆژانی یەکەم تا پێنجەمی کۆتا مانگی ساڵدا بە ڕێوڕەسمی "سیاوکامە" پێشوازی لە نەورۆز دەکەن، خەڵکی گوندی چەشمییەر پێیان وایە لەم گوندەدا کەشوهەوا زووتر گەرم دەبێت و توانەوەی بەفر لە شاخەکان و گەرمبوونی زەوی و دەستپێکردنی کشتوکاڵ دەستپێدەکات کە نیشانەی هاتنی بەهارن.

 

نەورۆز لە چەشمییەر مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە گوندەکانی ناوچەی ژاوەڕۆ چەشمییەر یەکەم ناوچە بووە کە نەورۆزی پیرۆز کردووە، هەروەها زۆربەی خەڵکی ژاوەڕۆ بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بە وتەی خەڵکی ناوچەکە، ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو خەڵک لە سەرتاسەری ئێرانەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکەی کردووە.

 

ئەمساڵ سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان، زۆرینە ڕازین بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی نەورۆز، چونکە جگە لە دروستکردنی کەشێکی خۆش، زیندوو ڕاگرتنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە یەکێک لە ئەرکەکانی خۆیان دەزانن، خاڵی ئەرێنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری چەشمییەر ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان بوو، بەتایبەت لەناو ڕێکخەرانیدا.

 

بە یادکردنەوەی ڕێوڕەسمەکان زمان و کولتووری کوردی دەپارێزرێت

ڕۆژیار هەورامی، دانیشتووی گوندی نۆدشە و پێشکەشکاری بەرنامەی نەورۆزی چەشمییەرە، بۆ نوژنها دوا و وتی: ئەمڕۆ ڕێوڕەسمەکەم پێشکەشکرد، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵیش پڕ بێت لە خۆشی و تەندروستی بۆ خەڵک.

 

هەروەها وتیشی: هیندستان و ئەروپا و بە تایبەتی ئێران گرنگییەکی تایبەتیان بە نەورۆز داوە و نەورۆزیان بە پیرۆز زانیوە و ئاهەنگیان گێڕاوە، بۆ ئێمەش نیشانە و هێمایەکی نەتەوەییە و بە دابونەریتی خۆمان ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، هیوادارم بۆ نەوەکانی داهاتوو و منداڵەکانمان بمێنێتەوە و بەم شێوەیە دەتوانین زمان و کولتوورەکەمان بپارێزین.

 

سروە ڕۆستەمی، یەکێک لە ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە، وێڕای بەخێرهاتنی هەمووان بۆ گوندی چەشمییەر، دەڵێت: لەم ناوچەیەدا، هەموو ساڵێک لە ٥ی ڕەشەمێ (کۆتا مانگی زستان) گەنج و پیر بە هاوکاری یەکتر ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن، نەورۆز لێرە زووتر لە هەموو شوێنێک بەڕێوە دەچێت، چونکە بەفر زووتر لە شاخەکان دەتوێتەوە و گوڵ چرۆ دەکات و خاک دەژیەتەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی جەژنەکەمان نزیکترە.