گۆنا بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی ڕۆژهەڵات کارە دەستییەکانیان ساغ دەکاتەوە

ژنان بۆ پشت بەستن بە خۆیان و دابینکردنی بژێوی ژیانیان کار دەکەن، گۆناش وەکو ژنێک بۆ پاڵپشتی کردنی ژنانی ڕۆژهەڵات کارە دەستیەکانیان لە باشووری کوردستان ساغ دەکاتەوە.

سلێمانی

 

ژنانی کورد لە شوێنێک بن دەستڕەنگینی و تواناکانیان دیارە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان و پشت بەستن بە خۆیان، چەندین کاری جیاواز ئەنجام دەدەن و کارەکانیان لە باشووری کوردستان ساغ دەکەنەوە.

 

"لە باشووری کوردستان پێشوازی لە کاری دەستی ژنانی ڕۆژهەڵات دەکرێت"

گۆنا محەمەد ژنێگی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵانە بە کەلوپەلی دەستکردی ژنانی دەستڕەنگینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکات، گۆنا خۆی کاری دەستی ناکات، بەڵام کاری دەستی ئەو ژنانەی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەفرۆشێتەوە، وەک کاری تەختە کە لە داری گوێز دروستی دەکەن و پەردە و جانتا.

 

گۆنا ئاماژەی بەوەکرد، لە باشووری کوردستان پێشوازییەکی باش لەم کارە دەستیانە دەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانەکانەوە ناتوانین بەشێوەیەکی باش بەرهەمەکانیان ساغ بکەینەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان حەزیان لەو کارانەیە کە دەیهێنن و نرخێکی کەمتر دەخەمە سەریان بۆ ئەوەی بتوانن بیکڕن.

 

"ژنان دەستڕەنگینن لە دروستکردنی کارە دەستییەکاندا"

گۆنا دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان بەیەکەوە لە ژوورێکی ماڵەکەیاندا خەریکی کاری دەستی دەبن و بە من دەڵێن کاری دەستیمان هەیە، منیش دەڕۆم لێیان دەکڕم، ژنانی ڕۆژهەڵات دەست بدەنە ئەنجامدانی هەر کارێک دەستڕەنگینی و جوانییەکی تایبەتی پێ دەدەن.

 

گۆنا هەرچەندە خۆی کاری دەستی دەزانێت، بەڵام بەهۆی ئەم کارەیەوە کاتی کەمی بۆ دەمێنێتەوە و دەڵێت: کاری دەستی بارگرانی خۆی هەیە، ژنانیش توانایەکی باشیان هەیە کە ئەم کارانە دەکەن، هیوادارم ژنان پشت بە خۆیان ببەستن و بەردەوام بن لەسەری، تا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر کارەکانیان بکەن و خەڵکیش ڕازی بن لەسەر ئەو کارانە.