پێشەنگای هاوبەشی "هم ساختە" باس لە ئازارەکانی ژنان دەکات

مەهناز پسیخانی دەربارەی پێشانگای "هم ساختە" وتی: پێشەنگاکە دەربڕینی هاوسۆزی بوو بۆ خوشکانی شەفیعی و بیرخستنەوەمان کە هەریەک لە ئێمە بەشێكی ئاگر گرتووی هەیە، لە پشت تۆز و وەهمەوە شاراوەتەوە.

شەبنەم تاوەکولی

 

تاران- پێشەنگای هاوبەشی "هم ساختە" لە گەلەری ئاریا لە تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن خوشکانی شەفیعییەوە کرایەوە، هەموو ئەوانەی لە پێشەنگاکەدا نمایشکراون، دەرخەری ئەو ئاگرەن لە ناخی هەر تاکێکدایە و هەوڵێکی بەکۆمەڵە بۆ دروستکردنی مانایەکی هاوبەش و هاوسۆزی لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ بەشەکانی دەروونی بەکۆمەڵ کە ئاگریان تێبەردراوە، تا دووبارە سەیری ئەو چینە شاراوەیە بکرێت کە لە خۆمانی دەشارینەوە، هونەرمەندان هەریەکەیان لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیانی خۆیان؛ ئازارەکان بەهۆی خەمباری، لەدەستدان یان دەربەدەرییەوەیان نەخشاندووە.

 

مەهناز پسیخانی دەرچووی بەشی نیگارکێشییە و یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لەم پێشانگایەدا بەشدارە، دەڵێت: توانای ئەنجامدانی کارێک هەمیشە بۆ من گرنگ بووە و ئەمە خاڵی بەهێزی منە لە کارەکانمدا، پێویست ناکات بزانیت چۆن پۆرترێت بکێشیت، دەتوانیت بە بەردەوامبوون لە کێشانی ئەو شتە بزانیت کە چ جۆرە وێنەیەک دەردەخەیت، من لە ساڵی ١٩٩٧دا یەکەمین پێشانگام بە ناوی "ژیانی خەونەکان" لە گەلەری سیهۆن کردەوە و زنجیرەیەک خەونم هەڵبژارد کە دەتوانرا بنەخشێنرێت و نیشان بدرێن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە قۆناغێکی دواتردا بە دەوروبەرمدا سەیرم کرد تا بزانم لە چ ژینگەیەکدا دەژیم، لە ساڵی ٢٠٠٣دا کارێکی ژینگەییم لە بەندەر ئەنزەلی ڕێکخست کە زێدی خۆمە، بارودۆخی زۆنگاوەکان و پیسبوونی ژینگەم نەخشاند و بە ناوی "ژیانی زۆنگاوەکان" پێسەنگایەکم کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٦شدا لە گەلەری فریشتە بە ناوی "شەفاف" پێشەنگایەکم کردەوە کە درێژەی پێشەنگای "ژیانی خەونەکان" بوو، لە ئێستادا سەرقاڵی دوو کۆلێکشنم کە تا ئێستا نمایشم نەکردوون، یەکێکیان کۆمەڵە پۆرترێتە، کە تایبەتە بە پێویستی من بۆ نزیکبوونەوە لە مرۆڤەکان، ئەوەی دواتر لەسەر شارەکەم بەندەر ئەنزەلییە کە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو نمایشی دەکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مەهناز پسیخانی وتی: سەبارەت بە هیوا و نائومێدی بەرامبەر بە خۆم و جیهان، تێڕوانینی من ئەوەیە کە جیهان بە ئاراستەیەکدا دەڕوات و ئەم جوڵەیە بەردەوامە، وەک فیشەکێک کە لە لوتکەی شاخێکەوە بۆ دۆڵ و شتێک ڕێگری لێدەکات، بەڵام، ململانێی ئێمە بۆ ژیان شتێکی ناوخۆییە و ناتوانیت ڕێگری لێ بکەیت، بەتەواوی وەک ژیان دەمێنێتەوە، ناتوانم بڵێم هیوادارم یان نائومێدم لە ئایندەی جیهان، بەڵام باوەڕم وایە لە دونیادا بزووتنەوە هەیە و ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.