ڤیستیڤاڵێکی پایزە بۆ ژنانی دەست ڕەنگینی شارۆچکەی شارەزوور کرایەوە

لە شارۆچکەی شارەزووری سەر با پارێزگای سلێمانی، فێستیڤاڵی پایزە بۆ ژنانی دەست ڕەگین کرایەوە و تیایدا ژمارەیەک لە ژنان بە بەرهەم و کارە دەستیەکانیان بەشداریان کردبوو.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە پارکی نالی لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی بە بەشداری ٢٥ لە ژنانی دەست ڕەنگینی شارۆچکەکە و دەوروبەری، فێستیڤاڵی پایزە بۆ بەرهەمە دەستییەکانی ژنان کرایەوە.

 

ڕێنما هادی، سەرپەرشتیاری پرۆژەی فیستیڤاڵی پایزی ژنان باسی لەوەکرد، بۆ جاری چوارەم بە سەرپەرشتی ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی شارەزوور فێستیڤاڵەکەیان ڕێکخستووە و مەبەستیانە دەست ڕەنگینی ژنان پیشان بدەن، وتیشی: ٢٥ ژنی بەهرەدار بە کارە جیاوازەکانیان بەشداریان کردووە.

 

شەیما مەحمود، ژنێکی دەست ڕەنگینە و لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری کردووە، وتی: ئێمە وەک ژنان کارە دەستیەکانمان نمایش دەکەین، من کاری مەکرەمە و چنینی ئیکسسوارات دەکەم و بە خواستی خەڵکی دروستی دەکەم، سەرەتا لە ڕیگەی ئۆنلایەنەوە دەمفرۆشتن، بەڵام ئەم جۆرە چالاکیانە کارەکانمان زیاتر پیشان دەدەن.

 

فێستیڤاڵەکە تا درەنگانێکی ئێوارە بەردەوام بوو، ژنانیش توانیان بەشێک لە بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.