بێدەنگییەکی ڕەشپۆش، گوزارشتێک لە توندوتیژی و کوشتنی ژنان
هونەرمەندان پێیان وایە لە ڕێگای هونەرەوە دەتوانرێت زۆرترین پەیام بە کۆمەڵگا بگەیەنرێت و خەڵکی هۆشیاربکرێتەوە تا ڕێگری بکرێت لە توندوتیژی و کوشتنی ژنان.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک هونەرمەند شانۆییەکیان دژی ژن کوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان پێشکەشکرد، لە نمایشەکەدا ژنانی هونەرمەند، چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
شانۆیی "بێدەنگیییەکی ڕەشپۆش" باس لە کوشتن و توندوتیژی ژنان دەکات هەریەک لە شنیار هونەر، کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە سلێمانی سوتێنرا، ماریا سام، لە هەولێر لەلایەن براکەیەوە کوژرا و ژنانی دیکەی کوژراو و ناچار بە خۆکوشتن یاد کرانەوە.
"پێویستمان بە هونەرە بۆ هۆشیارکردنەوە"
نیشتیمان عەبدوڵا، یەکێک بوو لەو شانۆکارانەی ڕۆڵی گێڕا لە شانۆییەکەدا و بۆ نوژنها وتی: "پەیامی پێرفۆڕمانسەکەمان ڕێگریکردنە لە توندوتیژی بە شێوەیەکی گشتی و تایبەت بۆ ژنان، دەمانەوێت بە هەموو ئەو کەسانەی بگەیەنین کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، ئێمە هەموومان مرۆڤین و مافی ژیانمان هەیە".
ئەو شانۆکارە هونەر و هونەرمەندان بە پێشەنگ دەزانێت و پێی وایە باشترین و کاریگەرترین پەیام لە ڕێگای هونەرەوەیە، "بۆیە هونەر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و تاکەکان پێویستە، بە تایبەت لەم دۆخەی ئێستادا کە ڕۆژانە حاڵەتەکانی توندوتیژی لە بەرزبوونەوەدان".
"ئامارەکانی توندوتیژی بەرپرسیارێتی دەکەنە سەر شانمان"
فرمێسک مستەفا، وەک دەرهێنەری شانۆییەکە ئامانجی شانۆییەکەی ڕوونکردەوە و وتی: "لە بەرامبەر کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان با خۆشەویستی ببەخشین"، ئاماژەی بەوەشدا ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕۆژانە لە هەڵکشاندان و دەمانهێننە پرسیار کە بۆ توندوتیژییەکانی ژنان هێشتا بەردەوامە.
دەشڵێت: "توندوتیژییەکان تەنها مەبەستمان ژنان نییە، بەڵکو باس لە منداڵان و هەموو ئەو تاکانەی کۆمەڵگا دەکەین کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"، بە پێویستی دەزانێت لە ڕێگای هونەرەوە هۆشیاری دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف بڵاوبکرێتەوە.
دەربارەی پلانی داهاتووی و بەرهەمهێنانی شانۆی دیکە، وتی: "یەکێک لە ئامانجەکانم بەرهەمهێنانی شانۆییەکی ژنانەیە کە تەواو ناخ و ڕووپۆشی ژن بنوێنێت".