ئەفغانستان، ناوەندێکی کلتوری هەرزان فرۆش دەکرێت

ناوەندی کلتوری "پل سرخ" لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، کە جێی خوێندنەوە بوو بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە داخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسانی کلتوریی ناوەندی کلتوری "پل سرخ" لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان بڵاویان کردەوە کە ناوەندەکەیان بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە دادەخەن و کەلوپەلەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن.

 

ناوەندەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، " ئێمە بەڵینمان دابوو لە هەر هەلومەرجێکدا بەردەوام دەبین لە چالاکیەکانمان و ناهێڵین تاریکی بەری ڕووناکیمان لێبگرێت، باوەڕمان وابوو کە وڵات لە ڕێگەی کتێب و کلتورەوە ئاوادەبێت، دەمانویست بچینە ناو سەنگەرەکانی جەنگ و لەجیاتی میلی تفەنگ کتێب دابنێین و بە دوای خەونی گەورەدا بگەڕێین و ئەفغانستان لە زوڵم، نەزانی و شەڕ دووربخەینەوە".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کاتێک کابول ڕووبەڕووی شەڕ بووەوە، پل سرخ و ئەندامەکانی جلوبەرگ، نان و پێداویستی تەندروستییان بۆ ئاوارەکان دابین دەکرد، شەرمەزارم کە ناوەندی کلتوری پل سرخ بە خەون و ئاواتەکانییەوە هەرزان فرۆش دەکەین".

 

پل سرخ یەکێکە لە ناوچەکانی کابول کە زۆرینەی ناوەندە ڕۆشنبیریەکانی وەک کتێبخانە، کاری دەستی، خولی میوزیک و تابلۆکێشان و کافتریای تێدا کۆبووەتەوە، ڕۆژانە چەندین کەس سەردانیان دەکرد، بەڵام دوای ڕووخانی حکومەتی پێشوو و دەستبەسەرداگرتنی کابول لەلایەن تاڵیبانەوە ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە دادەخرێت.