فیلم، چەکێکی کاریگەر لە بەرامبەر دوژمن

فیلم ڕێگایەکی هونەرییە، کە دەکرێت دڕندەیی و دەستدرێژییەکانی دوژمنی نەتەوەو خاک نیشان بدات و بۆ مێژوو بەڵگەی بکات، هەروەها چەکێکی کاریگەرە بۆ وەڵامدانەوەی وڵاتی داگیرکەر.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- فیلم، چەند ژانرێکی هەیە، یەکێک لە ژانرەکان بەڵگەنامەییە "دۆکومێنتاری"یە، ئەم ژانرە بۆ نەتەوە و گەلی کورد لە ڕابردوو و ئێستاشدا هەمیشە وەک پێویستییەک دەبیندرێت، بۆ نیشاندانی داگیرکاری سەر خاک و هێرشی دڕندانە و کۆمەڵکوژکردن، فیلم یەکێکە لەو ڕێگایانەی بۆ مێژوو گرنگە و وەک نووسین و پەرتوک بۆ نەوەی داهاتوو نەتەوەکانی دیکەش دەمێنێتەوە.

 

دروستکردن و دەرھێنانی فیلم، بەشێکی سیاسەتە، واتە ھەوڵدەدات کێشە ناوخۆیی و مێژووییەکان کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، چی سەرکوت دەکرێت، چی وەلا دەنرێت و کۆی ئەو بابەتانەی لە بەردەم پەلاماردان، لەناوچوون و سەرھەڵدانەوەدان سەرلەنوێ لە چوارچێوەی فیلمدا بخاتە بەر دیدی بینەرانی ناو چوارچێوەی دەوڵەت و نەتەوە، دەکرێت بەم جۆرە فیلمانە بوترێت فیلمی نەتەوەیی، کە سەرجەم کێشەکانی سەر نەتەوە لە ڕێگەی کامێراوە  قۆناغ بە قۆناغ و مێژوو بخاتەوە بەردید و لە ڕێگەی کامێراوە لە سەریان بدوێت و کێشە جۆربەجۆرەکان لە ھەموو ڕووبەرەکاندا بەرجەستە بکاتەوە، کەواتە کامێرا و فیلم دەتوانێت وەک چەکێک لە بەرامبەر وڵاتانی سەرکوتکەر بووەستێتەوە.

 

باشووری کوردستان لاوازترین ناوچەیە بۆ فیلمی بەڵگەیی

باشووری کوردستان نەتەوەیەکی گەورە و ناوچەیەکی دێرینە چەندین جار کۆمەڵکوژ و دەربەدەر و ئاوارە کراوە، بەڵام وەک پێویست فیلم و دراما و سینەمایەکی دۆکۆمێنتاری لە بارەی ئەو ھەموو زوڵم و ڕەشەکوژیەوە تێدا تۆمار نەکراوە، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان، ژمارەیەک فیلمی سینەمایی کوردی بەرهەمهێنراون،‌ بەڵام بەهۆی گرنگینەدانی پێویست بە سینەما، فیلمەکان بەگشتی لاواز بوون، دەیان کورتە فیلم و تا ڕادەیەک فیلمی درێژیش بەرهەمهێنراون، بەڵام وەک پێویست نەچوونەتە دڵی بینەر و لاوازییان پیوە دیاربووە، نەتوانراوە کێشەکانی تایبەت بەم نەتەوەیە لەم پارچەیەی کوردستان بەرجەستە بکات و بە بەراورد بە سینەمای پارچەکانی دیکە زۆر لاوازە.

 

ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خاپورکردنی گوندەکان دەکرا فیلمی بەڵگەیی زۆر باشی لەسەر ئامادەبکرێت، کە نەوەکانی سەدان ساڵی دیکەش مێژووی نەتەوەکەیانی لێوە بناسن، بەڵام ئەو کارە ئەنجام نەدرا و زنجیرە درامایەک بە ناوی "گەردەلول"، کە باسی لە کردەوەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقی بەرامبەر بە باشووری کوردستان دەکرد، ڕەخنەی بەدوادا هات و وترا کە وەک پێویست دڕندەیی ڕژێم نیشان نەدراوە، لە جیاتی باشترکردنی بوارەکەش، بە شێوەیەکی بەرچاو دابڕان لە بواری سینەما و درامادا دروستبوو.

 

فیلم بۆ خراپ نیشاندانی ژن

باشووری کوردستان لە قۆناغی ئەم چەند ساڵەی دواییدا لاوازترین ناوچە بووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، دەکرێت بڵێن زۆرینەیان بوونەتە گاڵتە ئامێز و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و لاوازکردنی ڕۆڵی ئەکتەرەکان بە تایبەت ژنان، کە بە مەبەست دەکرێت و ژن بە تەواوی خراوەتە چوارچێوەی لاوازییەوە، ئەو نواندنانەی دەدرێن بە ژن بێڕێزییەکی گەورەیە کە بەرامبەر هەموو ژنانی ناوچەکە دەکرێت، بە جۆرێک ژن تەنها بۆ قسەی نەشیاو پێکەنین و گاڵتەپێکردن دەخرێنە بەرچاوی بینەر، ئەمەش کولتووری بە تەواوی شێواندوە و بۆ داهاتوو کاریگەرییەکەی لە ئێستا زیاتر دەردەکەوێت.

 

لە لایەکی دیکەوە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا دەیانەوێت بە سیاسەت کار لە کولتووری باشووری کوردستان بکەن و میدیا کوردییەکان لە پەخشکردنی ئەو دراما و فیلمانە زیانێکی زۆریان بە کۆمەڵگەی کوردی گەیاندووە، هەروەها بووەتە هۆکاری ئەوەی کە چیدی گرنگی بە فیلمی ناوخۆ نەدرێت و بینەر ئاشنا دەکرێن بە کولتوری وڵاتانی داگیرکەر.

 

ڕۆژئاوای کوردستان ناوەندێک بۆ فیلمی بەڵگەیی

ڕۆژئاوای کوردستان بەو تەمەنە کەمەی خۆبەڕێوەبەرییەکەی و بەراورد بە باشووری کوردستان کە ٣٢ ساڵە کورد حکومڕانی دەکات، جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە و لە ڕۆژئاوا دەرهێنانی فیلم ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاو دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو هێرش و داگیرکارییەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، دەکرێت هەموومان لە ڕێگەی فیلمەکانەوە بیانبینین، هەروەها بەرخۆدان و سەرکەوتنەکانیش دەبینین، ئەمەش ماندوبوونی بەرهەمهینەران و دەرهێنەران و ئەکتەران کە زۆربەیان وڵاتپارێزان و شەڕڤانان خۆیانن، نیشان دەدات، کە چەند بە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە کار بۆ فیلم دەکەن، بە ئامانجی بەڵگەکردنی هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر نەتەوە و گەل لەو پارچەیە دەکرێت، ئامانجیانە ئەم دەستدرێژییانە لە ڕێگەی فیلمەوە نیشانی جیهان بدەن و بچێتە لاپەڕەکانی مێژووەوە.

 

نمونەی چەند فیلمێک، کە دەرخەری دڕندەیی و دەستدرێژی دەوڵەتی تورک و بەرخۆدان و سەرکەوتنی گەلیشی تێدایە، کاری دەرهێنەرانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەهێنینەوە، وەک فلیمی دیکۆمێنتاری "ساکینە جانسز" باس لە ژیان و خەبات و تێکۆشانی ساکینە جانسز، ژنە تێکۆشەری کورد دەکات، کە لە ڕۆژی ٠٩-٠١-٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لەگەڵ دوو لە هەڤاڵیدا تیرۆرکران.

 

"کۆبانێ" چیرۆکی بەرخۆدانی مێژووی ١٣٤ ڕۆژەی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، چیرۆکی فەرماندە زەهرا و میرکان و ئەبو لەیلا و موسا و سەدان شەڕڤانی شەهیدی ترە، لەلایەن ئوزلەم یاشار کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمیهێناوە.

 

فیلمی "کچانی خۆر" لە دەرهێنانی ئێوا هۆسۆنە، ئەکتەری ئێرانی گوڵشیفتە فەراهانی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، لە ٧١ فیستیڤاڵی کاندا لە وڵاتی فەڕەنسا بەشداریی کرد و پێشوازییەکی باشی لێکرا.

 

فیلمی "نەورۆز"یش باس لە نەبەردیی نەتەوەیەك بۆ نەكەوتن و ویست و ئیرادەی بۆ پێكەوەژیان دەکات، كە پەیامی ئەوەمان پێ دەگەیەنن، بۆچی و لەبەرچییە دوای چەندین ڕۆژ لە تەوقدان و فاشییەتی بۆ تواندنەوە، هێشتا بەرخۆدانی شەڕڤانان و گیانفیداییەكان سەردەكەوێت و داستانی كۆبانێ و عەفرین بەرهەم دەهێنێت.

 

فیلمی "ژ بۆ ئازادیی" بەرهەمی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئەرسین چەلیک کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، ماوەی فیلمەکە ١٤٢ خولەکە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لەماوەی شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان.

 

"وەرزی تووتڕک" فیلمێکی دیکەی سینەماییە کوردییە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری باکووری کوردستان، هاشم ئایدەمیرە و فیلمەکە له ڕۆمانی چادرەکان وەرگیراوە، سیناریۆی فیلمەکە، باسکردنە لەو رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە کە لە کوردستانی باکوور و باشوور، بەسەر تێکۆشەرێکی کوردا ھاتووە و ھەروەھا باسکردنە لەو نەھامەتی و وێرانکارییانەی کە بەسەر گوندەکانی باکوور و باشووردا ھاتووە.

 

فیلمی "نامەکانی شەنگال"، لە بەرهەمهێنانی نوژیان لەدەرهێنانی دێرسیم زێرەڤان، فیلمەکە لە ٦ بەش پێکهاتووە و لە هەر بەشێکدا نامەیەک دەنێرێت، باسی ئەو ئێش و ئازارانە دەکات کە بەهۆی هێرشی داعشەوە لە شەنگالدا ڕوویدا.

 

بەڵگە فیلمی "نوژیان" لەلایەن ژیندا ئەسمەن کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لەلایەن زنارین زنار و ژیندا ئەسمەنەوە ئامادەکراوە و فەریدە زادە ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، بەڵگە فیلمەکە باس لە ژیانی شەڕڤان و ڕۆژنامەنووس، نوژیان ئەرهان دەکات، کە لە ٣ی ئاداری ٢٠١٧ لە کاتی هێرشکردنە سەر خانەسور لەلایەن پێشمەرگەکانی ڕۆژەوە بە سەختی بریندار دەبێت و لە ٢٢ی ئاداردا لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژیان لەدەستدەدات.

 

نمونەی ئەم فیلمانە بەشێکی کەمە لە فیلمی دەرهێنەران و بەرهەمهێنەرانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە ویستیانە لە ڕێگەی فیلمەوە هێرشەکانی سەر خاک و نەتەوە، کۆمەڵگە و ژن نیشان بدەن و بەرخۆدان و سەرکەوتنی گەلیش لە مێژوودا بمێنێتەوە.