فیلمی "سور" تیشک دەخاتە سەر سامانی مەرجانی و گرنگییەکەی لە هاوسەنگی ئیکۆلۆژی دەریایی

ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەر مەبروکە خەدیر پێی وایە فیلمی دیکۆمێنتاریی لێکۆڵینەوەیی “سور” یەکێکە لەو ئامرازانەی کە تیشک دەخاتەسەر پرسە تێکەڵاوەکانی بواری سامانە سروشتییەکان و هاندانی ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ بەرهەمهێنان.

زهور مەشرەقی

 

تونس- مەبروکە خەدیر، ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەر، داوای لە ژنانی ڕۆژنامەنووس کرد کە ھەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان بشکێنن و بەشداری لە بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری بکەن کە باس لە بابەتی ژینگەیی و ژنان و کۆمەڵایەتی بکات، چونکە سینەما دەرگای گۆڕانکاری و چاکسازیییە، وتیشی: فیلمی سور " the red" فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بەدواداچوونە و یەک کاتژمێرییە، لە قاچاخی مەرجانی لە تونسەوە بەرەو ئیتاڵیا و لە ڕۆمەوە بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان قووڵ دەبێتەوە، کە بۆ ئامێری پزیشکی بەکاری دەهێنن، فیلمەکە لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و پێکهاتە فەرمییەکانەوە، لە پارێزگای بەنزەرتدا تێدەپەڕێت، کە زۆر غەواس هەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی کاردەکەن، چەندین قاچاخچیش هەن کە سوود لەم سامانە دەریاییە وەردەگرن.

 

مەبروکە خەدیر لە فیلمەکەدا تیشکی خستووەتە سەر ڕێگاکانی قاچاخچێتی لە شاری تەبارکای تونسەوە تا شاری تۆرێ تۆلێگریجیۆی ئیتاڵیا، کە مەرجانەکان لە ڕێگەی قاچاخیەکەیەوە دەگۆڕێت بۆ بازرگانییەکی زۆر بەناوبانگ، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕەکانی قاچاخ بە جەزائیر و سنوورەکانی لەگەڵ تونس تێدەپەڕن و دواتر بۆ ئیتاڵیا، جگە لەوەش فیلمەکە باس لە زیانەکانی کۆکردنەوەی بەردی مەرجانی دەکات کە زیان بە هاوسەنگی ئیکۆلۆژی دەریایی دەگەیەنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕێگەی فیلمەکەیەوە هەوڵیداوە سەرنجی خەڵک بۆ ئەم سامانە دەریاییە ڕابکێشێت کە بە زێری سوور بەناو دەکرێت، چ کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی دەریایی هەیە و ئێستا بەهۆی بازرکانی پێکردن و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، مەبروکە خەدیر پێی وابوو کە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە لە خەمی کەسیی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ پرسەکانی ژینگە، ئاماژەی بە ئازارەکانی پیسبوونی دەریایی و ڕاوکردنی بێ جیاوازی کرد کە زیانی بە سامانی دەریایی گەیاندووە و بە تێپەڕبوونی کات بەشدارە لە لەناوچوونی، کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە.

 

سەبارەت بە گرنگی بوونی ژنە ڕۆژنامەنووسان لە دنیای فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکاندا، سەرەڕای کەمی تواناکان، وتی: بەشێکی گرنگی ئەم فیلمە بە مۆبایل وێنە گیراوە، چونکە کاتێک گەیشتمە ئیتاڵیا، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوومەوە و مۆبایل بژاردەیەکی باش بوو بۆ ئەوەی کارەکانم بە سادەترین تواناکان ئەنجام بدەم، لە فیلمەکەدا تێبینی زۆرێک لە وێنەکان دەکەیت کە بە مۆبایلەکە گیراوە، بەو شێوەیە ویستم وەک ڕۆژنامەنووسێک و دەرهێنەرێک بڵێم، کە ئەگەر لێهاتوویی پێویستمان هەبێت، دەتوانین فیلمی بەڵگەنامەیی دیار دروست بکەین و ئەمەش ڕەنگە پاڵنەرێک بێت بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ کارکردن و بەرهەمهێنان.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە کورتەکان بوار نادات بە ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانەتر کاربکەن، وەک فیلمە دیکۆمێنتارییەکان کە تێیدا ڕۆژنامەنووس لە قووڵایی بابەتەکەدا قووڵ دەبێتەوە و وردەکاریی دەخاتە ڕوو.