لە ٧٠ ساڵیدا پەرتوکێکی بەناوی "بیرەوەرییەکانی ژنێکی کورد" بڵاوکردەوە

فەوزیە قیچۆی ٧٠ ساڵان، هەرچەندە هیچ کات لە خوێندنگە نەخوێندووە، بەڵام زمانی کوردی فێری خۆی کردووە و بە خوێندنەوە فکرەکانی فراوان کردووە، یەکەم پەرتوکی خۆی بە ناوی "بیرەوەرییەکانی ژنێکی کورد" بڵاوکردەوە.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- فەوزیە قیچۆی ٧٠ ساڵ، لە ناوچەی عامودا لە کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایکبووە، ژنێکە کە وەک هەموو دایکە بەتەمەنەکانی ئەم کۆمەڵگەیە خوێندنگەی نەبینیوە، بەڵام خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە و زانست هەبووە و ویستوویەتی ڕۆژێک بێت، بتوانێت پەرتوکێک بخوێنێتەوە و بزانێت چی دەڵێت، فەوزیە دوای ٧٠ ساڵ لە خەونی زیندوو خۆی فێری زمانی کوردی کرد، چەندین پەرتوکی نووسەرانی ناوداری خوێندەوە تا گەیشتە ئاستێک کە خۆی دەبێتە دایکێکی نووسەر و پەرتوکی خۆی چاپ دەکات بە ناوی "بیرەوەرییەکانی ژنێکی کورد"، تا ئێستاش لە بەردەوامیدان بە پێکهێنانی خەونەکانی ژیاوە.

 

وازی لەخەونی منداڵی خۆی نەهێنا

فەوزیە قیچۆ باسی لە ژیانی منداڵی خۆی کرد و خەونەکانی وەها دەربڕی: کاتێک باسی منداڵیم دەکەم بە پێکەنینێکی شەرمنانە ئەمە دەردەبڕم، چونکە منداڵیەکی پڕ لە جوڵە و یاری و خۆشەویستی ژیاوم، لە ماڵی ئێمەدا هەموو منداڵەکانی دایکم کچ بوون، منداڵەکانی گەڕەکەکە هەموویان لە شوێنەکەمان بوون و ئێمە یاریمان دەکرد هەندێک جار بێزاریمان بۆ دایکەکانمان دروست دەکرد، بەڵام دەتوانم بڵێم باشترین ڕۆژەکانی ژیانمان بوو، سەرەڕای ئەو بەختەوەرییە من تەنیا سۆزێک لە دڵمدا هەبوو، کە بتوانم بخوێنمەوە و بنووسم چونکە نە من و نە هیچ کچێکی ئەو کاتە نەچووین بۆ خوێندنگە، لەو کاتەدا خوێندگە و پەروەردە و زانست کەم بوون یان بۆ ژنان نەبوون، بیرەوەرییەکانی منداڵیم هێندەی پەرتوکێک بوو لە یادەوەری مێشکمدا، بەڵام هیچ قەڵەمێک نەبوو بۆ نووسین و دەربڕین.

 

فەوزیە قیچۆ لە درێژەی قسەکانیدا بە تیشک خستنە سەر سەرەتای فێربوونی پیتی کوردی وتی: دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد و منداڵم هەبوو خەونەکانم لە بیرنەچوو بۆ فێربوونی زانست، هاوژین و منداڵەکانم هەمیشە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبدا لەسەر کتێبەکان دەخەوتن، بۆیە سەیریانم دەکرد و دەموت، خۆزگە دەتوانم ئاوا بخوێنمەوە و بخەوم، هاوژینەکەم پێی وتم تۆش فێردەکەم، لەو کاتەدا، من زۆر بە پەرۆش بووم کە ئێستا خۆم بە نێو دەریای زانستدا دەڕۆم، هاوژینەکەم پیتی کوردی فێرکردم، هەر لەو ڕۆژەدا کە دەستیکرد بە پۆلێنکردنی ٣١ پیتی کوردی بۆم، ڕۆژانە نزیکەی دوو کاتژمێر ئەم پیتانەم دەنووسی و دەخوێندەوە، کاتێک هاوژین و منداڵەکانم کتێبەکانیان دەخوێندەوە، هەموو ئێوارانێک لە ماڵەوە ببووە کولتوورێک پیتەکانمان لەبەردەم خۆم دادەنا و دووبارە دەمخوێندنەوە، ڕۆژێک ویستم خۆم لە پیتەکان ڕستە دروستبکەم، هاوژینەکەم کاتێک هاتە ماڵەوە و بینی کە چۆن ڕستەیەکم ئامادە کردووە، پێی وتم بەردەوام بە، خێرا فێربە و پێش ئێمە بکەوە.

 

لە خوێندنگە ئاستی زمان بەسەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت

فەوزیە قیچۆ باسی لە بیرەوەرییەکانی چوونی بۆ پەیمانگای زمانی کوردی لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژناندا کرد و وتی: منداڵەکانم کاتێک منیان بینی لە خوێندندا بووم و لە خوێندنگە سەرکەوتوو بووم پڕ مۆڕاڵ بوون، جگە لە ئیشی ماڵەوە، وازم لە فێربوون نەهێنا، کچم نەبوو، تەنیا شەش کوڕم هەبوو، بۆیە زۆربەی ئیشەکانی ماڵەوە لەسەر شانم بوو، لە سەرەتای شۆڕشدا هاوڕێیەکم مامۆستا بوو و پێشنیاری کرد بچمە پەیمانگای زمانی کوردی بۆ فراوانکردنی زانین، من ئەو بیرۆکەیەم قبووڵ کرد، لەوکاتەدا نزیکەی ٦٠ ساڵ بووم. من لە تەمەنی کەسیاندا نەبووم هەموویان گەنج بوون، ئەوان بە منیان دەوت دایە تۆش هاتووی خۆت فیربکەیت؟ مامۆستاکە وەڵامی دایەوە و وتی کە نەهاتووە خۆی فێر بکات، هاتووە ئێمە فێربکات، چونکە ئەو مامۆستای مەزنی ئێمەیە، من زۆر خۆشحاڵ بووم بەم بەهایە، ئاستی زمانم بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند.

 

لە تەمەنی ٧ ساڵیدا شاهیدی کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا بوو

فەوزیە قیچۆ تیشکی خستەسەر نووسینی بیرەوەرییەکانی و کردی بە پەرتوک، وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو ئەمریکا ڕۆیشتم و پێش شۆڕش لەوێ هاووڵاتی بووم، چونکە کوڕەکەم لەوێ بوو، من دەچووم بۆ ئەمریکا و دەهاتم بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دواین جار کە چەند ساڵێک لە ئەمریکا مامەوە دەستم کرد بە نووسینی پەرتوکەکەم، من هەموو بیرەوەرییەکانم کۆکردەوە، بیرۆکەکەم هەبوو کە کار بە پێنووسەکەم بکەم، کوڕەکەم پێشنیاری کرد نووسینەکانم بکەمە پەرتوک و ئامادەکارییەکانی تەواوم کرد و گەڕامەوە ڕۆژئاوای کوردستان و پەرتوکەکەم بڵاوکردەوە، من ناتوانم لە غەریبی بمێنمەوە، ناتوانم دەست لە کۆمەڵگەکەم بەردەم بۆ خۆشیەکانم لەوێ، لەناو پەرتوکەکەمدا هەموو بیرەوەرییەکانی منداڵیم تا ئەمڕۆش نووسیوە و ناوی پەرتەکەکەم "بیرەوەرییەکانی ژنێکی کورد"ە، هەروەها لەناویدا باسم لە ئاگری سینەمای عامودا کرد، چونکە منیش منداڵ بووم و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا شاهیدی ئەو ڕووداوە بووم.