سنە، ڕۆژی سنە بە لەبەرکردنی جلی کوردی بەرز ڕاگیرا
ڕۆژی سنە بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوانی شاری سنە و بە لەبەرکردنی جلی کوردی لە ماڵی کوردی سنە بەڕێوەچوو.
سنە
ساڵی ٢٠١٨، ئەنجومەنی گشتی ڕۆشنبیری پارێزگای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ٢٦ی نیسانی وەک "ڕۆژی سنە" دیاریکرد، دوێنێ، سێ شەممە، بە مەڕاسیمێک کە ژنان، پیاوان، منداڵان و بەتەمەنەکان تێیدا بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بەشداربوون، ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگیرا.
٢٦ی نیسان، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی بڕیاری شا سەفییە بۆ حاکمی کوردستان، سلێمان خانی ئەردەڵان کە شاری سنە بنیاد بنێت، بەو بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لە شاری سنە، ساڵیادی دامەزراندنی شارەکە پیرۆز دەکرێت و دانیشتوانی شارەکە بە جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگەوە شەقامەکانی شار دەتەنن، هەروەها چەندین مەراسیمی هونەری و کلتوری بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵیش مەراسیمی ڕۆژی سنە لە ماڵی کوردی سنە بەڕێوەدەچێت، سەرەتای مەراسیمەکە بە کردنەوەی پێشەنگایەکی کارە کۆنەکانی شاری سنە لەلایەن فەرەیدون پەناهی، نمایشکردنی خۆشنووسی حەسەن ئەنجومەن و پێشکەشکردنی "سرودی سنە" لەلایەن فەرشید حسامی و چەند پارچە میوزیکێکی شادی کوردی.
هەر لە مەراسیمەکەدا چەندین چالاکی هونەری و ئاوازی کوردی پێشکەشکران، بڕیارە کار و چالاکییەکان ماوەی هەفتەیەک بخایەنێت.