"هێشتنەوەی کولتووری کورد و ناسنامەمان ئەرکی گەنجانە"

هەڵپەڕکێ مێژوو و ناسنامەی کوردە، دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی دەستگیرکردن و هێنانی دابوونەریتی بیانییەوە هەوڵی لێسەندنەوەی ناسنامەی کورد دەدەن، دیانا بۆزانیش دەڵێت: هێشتنەوەی کولتووری کورد و ناسنامەمان ئەرکی گەنجانە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەبوونی کولتوور لە هەر نەتەوەیەکدا شکۆی تایبەتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەیە، نەتەوەی کوردیش لە دێر زەمانەوە خاوەن هەبوونی چەندین هونەر و کولتووری خۆی بووە و بەردەوام لە هەوڵی پاراستنیدایە، هەڵپەڕکێی کوردی بەشێکە لە دابوونەریت و کولتووری کورد لە هەر جێگەیەکدا بن هەوڵی پاراستنی دەدەن.

 

هەڵپەرکێی کوردی لە چەندین شێوازدا خۆی دەبینێت، جۆرەکانی هەڵپەڕکێ لە هەڵپەڕکێی شای و جەنگ و شین و چەندین شێوازی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام داگیرکەرانی کورد لە ڕێگەی هێرش و هێنانی دابونەریتی بیانیەوە بەردەوام لە هەوڵی بنەبڕکردنی دابونەریتی کوردەواری دان لە هەر جێگەیەکدا بێت.

 

لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٤دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ناحیەی باغجیلار، ئەسەنیورت، سوڵتانغازی و غازی ئۆسمانپاشای ئەستەمبوڵ لە ئەنجامی هەڵپەڕکێ و گۆرانی وتنی هاوڵاتیانی کورد لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا، ١٨ هاوڵاتی لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرکران، هەروەها ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنی ١٨ هاوڵاتی ئەستەمبوڵ بەشێکی دیکە لە ژنانی گەنج پێکهاتبوون لە شەش ژن، بە هۆکاری دەرکەوتنیان لە گرتەڤیدۆیەکدا کە هەڵپەڕکێی کوردی دەکەن، دەستگیرکران.

 

"کورد لە ڕێگەی کولتوورەکانییەوە خۆی لە تەواوی جیهان دەناسێنێت"

دیانا بۆزان، مامۆستای هەڵپەڕکێ و شانۆکار، باس لەوەدەکات، کۆمەڵگەی کوردی بە چەندین چاند و هونەر دەناسرێتەوە، بە هۆکاری پارچەبوونی ناوچە کوردنشینەکان چەندین کولتووری جیاواز لە چوار پارچەی کوردستاندا هەیە، دەشڵێت: چەندین جۆر لە هەڵپەڕکێی کوردەواری هەیە و بە پێی ناوچە جیاوازەکان جیاوازییان هەیە، هونەر بەشێکی گرنگی هەموو نەتەوەیەکە، مانەوەی نەتەوەیەک بە مانەوەی کولتوورەکەیەوە پەیوەستە.

 

دیانا ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنانی کورد بۆ داگیرکردنی خاکە کوردنشینەکان بەردەوام لە پیلانگێڕیدان،لە ڕێگەی لەناوبردنی چاند و هونەری کوردییەوە هێرش و داگیرکارییەکانیان ئەنجام دەدەن، وتی: داگیرکاران لەڕێگەی لەناوبردنی کولتوور و هونەری کوردییەوە هەوڵی داگیرکارییەکانیان دەدەن، ڕێگری لە هونەرەکانی هەڵپەڕکێ لە ناوچە کوردنشیینەکان دەکرێت، لەلایەن داگیرکاران چالاکییەکان قەدەغە دەکرێن، هەتا ئێستاش لە بەشێک لە شارە کوردنشینەکانی باکووری کوردستاندا ڕێگری لە چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان دەکرێت، بۆیە هەوڵی مانەوە و هەبوونی کولتووری نەتەوەیەک لە ڕێگەی گەنجانەوە بەڕێوە دەبرێت.

 

"داگیرکەر بە پێی شێوازی کولتوورەکان هێرشمان دەکاتەسەر"

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا، هێرش و داگیرکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ لەسەر هەرێمی کوردستان، نەمانی زمان و کولتووری نەتەوەکەمانە، لە ڕێغەی بەکارهێنانی زمانی بیانی و هێنانی کولتووری جیاواز بۆ ناو منداڵان و گەنجان لە هەوڵی کاڵکردنەوەی کولتوورەکەماندان، دەشڵێت: ئێمەی کورد لە کۆنەوە چەندین کولتووری هەڵپەڕکێمان بۆ ماوەتەوە، دەوڵەتانی داگیرکەر بە هێنانە کایەی زمان و کولتوورە جیاوازەکانی جیهان دەیانەوێت داگیرکاری ئەنجام بدەن، منداڵان و گەنجان بێ ئاگا لە زیانەکانی دوای ئەو داگیرکارییە دەکەون، دەبێت ئێمەی گەنجان لە ڕێگەی هۆشیارییەوە کولتوور و دابونەریتی کوردەواری بپارێزین.

 

دیانا بۆزان لە درێژەی بابەتەکەدا جەختی لەوە کردەوە، نەتەوەی کورد لە چەندین کولتوور و هونەری جیاواز پێکدێت، یەکێک لە کولتوورەکانمان لە هەڵپەڕکێدا خۆی دەبینێتەوە، جۆرەکانی هەڵپەڕکێی کوردی لە چەندین شێواز پێکدێت، وتیشی: ئێمەی کورد چەندین زاراوە و شێوازی هەڵپەڕکێ و شێوازەکانی کولتوورمان هەیە، بۆیە دەسەڵاتی  داگیرکەر بە پێی شێوازی کولتوورەکەمان هێرشمان دەکاتەسەر، لە ٢٧ی تەمووزدا لە باکووری کوردستان لە ئاهەنگێکدا بەشێک لە بەشداربووان لەسەر هەڵپەڕکێی کوردی لەلایەن داگیرکەرانەوە دەستگیرکران، بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن هەبووونی هەڵپەڕکێیەک نابێتە هۆکاری دەستگیرکردنی چەندین کەس، بەڵام بڵاوبوونەوەی دابونەریتی کورد بە ناوچەی داگیرکەردا هۆکاری ترساندنی دەوڵەتی داگیرکەرە.

 

دیانا بۆزان، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، گەنجانی کورد لە ڕێگەی شانۆی کوردی و چەندین چالاکی دیکەی کوردییەوە دەتوانن کوردبوونی خۆیان بۆ تەواوی جیهان و داگیرکەر دووپات بکەنەوە، دەشڵێت: پێویستە گەنجان گرنگی بدەن بە کولتوور و دابونەریتەکانیان، بەردەوامبن لە خوێندنەوەی دابونەریتەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیان، ژنان لە کۆنەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی کولتووری خۆیان هەوڵیانداوە و بە بەردەوامیشیان زیاتر کورد و دابونەریتەکەی دەپارێزن.