بە وتنەوەی گۆرانی بۆ نەوەکانی دەیەوێت فۆلکلۆری کوردی لەناو نەچێت
ژنێک لە ڕێگای وتنی گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی دەیەوێت نەریتی هونەری زارەکی ئەدەبی کوردی، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی و لە لەناوبردن ڕزگاریان بکات.
مەدینە مەمەد ئۆغڵۆ
وان- بەسنا هازەر، کلتوری گۆرانی فۆلکلۆری کوردی لە دایکییەوە فێربووە و دەیەوێت ڕێچکەی دایکی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو کلتورە لەناو نەچێت و بۆ نەوەکانی دواتر بگوازرێتەوە و زمانی دایکی ون نەبێت.
دەنگبێژی کە هونەرێکی ئەدەبی زارەکی کوردییەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، تا ئێستا لە زاری ئەو ژنانەی گرنگی بە وتنی گۆرانی کوردی دەدەن دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی نوێ.
گۆرانیە فۆلکلۆرییەکان لەلایەن ژنانی گوندەوە دەوترێتەوە، لەبەردەم کوێستان، دەشت، چیاکان دەنگ دەداتەوە، دوای ئەوەی ئەم ژنانە لە گوندەکانەوە کۆچ دەکەن ئەو هونەرەیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە و بۆ شارەکانیان گواستووەتەوە، یەکێک لەو ژنانە بەسنا هازەرە، کە زۆربەی کاتەکانی بە ڕاهێنان و خۆفێرکردنی گۆرانی ڕەسەنی کوردی بەسەر دەبات.
"تاکە سەرچاوەی ئارامگرتنم"
بەسنا دەڵێت: "ئێمە پێشتر ئەو گۆرانیانەمان دەوت لە گوندەکەمان، لەوکاتەی دەڕۆیشتین بۆ دەشت و ئاژەڵداریمان دەکرد، بەڵام کە هاتووینەتە شار ئاژەڵمان نیە و ئەو خۆشیەی جارانی نییە، بەڵام ئەم گۆرانیانە تاکە سەرچاوەی خۆڕاگری منن، لە شاخی بەردەمم دەڕوانم و بە خۆشەویستییەوە دەیڵێم، یادی خۆم لە گوندەکەم و ڕۆژانی منداڵیم و دایکم دەکەمەوە، بۆیە وا لە منداڵ و نەوەکانم دەکەم ئەو کلتوورە کۆنە شارەزا ببن".
"زمانی دایکم لە هەموو شتێک جوانترە"
باسی لەوەکرد جگە لە کوردی زمانێکی دیکە نازانێت، بەڵام ئەگەر زمانێکی دیکەشی بزانیایە هێشتا بە زمانی ڕەسەنی خۆی گۆرانی دەوت، لە کۆتاییدا وتی: "چونکە ئەمە زمانی ڕەسەنی منە گۆرانی وتنی کوردی وام لێدەکات لە هەموو شتێک زیاتر هەست بە دڵخۆشی بکەم و حەزدەکەم بە زمانی ڕەسەنی خۆم بدوێم و گۆرانی بڵێم، قسەکردنی زمانێکی تر وا لە من دەکات کە هەست بە نامۆیی بکەم دەربارەی خۆم".