بە جلی نەتەوەیی کوردی یادی سلێمانی دەکرێتەوە
بڕیارە ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم، كە بە "یادی سلێمانی" ناسراوە، یادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی بە چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە خوێندنگە و فەرمانگەكان بكرێتەوە و جلی نەتەوەیی کوردی لەبەربکرێت.
ناوەندی هەواڵ
ساڵانە لەڕۆژی سلێمانیدا، كە دەکاتە ١٤ی تشرینی دووەم، ژمارەیەك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و لەفەرمانگە حكومییەكان و خوێندنگەكاندا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندكاران جلی كوردی دەپۆشن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە گشتاندنێكدا بۆ سەرجەم پەروەردەكان ئاماژەی بەوەكردووە، "بەبۆنەی یادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، كە دەكاتە دووشەممە ١٤-١١ ئاگادارتان دەكەین، كە ئەم یادە گەورەیە بە چالاكی لە ناو خوێندنگاكانتان بایەخی زۆری پێبدەن و ئامادەكاری باشی بۆ بكەن".
ساڵی ڕابردوو ٢٠٢١، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریدا بەدیاریكردنی ١٤ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بەڕۆژی یادكردنەوەی سلێمانی.
شاری سلێمانی، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ كۆتایی هات بە دروستكردنی لەلایەن ئیبراهیم پاشا میری بابانەكان لە نزیك ناوچەی سەرا، "سلێمانی" دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان و پاش ڕووخانی میرنشینەكەش لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شارەكە دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ و یەكێكە لە پارێزگا فراوانەكانی هەرێمی كوردستان.