بە هۆی گۆرانی وتنەوە شەش ساڵە لە زیندانە

هونەرمەند نودەم دوراک بە هۆی وتنی گۆرانی بە زمانی کوردی ماوەی ٦ ساڵە لە زینداندایە، نودەم لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و ئێستاش لە نێوان چوار دیواردا لەگەڵ سازەکەیدا ماوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شرناخ- ئەندامی گروپی هونەری کۆما سورخوێن، نودەم دوراک بەهۆی ئەوەی بە زمانی کوردی گۆرانی وتووە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخستندا دەستگیر دەکرێت و بە ماوەی ١٩ سال سزا دەدرێت، تا ئێستاش ٦ ساڵە لە زینداندایە.

نودەم ساڵی ٢٠١٥دا دەستگیر دەکرێت، سەرەتا دەبرێتە زیندانی ماردین و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی بایبورت لە پیتی M، لە زینداندا گۆرانی بۆ ئەو زیندانییانە دەڵێت کە لە هەمان قاوش لەگەڵیدان، نودەم لە منداڵییەوە دەست بە گۆرانی وتن دەکات و هەرزوو جێی خۆی لە دڵی خەڵکی بۆتانی باکوری کوردستاندا دەکاتەوە.

 

خولیای بۆ گۆرانی لە تەمەنێکی بچوکدا چەکەرە دەکات

نودەم دوراک لە خێزانێکی دەنگبێژدا لە ناوچەی باسان گەورە بووە، خولیای بۆ گۆرانی و میوزیک هەر لە منداڵییەوە هەست پێدەکرێت، خەونی مناڵیی نودەم ئەوە بوو ڕۆژێک بتوانێت ببێت بە گۆرانیبێژ و لەو بوارەدا کار بکات، ئەمەی بۆ باوکی باسکرد و تا لە ئامەد توانی خەونەکەی پێک بهێنێت، لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ناوەندی هونەری مەم و زین دەستی بە کارکردن کرد و پاشان لە گروپی کۆما سورخوێن دەست بە گۆرانی وتن دەکات.

بەهۆی ئەوەی لە میتینگ و بۆنەی نەورۆزدا گۆرانی دەوت لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کەیستی بۆ دروستکرا و لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستگیرکرا و سزای ١٩ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا.

 

کەمپەین بۆ ئازادکردنی نودەم ڕێکخرا

بۆ ئازادکردنی نودەم کە لە زیندانی پیتی Mی بایبورتدایە، پشتیوانی نێونەتەوەیی لە وڵاتی فەرەنساوە دەستی پێکرد، ئەو کەمپەینە پێش ساڵێک ڕاگەیەندرا و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە و وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئینگلتەرا، سەنیگال، جەزائیر، تونس و زۆر وڵاتی دیکە بەشداری کەمپەینەکە بوون، ڕووناکبیر، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، و زانایانی وەک ئەنجیلا داڤیس، نوام چۆمسکی، کین لۆچ، دەیڤد گرایبێر، پیتەر گابریل و ڕۆجێر واتەرس پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو کەمپەینە دەربڕیووە و داوای ئازادکردنی دەکەن.

 

"کچەکەم لە زینداندا چارەسەر ناکرێت"

دایکی نودەم باس لە بارودۆخی کچەکەی دەکات و دەڵێت ماوەی چەندین ساڵە زیندانی کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا: " لەبەر ئەوەی کچەکەم گۆرانی وتووە چەندین ساڵە لە زینداندایە و هەتا پێش مانگێک دەمتوانی بیبینم، بەڵام ئێستا تەنها دەنگی دەبیستم، کچەکەم نەخۆشی هەیە و لە ناو زینداندا چارەسەر ناکرێت".

 

"بە سازە شکاوەکەی هونەر پێشدەخات"

هاوژوورەکەی نودەم بە ناوی وەسیلە یوکسەم باس لە نودەم دەکات و دەڵێت خولیاکانی بۆ موزیک و گۆرانی لە زیندانیشدا بەردەوامە، دەڵێت: "نودەم بە هۆی گۆرانی وتنەوە ئیستا لە زینداندایە، بەڵام دەستدرێژیکاران و بکوژ و تاوانباران لە دەرەوەی زینداندان، نودەم گەنجە و زۆر لێهاتووە، بە دەنگە پڕ سۆزەکەی هەمیشە ئێمە دەگەیەنێتە خۆشترین جێگە، لە زینداندا ساز لێدەدات و گۆرانی دەڵێت، لە زینداندا هەڵبەست دەنوسێت و سەرباری دۆخی زیندان دەستی لە هونەرەکەی بەرنەداوە، سازەکەشی خراپ بووە بەڵام بە خۆشەویستییەوە ئێشتا دەیژەنێت".

 

ت.پ