لە ورمێ نمایشی شانۆی کوردی "طلای عروس مردە" کرا

مایدە دارلەکی دەڵێت: ئەکتەرە ژنەکانی شانۆی "طلای عروس مردە-زیڕین بووکی  مردوو" بە ڕۆڵەکانیان توانیویانە بەشێک لە کێشەکانی کۆمەڵگە و ئازارەکانی ئەمڕۆی ژنان ئەمڕۆ پیشان دەدەن.

بەهار گەوهەر

 

ورمێ- نەبوونی چوارچێوە و یاسایەکی دادپەروەرانە لە ژیانی هاوسەرگیریدا هەلومەرجێکی سەختی لە ئێراندا خوڵقاندووە و پێکهێنانی خێزان بووەتە بارگرانییەکی وا کە زۆر کەس ڕەتیدەکەنەوە پێکی بهێنن.

 

شێوازی تەقلیدی هاوسەرگیری دەستی بەسەر ئازادی ژندا گرتووە و دیاریکردنی مارەیی لە زۆر حاڵەتدا کێشە بۆ هەردوو ڕەگەز دروست دەکات، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بەهۆی گۆڕانکارییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە، چوارچێوەی هاوسەرگیری پێویستی بە یاساگەلێک هەیە کە ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینە بەدیبهێنێت، چونکە هۆشیاری و ئارەزووی ژن بۆ دادپەروەری چیتر سیستەمی پیاوسالاری قبوڵ ناکات و ئەگەر سەردەمانێک ئەم دۆخە بۆ ژنان نادادپەروەرانە بووبێت، ئێستا لە هەموو لایەنەکانی هاوسەرگیریدا زیانی گەیاندووە، تەنانەت بۆ پیاوانیش، ئەویش ڕەنگە دەرکەوتنی ئەو باوەڕە بێت کە ئازادی کۆمەڵگە لە ئازادی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

شانۆی ""طلای عروس مردە-زیرین بۆکئ مردوو" ئەم برینانە دەخاتە سەر تەختەی شانۆ و بوونی ژنان لە شانۆی کوردی ورمێدا ئازارەکانی ژن و کۆمەڵگە و کولتوور و نیشانەی هۆشیاری و پێشکەوتنی ئێستای کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات.

 

مایدە دارلەکی، ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆی کوردی، کە لە شانۆکەدا وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێڕاوە، بۆ نوژنها دوا و وتی: شانۆی کۆمیدی "زێڕین بووکی مردوو" لە نووسینی ڕەسوڵ بەنگین و دەرهێنانی تۆراج پاکپوورە بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ لە هۆڵی شەمسی کۆمەڵگەی فەرهەنگی ورمێ نمایش دەکرێت، لەم نمایشەدا کۆی گشتی ١٠ ئەکتەر (٥ ئەکتەری ژن و ٥ ئەکتەری پیاو) ڕۆڵ دەبینێت کە پێکدێن لە من و ماهین ئەنجام، زەهرا ڕەشیدی، ئەرزوو ئەسەدی، ئێرفان سۆهەیلی، کیا عەبدەوی، ئەمیر گۆڵشانی، سامی حەمیدی و تۆراج پاکپوور.

 

مایدە دارلەکی باسی لە شانۆکە کرد و وتی: لەم نمایشەدا باس لە کێشەکانی هاوسەرگیری گەنجان دەکرێت، کە توندییەکانی ئێستای کولتووری دەسەڵاتدار و بنەماڵەی بووک و زاوا چی بۆ گەنجان دەهێنن، کە لە کۆتاییدا بە چەسپاندنی بناغەی خێزان و دەسەڵاتی ژن و مێردێک بۆ کۆبوونەوە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و کێشەکان کۆتایی دێت، بە فۆرماتێکی سادە هەوڵی گەیاندنی کێشەکانی گەنجان لە بارودۆخە سەختەکەی ئەمڕۆدا بە ئامادەبووان دەدەین، ژنە ئەکتەرەکانی ئەم شانۆیە توانیویانە بەشێک لەو کێشانە پیشان بدەن بە ڕۆڵگێڕان لە ئازارەکانی کۆمەڵگە و ئازارەکانی ژنانی ئەمڕۆ.