ڕادیۆی بەغداد، وێستگەیەک بۆ دەنگی کوردی

دیار نییە کە یەکەمین ژنە بێژەر لە رادیۆی بەغداد کێیە بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە "قومرییە" کە خوێندکاری ئامادەیی بووە یەکەم ژنە بێژەری ڕادیۆی بەغداد بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

مێژووی ئاشنا بوونی کورد بە ڕادیۆ بۆ ساڵی ١٩٢٥ دەگەڕێتەوە، یەکەم ڕادیۆ بە شێوەزاری کرمانجی لە کۆماری ئازەرباینجانی جاران پەخشی دەکرد، دواتریش لە ساڵی ١٩٣٩ رادیۆی بەغداد بەزمانی کوردی کرایەوە، لە دواتریشدا لە چەندین وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادیۆی کورد کراونەتەوە کە هەریەکەیان لەلایەن دەوڵەتێکەوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان دروستیان کردووە بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٤١ بەریتانییەکان لە دژی ئەڵمانیای نازی بەشی کوردی لە ڕادیۆی یافا-یان کردۆتەوە و گۆرانی شاعیر و ڕافیق چالاک کاریان تێدا کردووە، هەتا لە ساڵی ١٩٦١ یەکەم ڕادیۆی شۆڕشی کورد بەناوی "دەنگی کوردستانی عێراق" لە ناوچەی شارباژێڕ کرایەوە و زمانحاڵی شۆڕشی ئەیلول بوو، لە ساڵی ١٩٧٩ کاتی شۆڕشی نوێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕادیۆی "دەنگی شۆڕشی عێراق"یان وەک ڕاگەیاندنێکی تایبەت بە خۆیان کردووە، لە دواتریشدا ناوەکەی گۆڕا بۆ "ئێزگەی دەنگی گەلی کورستان"، پاشان پارتەکانی دیکە رادیۆی تایبەت بە خۆیان کردەوە.

ڕادیۆی بەغداد، لانکەی مۆسیقای کوردی

ئەو ڕادیۆیەی لانکەی لەدایکبوونی مۆسیقا و ناساندی هونەری کوردییە، ڕادیۆی بەغدادە، ئەم ڕادیۆیە لە ٢٩ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٣٩ لە بەغدادی پایتەختی عێراق دامەزراوە  و بە زمانی کوردی دەستی بە پەخش کردووە، لە ساڵی ١٩٣٩-١٩٤٠ تەنیا هەواڵەکان پەخشکراوە بۆ ماوەی ١٥ خولەک، لە ساڵی ١٩٤١ هەواڵ، دیالۆگی سیاسی و سترانی سەر قەوانیان بڵاوکردۆتەوە، دوای ساڵی ١٩٤٢ بابەتەکان زیاتر بەرفراون بوون و هەتا داخستنی ڕادیۆکە ماوەی پەخشێ ١٨ کاتژمێر بووە، ئامانجی بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد ئەوە بوو کە پەیوەندی لە نێوان کورد و عەرەب زیاتر پەرەپێبدەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی کەمی ڕۆژنامە و چاپەمەنییەوە دروست ببوو.

ژن لە ڕادیۆی بەغداد

گوێگرانی ڕادیۆی بەغداد لە هەموو چین توێژێک بوون، لە زاری یەکێک لە گوێگرانی ڕادیۆی بەغدادەوە ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی ١٩٥٣دا لە شاری سلێمانی ١٠٠٠ ڕادیۆ هەبووە، بەڵام لەناو ڕادیۆی بەغداد بۆشایەکی گەورە هەبووە کە ژنان نەیانتوانیوە وەک بێژەر و پێشکەشکار لە ناو ڕادیۆکەدا کار بکەن، ئەمەش بە هۆی کلتور و دابونەریتەوە نەیانتوانیوە تێکەڵ بە ڕادیۆ ببن، لەسەرەتادا تەنیا دوو ژن وەک گۆرانیبێژ گۆرانییەکانیان بەشێوەی قەوان لە ڕادیۆی بەغداد پەخشکراوە، ئەوانیش مریەم خان و "دایکی جەمال"ە، لە دواتردا کارمەندانی ڕادیۆکە بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆ شاییە خوشک و هاوسەرەکانیان کردووە بە بێژەر و پێشکەشکار، بەرنامەی تایبەت بە ژنان و منداڵانیان پێشکەشکردوە.

ژنە بێژەرەکانی ڕادیۆی بەغداد

هەتاکو ئێستا دیار نییە کە یەکەمین ژنە بێژەر لە رادیۆی بەغداد کێیە بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە "قومرییە" کە خوێندکاری ئامادەیی بووە یەکەم ژنە بێژەری ڕادیۆی بەغداد بووە، ماوەی سێ بۆ چوار مانگ کاری کردووە، لە دوای ئەو "نەسرین فەخریی، لوتفییە قەزاز، کامیلە ئەمین یامەلکی و سروە کەریم"، بەرنامەیان پێشکەش کردووە.

لوتفییە قەزاز لە ١٩٥١-١٩٥٢دا هەفتانە دوو جار بۆ ماوەی ١٠ خولەک وتاری "بەشی ئافرەتانی" پێشکەش کردووە، باسی لە چۆنییەتی پەروەردەکردنی منداڵ کردووە، کامیلە یامەلکی-ش لە بەرنامەیەکی ١٠ خولەکی تایبەت بە ماڵداریی و پەروەردەکردنی منداڵانی پێشکەش کردووە، سروەش یەکێکی ترە لە پێشکەشکارەکان و لەبەشی منداڵاندا کاری کردووە و چیرۆکی بۆ منداڵان خوێندۆتەوە.

 

ت.پ