باخان ئازاد: لەبەرئەوەی گەندەڵیم ئاشکراکردووە بوومەتە پزیشکی پەراوێزخراو

پزیشکێک گەندەڵییەکانی لە نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجەدا دەکرێت، دەخاتەڕوو، دەشڵێت لەبەر ئەوەی باسی ئەو گەندەڵیانەم کردووە دوورخراومەتەوە، بە گرنگیشی دەزانیت هەرچی زووە ئەو دۆخە چارەسەر بکرێت چونکە ژیانی هاوڵاتیانی ‌هەڵەبجە لە مەترسیدایە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجە پزیشک باخان ئازاد، پزیشک لە نەخۆشخانی عەنەب لە هەڵەبجە لەپێناو خەمی هاوڵاتیانی هەڵەبجە و گەڕانەوەی ماف بۆ تاکی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لەو گەندەڵیانە کرد کە لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا دەکرێت و لایەنی پەیوەندیدار لێی بێدەنگە.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا باخان ئازاد پەیامەکەی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لایەنە سیاسیەکان کرد تا ئاوڕ لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە بدەنەوە، ئاماژەی بەوەشدا لە نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجەدا نەخۆش بەبێ پزیشکی پسپۆڕ، بەنج دەکرێت، نەشتەرگەری بە شێوەی نیمچە تایبەت دەکرێت و پارە لە خەڵک وەردەگیرێت، ئەوپارەکەیەش بۆ گیرفانی پزیشکەکانە نەوەک حکومەت، بۆیە خەڵکی هەڵەبجە لە مەترسیدایە و دەبێت هەرچی زووە ئەو گەندەڵیانە بنەبڕ بکرێت.

 

پزیشک باخان گەندەڵییەکان باس دەکات

پزیشک باخان چەندین گەندەڵی خستە ڕوو کە لە نەخۆشخانەکاندا دەکرێت، لەوانە ئاماژەی بەوەدا نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجە پزیشکی بەنجی لێنییە و لەلایەن دوو پزیشکی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیەوە بێدەنگەی لێدەکرێت، لە دوای دەوامی ئاساییەوە نەشتەرگەری دەکرێت و پارە لە نەخۆشەکان وەدەگیرێت، ژمارەی نەشتەرگەرییەکان دیاریکراوە و بەپێی ڕێنمایی تەندروستییە نابێت بە ئارەزووی پزیشک نەشتەرگەری بکرێت، هەموو ئەمانە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییە و دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا بە ئارەزووی پزیشک نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت، کە ئەمە گەندەڵییە، لەکاتێکدا پێویستە نەشتەرگەری فریاکەوتن ئەنجامدرێت بەڵام ئەنجامی نادەن و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەکرێت، وتیشی: ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەمان لە بەردەستە داومانەتە دەست داواکاری گشتی و ناوی ئەو کەسانەشی تێدایە کە بە ناوی پزیشکی بەنجەوە نەخۆش بێهۆش دەکات، یاخود پەنجەمۆر بە کەسوکاری نەخۆش دەکەن بێ ئەوەی پزیشکی بەنجی پسپۆڕ ئامادە بێت.

 

بە ملیۆنان پارە دەدزرێت

یەکێکی دیکە لە گەندەڵییەکان کە خرایەڕوو ئەوەیە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی بەرپرسی کەرتی تەندروستی هەڵەبجەوە پارەی حکومەت بە ئەدزرێت بەو واتایەی گەر لە ماوەی مانگێکدا بە نرخی ۱۲۰ ملێۆن دینار پارە وەربگیرێت، تەنها چل ملیۆن دیناری بۆ وەزارەت دەگەڕێتەوە، لەو مانگەشدا تەنها چل دۆسیە دەنێرن بۆ ئەوەی تەنها بڕی یەک لەسەر چواری بگەڕێتەوە بۆ حکومەت، واتە دە ملیۆن بۆ حکومەت و سی ملیۆن بۆ ئەو ستافەی نەشتەرگەری کردووە، پاشان ئەو داهاتە دیارنامێنێت و ژمارە ڕاستیەکەش نازانرێت لە کوێیە.

 

باسی لە کوالیتی دەرمان کرد لە بەڕێوەبەرایەتیەکە کرد کە زۆرینەی بەسەرچووە و لە سەروبەندی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا جۆرە دەرزیەکییان هێناوە کە مۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێوە نەبووە و دراوە لە هاوڵاتیانی هەڵەبجە.

 

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا ئێمە هەموو بەڵگەیەکمان لەبەردەستدایە و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار کراونەتەوە، داواکارین سەرجەم لایەنەکان بێنەدەنگ و ناکرێت کەرتی تەندروستی بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی تاکەکەس.

 

ت.پ