ژینگەی قوتابخانەیەک ئاسوودەی بە قوتابییەکانی بەخشیوە

قوتابخانەیەک لە سەراوی سوبحان ئاغا لە سەیدسادق ڕێژەی سەوزایی تیایدا زیادکراوە و کراوەتە باخچەی پڕ سەوزایی و چەندین بەرهەمی میوەی تیادایە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- قوتابخانەی شەم لە سەراوی سوبحان ئاغا لە سەیدسادق لە ناوەندێکی خوێندنی بێ سەوزاییەوە کراوەتە ناوەندێكی پڕ لە سەوزایی و باخچە و چەندین بەروبومی وەک هەنار و هەنجیر و زەیتوونی تێدا چێنراوە و ساڵانە بەروبوومەکانی دەفرۆشنەوە و داهاتەکەشی لە خزمەتی قوتابخانەکەدا بەکاردەهێنرێتەوە.

 

تارا تەها، مامۆستا لە قوتابخانەی شەم، باسی لەوەکرد کە ژینگە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مرۆڤ هەیە بە تایبەت لە ڕووی دەروونیەوە جا ژینگەیەک داخراو بێت جیاوازە لە ژینگەیەکی تر و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵانیش.

 

بەرووبومەکان مایەی داهاتی خوێندنگاکەمانن

مامۆستا تارا باس لەوە دەکات کە باخچەی قوتابخانەکەیان بەرووبومی تیادایە و سەرجەم بەرووبوومەکە کۆدەکەنەوە و لە بازاڕدا ساغ دەکرێتەوە، دواتر داهاتەکەی بۆ پێداویستیەکانی قوتابخانەکە و قوتابیەکان بەکاردەهێننەوە، ڕووبەری سەوزایی زۆریش وادەکات خوێندکار و مامۆستا ئاسودە بێت.

 

سۆزان سەرکەوت، مامۆستایە و باسی لەوە کرد کە جیاوازی ژینگەی ئەم قوتابخانە لە قوتابخانەکانی تر بوونی ڕێژەیەکی زۆر سەوزاییە، "شوێنەکەشی گونجاوە و توانیومانە ژینگەیەکی تەندروست بۆ منداڵ بڕەخسێنین، بۆیە ئومێدمان بەوە هەیە کە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکان لە منداڵی قوتابخانەکانی دیکە جیاواز دەبێت".

 

مامۆستایان و خوێندکاران دڵخۆشن بەو ژینگەی کە تیادا پەروەردە دەبن و هیواخوازن ساڵ بە ساڵ ژینگەیان بەرەو سەوزتر بڕوات.