ڕەنگە ناشتنی دار لەپێناو گۆڕانی کەشوهوا زیان بگەیەنێت

زانایان باس لە کاریگەرییەکانی ناشتنی هەزاران دار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ناشتنی دار بە هەڕەمەکییانە و بێ زانیاری دەکرێت زیانی هەبێت نەک سود.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ڕزگارکردنی ژینگە لە کاریگەرییەکانی گۆرانی کەشوهەوا، پەنا بۆ ناشتنی نەمام و دار دەبرێت، بەڵام ناشتنی ملیارەها نەمام بەس نییە بۆ ڕزگارکردنی کەشوهەوا، دارەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوا هەڵدەمژن و ئۆکسجین دەردەکەن کە هاوسەنگی لە نێوان گازەکانی هەوادا دەپارێزێت، جگە لەوەی دارەکان ژینگەیەکی گونجاون بۆ زۆرێک لە زیندەوەران.

 

بەپێی راپۆرتێکی دوچەوەلەی ئەڵمانی دارستانەکانی جیهان ساڵانە نزیکەی ١٦ ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن، کە سێ ئەوەندەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە کە لە ئەوروپادا دەردەکرێت، بەڵام ڕووبەری دارەکان لە دارستانەکاندا ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیۆن هێکتار لە کەمبوونەوە دایە، بەهۆی بەردەوامی داربڕین و فراوانکردنی ناوچەی کشتوکاڵی و سوتانی دارستانەکان و کاریگەری دیکەی دەستکرد.

 

بۆ کەمکردنەوەی زیانی بڕینەوەی دارستانەکان، ساڵانە هەڵمەتی ناشتنی ملیارەها نەمام لەلایەن زۆرێک لە حکومەتەکانی جیهانەوە دەستپێدەکات، بەڵام زانایان ئاماژەیان بە زیانەکانی هەڵە ناشنی نەمام و دارەکان کردووە لەسەر ژینگە، زانای ئیکۆلۆژی کەیت هاردویک، لە بانکی تۆوی هەزارەیی سەر بە باخچەی ڕووەکی شاهانە دەڵێت، شتە باشەکە ئەوەیە کە خەڵکی گشتی بیر لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەنەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دارستانکردن تەنها بەشێکە لە چارەسەرەکە.

 

دارەکان غاز لە بەرگە هەواوە دەمژن، بۆیە زانایان بیر لەو بارەی دارەکان دەکەنەوە، بەپێی توێژینەوەیەک، دارەکان دەتوانن ساڵانە بڕی غاز لە نێوان ٤٠ ملیار بۆ نزیکەی ١٠٠ ملیار تۆن غاز هەڵبمژن، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە دارە نوێیەکان دەگەنە پێگەیشتن، کە دەیان ساڵ دەخایەنێت، مرۆڤەکان ساڵانە نزیکەی ٤٠ ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینییەوە بەرهەمدەهێنن.

 

سوزان کوک پاتۆن، زانای نۆژەنکردنەوەی دارستانەکان لە ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی دەڵێت، بەدەستهێنانی ژمارەیەکی ورد لەو بڕە گازەی کە دارەکان لە هەواوە دەیکێشن زۆر قورسە، چونکە ڕەنگە بڕەکەی زۆر جیاواز بێت بەپێی شوێنی دارەکان. سوزان پشتڕاستی دەکاتەوە، دارستانکردن "بژاردەیەکی بەهێزە"، بەڵام هەڵنەبژاردنی شوێنی گونجاو بۆ دارستانکردن و پلاندانان بۆ پرۆسەکە بە ڕوونی، ڕەنگە ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی گەورەی سەرچاوەکان.

 

کاریگەری نەرێنی دارستانکردن

بە وتەی زانایان باشترە خاکی ئەو ناوچانە بپارێزرێت کە دارەکان بە شێوەیەکی سروشتی گەشە دەکەن و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دار نەچێنرێت، چونکە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت، هەروەها ناشتنی درەختی ناڕەسەن، كە لە ناوچەكانەوە دەهێنرێن كە تایبەتمەندی خاكی جیاوازیان هەیە، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەو خاكەی کە تیایدا چاندراوە.

 

زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە یاسای زێڕین سەبارەت بە دارەکان بریتییە لە پاراستنی دارستانەکانی ئێستا و زیادکردنی ژمارەی دارە ڕەسەنەکانی خاک و ناوچەکە تیایدا.