بارە توندەکانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر پێست هەیە

گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پێستی مرۆڤ هەیە، توێژەران باس لەوەدەکەن کە، دیاردە توندەکانی کەشوهەوا، چ گەرم بێت یان سارد، کاریگەرییەکانی نەرێنییە لەسەر نەخۆشییەکانی پێست.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی وەک لافاو و باران و وشکەساڵی، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی پێست هەیە و و مەترسی بەرکەوتن بە نەخۆشییەکانی پێست زیاد دەکەن، ئەمەش لەلایەن پزیشکانی پێست لە زانکۆی ڤاندەربیڵت لە ئەمریکا پشتڕاستکراوەتەوە.

 

توێژەران لە پێداچوونەوەیان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ توێژینەوەی پزیشکی، بۆیان دەرکەوتووە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستاوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست، بە تایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوودا یان ئەو کەسانەی کە لە ناوچە هەژار و پشتگوێخراوەکاندا دەژین لە ڕووی چاودێری تەندروستیەوە.

 

توێژەران سەرنجیان لەسەر کاریگەریی لافاوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان چڕکردووەتەوە، کە ئاوی وەستاو و پیس و گەرما و شێداری هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشەی هەوکردنی پێستی وەک ئەگزیما، زیپکە، و قارچکی پێست بوون.

 

بەپێی وتەی پزیشکانی پسپۆڕی و جوانکاری، ئەو ئاوەی پیس دەبێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێست هەیە، بەو پێیەی لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری لەش، هەروەها هەستیاری، و هەوکردنی بەکتریایی دروستبکات، بۆیە پزیشکانی پێست ئامۆژگاری بەکارهێنانی مادەی شێدارکەرەوە و دژەخۆر و ڤیتامینەکان دەکەن کە پارێزگاری لە پێست دەکەن، جەختیانکردووەتوە لەوەی پێویستە گرنگی بە ماددە خۆراکییە چەورەکان لە وەرزی زستاندا و دەرمانە پارێزەرەکانی پێست بدرێت.