لوتکەی کەشوهەوا لە میسر دەستیپێکرد و باس لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات

لەکاتێکدا جیهان بە دەست گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنێت لە میسر لوتکەی کەشوهەوا دەستیپێکرد و باس لە چارەسەرییەکان بۆ کەشوهەوا دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٧ەمین کۆنفرانسی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا-COP27 دوێنێ، ٦ی تشرینی دووەم لە شاری شەرم شێخ لە وڵاتی میسر دەستیپێکرد و بڕیارە تا ١٨ی مانگ بەردەوام بێت، تیایدا نزیکەی ١٩٠ کەسی جیهانی لە سەرکردە، سەرۆکی حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە ژینگە و کەشوهەوا و کاروباری دارایی بەشداری تێدا دەکەن

 

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ٣ دانیشتنی ئاستی باڵا بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا سەرکردە بەشداربووەکان وتار پێشکەش دەکەن و باس لە هەوڵەکانی وڵاتەکانیان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و دوورکەوتنەوەیە لە کارەساتە وێرانکەرەکان، ئەم کۆنفرانسەش لەکاتێکدا دەبەسترێت کە بانگەوازەکان بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ قەرەبووکردنەوەی هەژارترین و بەرکەوتووترین وڵاتەکان کە بەرکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوان، لە بەرزبوونەوەدایە.

 

پێشبینی دەکرێت زۆربەی گفتوگۆکان لە COP27 پەیوەندی بە وێرانبوون، زیانەکان و سندوقەکانی قەرەبووکردنەوە هەبێت، کە لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە بۆ وڵاتانی کەمداهات و بەرکەوتەی گەورەترین مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوون، دابین کراوە.

 

جێی ئاماژەیە لە ئێستادا هەموو تیشکەکان خراوەتەسەر ئەوەی، کە ئایا دەوڵەتانی دەوڵەمەندتر ڕازی دەبن بە فەرمی پرسی قەرەبووکردنەوە بخەنە بەرنامەی کاری وڵاتەکەیانەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت دیپلۆماتکارانی زیاتر لە ١٣٠ وڵات هانی دروستکردنی میکانیزمی ئاسانکاری دارای بدەن کە تایبەتن بە زیانەکان لە لوتکەی کەشوهەوا-COP27دا.