هەوڵی ڕێگریکردن لە لەناوچوونی نەهەنگە سپییەکانی ڕووباری سێن دەدرێت

دەزگا فریاگوزارییەکان و پسپۆڕانی ژینگەی فەرەنسی مەترسییەکانی لەناوچوونی نەهەنگە سپییەکانی ڕووباری سێن دەخەنەڕوو و هەوڵی ڕێگریکردن دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگاکانی فریاگوزاری فەرەنسا و پسپۆڕانی ژینگە لە هەوڵی هەڵسەنگاندنی تەندروستی نەهەنگی سپی دان کە لە ڕووباری سێن گیانیان لەدەستداوە و هەوڵی دۆزینەوەی بژاردەکانی ڕزگارکردنیان دەدەن بەو پێیەی بەزۆری لە ئاوە ساردەکانی جەمسەری باکووردا دەژین.

 

ئیزابێل دۆرلێت، بەرپرسی ئیدارەی پارێزگای یۆری رایگەیاند، نەهەنگی سپی بێلوگا رۆژی چوارشەممە بینراوە و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاریەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێری کراوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە لە جوڵە کەوتووە و لە نێوان دوو ناوچەی ڕووبارەکەدا گیری خواردووە.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا دەرکەوتووە کە نەهەنگەکە بە هێواشی مەلە دەکات و جەستەی ڕاستەوخۆ لە ژێر ئاوەکەدایە و بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوەی هەناسە بدات، هێشتا ڕوون نییە بۆچی نەهەنگەکە ئەوەندە لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی خۆی دوور کەوتووەتەوە، کە دەیان کیلۆمەتر لە ڕێڕەوێکی ئاوی قەرەباڵغی خۆیاندا دوورە.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە کە چاودێری نەهەنگەکە دەکات، رایگەیاندووە، ئێستا کاری گرنگ ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستی نەهەنگەکە بکرێت پێش ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە دەستوەردان بکرێت یان نا.

 

لە کۆتایی مانگی ئایاردا، نەهەنگێکی نەخۆش بەهۆی هۆکاری سروشتییەوە گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە خێزانەکەی جیابووەوە و دەیان کیلۆمەتر بەرەو ڕووباری سێن دوورکەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەهات کە هەوڵەکان بۆ ڕێنماییکردنی گەڕانەوە بۆ دەریا شکستیان هێنا، دوای مانگێک نەهەنگێکی دیکە بە درێژی ١٠ مەتر لە ڕووباری سێن بینرا کە پێدەچێت نەهەنگی جۆری مینکە بێت، تەندروستی نەهەنگەکانیش بووەتە جێگەی مەترسی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن پارێزەرانی ژینگەی فەرەنسییەوە لەپێناو مانەوەیاندا.