گەرمیان، ژنانی ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە ڕێگریان لێدەکرێت

ڕێگری و توندوتیژی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن بەردەوامە و بەرزبوونەوەی ئامارەکانیش نیگەرانی لای ڕۆژنامەنوسانی ژن دروستکردووە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: دەسەڵات ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- بەرەو پێشبردن و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسی لە کارە هەرە لە پێشینەکانی هەموو حکومەتەکانە، بەڵام لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە حکومڕانیان باش نییە و پڕ لە گەندەڵییە و زۆربەی مافەکانی مرۆڤی تێدا پێشێلدەکرێت، گرنگی بە هیچ بوارێک نادرێت، بە تایبەت مافی ڕۆژنامەنووسی، جگە لە پێشێلکردنی مافەکانیان ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، کاتێک ڕەخنەیەک لە دەسەڵاتەکەیان دەگرن یان لەلایەن کۆمەڵگەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەم دۆخەش بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن زیاترە، چونکە هەم دەسەڵات و هەم ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بەربەستی  بەردەمیانە.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس لە لایەن کۆمەڵگەوە قبوڵکراو نین"

زریان محەمەد، ڕۆژنامەنووس، باسی لەو ڕێگری و ئاستەنگیانە کرد، کە دێتە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسان و وتی: توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان لە دوو بواردا خۆی دەبینێتەوە، یەکەمیان کۆمەڵگەیە، دووەمیان لایەنی فەرمیە لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکاندا، زۆرجار کاتێک ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسی ژن ڕەخنەیەک لە دەسەڵات دەگرێت یان بەشداری ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانێک دەکات، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، هەروەها لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی گشتی ژنان قبوڵکراو نین بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، بۆیە زۆرجار توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و ئەو دیاردەیە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

 

"توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیادیکردووە"

زریان محەمەد ئاماژەی بە هەڵکشانی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کرد و وتی: لە کاتێکدا دەبوو ئەمساڵ ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووی لە کەمی بکردایە، بەڵام بەداخەوە ئامارەکان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا زیادیکردووە، ئەگەرچی توندوتیژییەکە ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسەکە کرابێت یان دەست بەسەر ئامێرەکانیدا گیرابێت، تەنەنەت خودی دەزگاکانیش مافەکانی ڕۆژنامەنووس پێشێلدەکەن، ئێمە وەکو ڕۆژنامەنووسان نیگەرانین لە بەرزبوونەوەی ئامارەکان، هەرچەندە لەگەڵ چەندین ڕێکخراودا گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ڕێگە چارەیەک نەگیراوەتە بەر.

 

"سکاڵا نەکردنی ڕۆژنامەنوسان ئامارەکان کەمتر دەردەخات"

زریان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئیدارەی گەرمیان بەراورد بە ناوەندی پارێزگاکان کەمترین دەزگای ڕاگەیەندن هەیە، بۆیە کەمی ژمارەی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکان ئامارەکانی کەمتر کردووەتەوە، هەروەها هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، ئامادەنین سکاڵا تۆمار بکەن، ئەمەش ئامارەکانی هەرێمەکە کەم دەکاتەوە.

 

"ڕێگری خێزانەکەن حەزی ژنانی بە داخراوی هێشتوەتەوە"

زریان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان لە کاری ڕۆژنامەنووسی بێت یان هەرکارێکی تر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بە تایبەت لەلایەن کۆمەڵگەوە، چونکە پێیانوایە ژنان کارێک دەکەن کە دژی ئەقڵیەتی کۆمەڵگەکەیانە، وە ئەو ژنانەشی هاتوونەتە دەرەوە بۆ کارکردن ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە و گلەیی بونەتەوە و تەنانەت هەندێکجار لەلایەن خێزانەکانیانەوە هێرشیان کراوەتەسەر.

 

"پەیامنێری مەیدانی زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە"

زریان محەمەد ڕوونی کردەوە، کە زیاتر پەیامنێرەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەچاو پێشکەشکارەکاندا، بەو پێیەی کە زیاتر لە دەرەوە دەبن و بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ هەموو کەسێکدا، بەڵام پێشکەشکاران هەر لەناو دەزگاکاندا دەمێننەوە و کار دەکەن، هەربۆیە کاری پەیامنێرەکان قورسترە و ئەرکی سەر شانیان زیاترە.

 

هەروەها وتیشی: ژنان دەبێت خۆیان بسەپێنن لە هەموو بوارەکاندا، کۆمەڵگەی ئێمە لە هەموو بوارەکاندا هەقی تەواوی نەداوە بە ژنان، بۆیە ژنان دەبێت لە هەموو بوارێکدا بە گفتوگۆ و تێگەیاندنی بەرامبەریان کار لەسەر بابەتەکان بکەن، بە تایبەت لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا کە ژنان دەتوانن جێ پەنجەی خۆیان جێبهێڵن.