لە ١٣٤ ڕۆژی کۆبانێوە: پێکەوە ئازار و شادیمان بەڕێکرد

کەلیمە دەمیر شایەدحاڵی ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی کۆبانێ بوو، بە سۆز و خۆشییەوە دەڵێت لە ساتەکانی ڕزگارکردندا، خۆشی و ئازارێکی بێکۆتایی دڵی داپۆشیبوو.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- شاری کۆبانێ کە یەکێکە لە بچووکترین ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لە گەورەترین بەرخۆدانی تیرۆر لە سەدەی ٢١دا کرد، ئەو شەڕەی لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ دەستی پێکرد، لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. شایەتحاڵانی ئەو خۆڕاگرییە مێژووییە هەزاران ڕووداو و یادەوەری و ساتیان لە یادەوەری خۆیاندا هێشتوەتەوە کە دەتوانن بۆ نەوەکانی داهاتوو بیگێڕنەوە.

 

کەلیمە شەوکەت دەمیر، ٤١ ساڵە و لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە شاری کۆبانێدا گەورە بووە، کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوەندی شاری کۆبانێ، کەلیمە دەچێتە باکووری کوردستان، دوای دوو ڕۆژ دەگەڕێتەوە بۆ ناو شەڕ و بە ئیرادە و بوێرییەکی زۆرەوە کاری شەهیدان ئەنجام دەدات، بەهۆی کارەکەیەوە کەلیمە تێکۆشەر و شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و شەهیدان دەبینێت، دوای ٨ ساڵ لەم بەرخۆدانە، شەڕی کۆبانێ لە بیری کەلیمەدا ماوەتەوە.

 

"شەڕی کۆبانێ پیلانێک بوو"

کەلیمە دەمیر ئاماژەی بەوەدا کە "ئەو شەڕەی لە کۆبانێ ڕوویدا دەکرێت ناوی بنێین شەڕی پاراستنی ژیانی گەلی کورد" و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ پیلان بووە و وتی: دەوڵەتی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، لە کاتی هێرشەکانی سەر کۆبانێ لە هەموو لایەکەوە پشتیوانی داعشی کرد، هەربۆیە دەڵێم سەرۆکی ئاکەپە، ئەردۆغان گەورەترین سەرچەتەیە و دەیەوێت خەلافەتی داعش بکاتە هەمیشەیی، ئەمەش لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانیدا پشتڕاستکرایەوە، داعش لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا لە سێ لاوە کۆبانێی گەمارۆدا، تەنها باکووری کوردستان کراوە بوو و خەڵک پشتیوانی دەکرد، لەو کاتەدا ئەردۆغان ماوەی ٤ کاتژمێری بە چەتەکان دا تا هەموو کۆبانێ بگرن، بۆ ئەوەی ئەو خەڵک و شەڕڤانانەی لە کۆبانێ ماونەتەوە بتوانن بچنە باکووری کوردستان و تورکیا، بۆیە ئەردۆغان بە متمانەیەکی زۆرەوە وتی؛ کۆبانێ کەوت و دەڕوخێت. بەڵام بە بەرخۆدان و قارەمانێتی یەپەژە و یەپەگە و کەتیبە نیشتمانپەروەرە جۆراوجۆرەکان، کۆبانێ نەکەوت و لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٥ سەرکەوتنی ڕاگەیاند، لە کۆبانێ تێچووی زۆر قورس درا، تەنانەت دەتوانرێت بڵێین خوێنی گەنجانی چوار پارچەی کوردستان و گەنجانی نێودەوڵەتی لە کۆبانێ یەکگرتوو بوون.

 

بۆ ئاسانکردنی باری خێزانەکەی، ئەرکەکانی خۆی زیادکرد

کەلیمە باسی لەوەکرد، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن شەهیدە، ئەمەش بناغەی خۆشەویستی و پەیوەندی بە خاکەوە لە کەسایەتی خۆیدا دروستکرد، دەشڵێت: مانەوەم لە بەرخۆدانی کۆبانێدا لەسەر ئەم بنەمایە بوو، من بژاردەی شەهید بوون یاخود لەدەستدانی ئەندامەکانی جەستەم خستە بەرچاوی خۆم، سەرەڕای ئەمەش بە خۆڕاگری و دڵسۆزییەکی زۆرەوە لە شەڕەکەدا مامەوە، کارم کرد و بارگرانی شەهیدانم هەڵگرت، ئێمە کۆکردنەوە و پاراستنی ناسنامەی شەهیدانمان ئەنجامدا، لاشەی شەهیدانمان لە خوێن پاک کردەوە، برینەکانیانمان دەدرووی و هەڵماندەگرتن تا بە خاکمان دەسپاردن، ئازارمان چەشت تا دایک و باوکی شەهیدان دەیانتوانی بە باشترین شێوە منداڵەکانیان ببینن، زۆرجار شەهیدەکان چەند مانگێک لە مردووخانەکەدا مانەوە، تا دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا بیانگوازینەوە بۆ باکووری کوردستان.

 

"بەرخۆدانی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ئازا و بوێری ژنان سەرکەوت"

بەرخۆدانی کۆبانێ بە سەرکردایەتی شەڕڤانان و فەرماندەکانی یەپەژە لە ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتیدا دەنگی دایەوە، کەلیمە شوکەت دەمیر وتی: یەکەمین بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانان لە قوتابخانەی گوندی سەرزورێ ڕوویدا، کۆمەڵێک شەڕڤان بە پێشەنگایەتی شەهید سۆزدار لەو قوتابخانەیەدا تا دوا ساتەکانی ژیانیان شەڕیان کرد بۆ ئەوەی چەتەکان بوەستێنن و نەگەنە کۆبانێ، شەڕڤانان ئارین میرکان و ڤیان پەیمانم نەبینیوە، بەڵام هەموو شەڕڤانان باسی قارەمانێتی ئەوانیان دەکرد، وەک سەرچاوەی هێز بۆ خۆیان نیشانیان دەدان، فەرماندە زەهرا پەنابەرم بینی و بە دەستی خۆم کفنم بۆ ئامادە کرد.

دوای ١٣٤ ڕۆژ، ڕۆژی سەرکەوتن...

ئازادکردنی کۆبانێ لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ بە فەرمی ڕاگەیەندرا، بەشداربووانی شەڕەکە لە کاتی ڕزگارکردندا هەست و سۆزی جیاوازیان هەبوو، کەلیمە کە بەشێکی ئەو داستانە مێژوویە بووە، باسی لەوەکرد، دوای ١٣٤ ڕۆژ لە بەرخۆدان و شەڕی بەردەوام، مژدەی سەرکەوتن ڕاگەیەندرا، هەستی جیاوازمان ئەزموون کرد، وەک تاک دڵخۆش بووین، بەڵام دەیان ئازار دڵی منیان داپۆشی، لەو ساتانەدا هەزاران یادەوەری و شەهید و ئاوات و ڕووداو لە پێش چاومدا تێپەڕین، شەوی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی کۆبانێ، شەڕڤانان بانگهێشتی ئاهەنگی سەرکەوتنیان کردین، بە فرمێسکەوە ئاهەنگی ڕزگارکردنی کۆبانێمان گێڕا، گۆرانی و سەما، هەستی خۆشی و شانازی و سەرکەوتن لە چاو و ڕوخسار و زەردەخەنەی شەڕڤاناندا دیار بوو، ئەم دڵخۆشییە نەبوونی داعشی بۆ ئێمە دووپاتکردەوە، هەستی سەرکەوتنی مسۆگەر کرد.

 

"ڕۆحت لە کۆبانێیە..."

لە کۆتایی قسەکانیدا، کەلیمە شەوکەت دەمیر یەکێک لە یادگارییە دڵتەزێنەکانی بەم شێوەیە دەربڕی: بە ئازارترین ڕووداو بۆ من شەهید حەمزە بوو کە لە گروپی حەلەب بوو، کۆمەڵێک شەڕڤانی نوێ لەگەڵمان بوون، ئەو ڕۆژە بڕیارماندا خواردنیان بۆ دروست بکەین، لەو نێوەندەدا شەهید حەمزە هاتە ژوورەوە و چاوی کەوتە سەر خواردنەکە، وتی بیری دۆلمە دەکەم، چونکە دایکی هەمیشە بۆی دروستدەکرد، دواتر دانیشت و ئەویش خواردنی لەگەڵدا لێناین، ئاگادار کرایەوە کە شەڕەکە قورس بووە، بۆیە ناچاربوو بڕوات، پێش ئەوەی بڕوات، پرسیارمان لێکرد کە کۆبانێ کەی ئازاد دەکرێت، شەهید حەمزە وتی لە ماوەیەکی کورتدا ئازاد دەکرێت و دواتر هەموو کوردستان یەکدەخەین، دوای ڕۆشتنی بە هێرشی قەناس بەدەست شەهید دەبێت و شاهیدی ڕزگارکردنەکە نەبوو، تەرمەکەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە مردووخانە مایەوە لە کۆبانێم ئەمە بۆ من زۆر بە ئازارە، چونکە من شایەتحاڵی ئەوە بووم.