ئیدلب، پشتگوێخستن ئازاری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر دەکات

منداڵانی کامپەکانی ئیدلب ژیانیان هێندەی تر سەختتر بووە دوای ئەوەی ئازارەکانی کەمئەندامی و تاڵیی ئاوارەیی تەنگی پێهەڵچنیون، نەبوونی لایەنی پەیوەندیداریش بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کامپەکانیان هێندەی تر ماف و ژیانی لیسەندونەتەوە.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کامپەکانی ئیدلب ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە بەهۆی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانیان دەبێت، لە نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردن، ڕێگای قیرتاوکراو کە بۆ حاڵەتەکانیان ئامادەکراوە ئەونەی تر دۆخیانی قورس کردووە.

 

وەلید جەبان، منداڵێکی ٩ ساڵە، کە لە سەراقیبەوە ئاوارە بووە بۆ کامپێک لە شاری عەتمە لە باکووری ئیدلب، لەسەر کورسییەکی گەڕۆک، لەبەردەم دەرگای چادرەکەیدا دادەنیشێت و سەیری یاریکردنی منداڵەکان دەکات، بەبێ ئەوەی بتوانێت هاوبەشی بکات لە خۆشی و یاریکردن لەگەڵیان.

 

ئەو منداڵە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەندامەکانی ئیفلیج بووە و ڕۆیشتن و جوڵە و ژیانی ئاسایی وەک منداڵانی دیکە بێبەش بووە، ئاوارەبوون کارەساتی منداڵەکەی زیاتر کرد و سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش سومەیە حاجی ئەحمەدی دایکی، تەمەن ٣٦ ساڵ، وتی: دۆخی کامپەکە کارەساتبارە، هیچ خێمەیەکی ئامادەکراو و ڕێگا و حەمامێکی تایبەت نییە، سەرەڕای دووبارەبوونەوەی بانگەوازەکان لە ڕێکخراوە مرۆییەکان، بەڵام هیچ وەڵامێک نییە.

 

ئاماژە بەوە دەکات کە کوڕەکەی کورسی خاوەن پێداویستی تایبەتی لەلایەن بەخشەرێکەوە وەرگرتووە، بەڵام زۆر بەزەحمەت دەزانێت بەدەوری ڕێگا ناڕێکەکانی کامپەکەدا بجوڵێت و ئەو خێمەی کە خێزانەکە تێیدا دەژین ڕێگرییان لێناکات لە سەرمای زستان، هەروەها ڕێگا قوڕاوییەکان ئازارەکان زیاتر دەکەن، جووڵە قورس دەکەن، لەم ئۆردوگا بەدبەختانەدا، ئەستەمە بۆ تەندروستەکان بەرگەی ئەو بارودۆخانە بگرن، چی بگات بەوانەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بن.

 

مەریەم ئەوادی ١٢ ساڵ، لە شارۆچکەی جەرجەناز لە لادێکانی باشوور لە ئیدلبەوە ئاوارە بووە، گلەیی لە نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردن دەکات، کە دووری کامپەکە لە ناوەندەکانی چارەسەری فیزیۆتێراپی و نەبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە و تێچووی زۆری گواستنەوە بووە هۆی پشتگوێخستنی چارەسەرەکەی و تێکچوونی باری تەندروستی،مریەم بەردەوام لەناو چادردا دەمێنیتەوە، دەڵێت: پێم باش نییە لە دەرەوەی چادرەکە بجوڵێم، چونکە دەوروبەری چادرەکە پڕە لە چاڵ و بەرد، ئەمەش ڕێگری لە جوڵەم دەکات لەکاتی ڕۆیشتنمدا".

 

فاتیمە سەتوفی ٣٣ ساڵ، کە ئاوارەیە لە کامپی کەرەمەی شاری سەرمەدە، بەدەست هەژاری و بێدەسەڵاتیەوە دەناڵێنێت، ناچارە ڕۆژانە بچێتە دەرەوە بۆ کار و دوو منداڵەکەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن بە بێ چاودێری بەجێدەهێڵێت، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی چوار منداڵەکەی کە دوو منداڵیان پێویستی تایبەتیان هەیە، دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی سالم-٩ ساڵ و نادا-٦ ساڵ، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی سەربازیدا ئەندامەکانی سەرەوەیان بڕاوە، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانێکی سەختی لە ژیانیاندا پێکهێناوە و وایکردووە پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاری هەبێت لە هەموو ژیانیان، ئەو دایکە وتی: لەژێر چاودێری خوشکەکەیان بەجێیان دەهێڵم و بە درێژایی کاتی دەوام خەمبارم بە بارودۆخەکەیان، چونکە ناتوانم ئەندامەکانی سەرەوەیان بۆ دابنێم بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەم لە ژیاندا."

 

ڕاوێژکاری دەروونی ڕوا دیری لە شاری دانا سەبارەت بە پێداویستییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: جەنگ بووەتە هۆی کەمئەندامی هەمیشەیی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی سوری، لەوانە بڕینی بەشەکانی جەستە و کوێربوون و ئیفلیجی و ئەم منداڵانە بەدەست کارەساتەوە دەناڵێنن، دۆخی کامپەکان، بەهۆی پەراوێزخستن، کەمیی هەمیشەیی خۆراک و ئاو و سادەترین خزمەتگوزاری ڕۆژانە، جگە لە نەبوونی ناوەندی پەروەردەیی کە لەگەڵ بارودۆخەکانیان بگونجێت، ژیانی دانیشتوانەکەی و بەتایبەت منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەخت کردووە.