ڤیان جاف، کوانووی تێکۆشان دژی ئەقڵیەت و ستەمی دژ بە ژنان

ڤیان جاف لە پەیامێکیدا دەربارەی چالاکییە گیانبازییەکەی دەڵێت: "ئەم چالاكییەی من وەك ئینتیحاری ئەو ژنانە نییە كە لە بێزاری و بێچارەییەوە سەرچاوەی گرتبێت‌، بەڵكو چالاكییە لەپێناو ئەشقی ژیان و پێشخستنی زیهنییەتی چالاكی ئازادیدایە".

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی و لەناو خاکی تەندراو بە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی و قەیرانی هزری، لە وڵاتێک کە تێکۆشان لەپێناویدا ئەرکی هەر تاکێکییەتی، ژنێک لەدایکبوو، کە دوایی بووە پێشەنگێک و بەگژ دەسەڵات و سیستم و سەپاندنەکانی جیهان بووەوە.

 

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، ڤیان سۆران و هەندێک جاریش بە ڤیان کاروخ ناوی دەهێنرێت، لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٨١ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، ڤیان جاف لە منداڵییەوە ئاستی زیرەکی بەرز و لە قوتابخانەدا خوێندکارێکی سەرکەوتوو بوو، لەیلا بە درک کردن بە زوڵم و ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتی، هەرزوو هێزی تێکۆشان لە ناخیدا پەرەدەسێنێت و ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە کۆنە دەبێتەوە کە ژنی کۆت و بێ ئیرادە کردووە، وەک لە پەیامێکیدا بۆ ژنان دەڵێت: کێشەی ژن تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بە تەواوەتی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیدا پێویستی بە شۆڕشێکی هزری و بونیادنانەوەی سیستەمێکی دیموکراسی و ئازاد هەیە، بە تایبەتیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا یاسا و ڕێسا پیرۆزکراوەکانی عەشایەری و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی پیاوسالاری باڵادەستە.

 

ڤیان جاف، سەرەڕای زیرەکی و لێهاتوویەکەی لە بواری خوێندنیدا، بەڵام تێگەشتنەکانی لە دۆخی ژنان و باڵادەستی سیستم بەسەر ژیانەوە، بڕیاری پێدەدات دەستبەرداری پەروەردەی قوتابخانە ببێت و دەستدەکات بە پەروەردەی هزری و خەونە ئازادی بەخشەکانی، لە ساڵی ١٩٩٧دا لە میانەی لێگەڕینە قوڵەکانی بۆ تروسکاییەکانی ئازادی، ڕوو لە خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی دەکات.

 

ئاستی زانایی ڤیان باڵا دەکات

لە ماوەیەکی کورتدا ئاستی زانایی ڤیان باڵا دەکات و درک بە ڕاستینەی کۆمەڵگە و کەسێتی ژنان دەکات، لە ڕێگەی خۆپەروەردە کردنەوە وزە و توانستە شاراوەکانی زیاتر دەردەکەوێت و بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بەشداری پەروەردە و ژیانی شۆڕشگێڕی دەکات، ڤیان لە ساڵی ١٩٩٨دا بەشداری کۆنفرانسی باشووری کوردستان دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٠یشدا بەشداری کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و لە کوێستانەکانی "دۆڵا کۆکێ"دا ڕاوبۆچوونە قوڵەکانی دەخاتەڕوو، لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بەشدار دەبێت و شوێنی خۆی لە دڵی خەڵکدا دەکاتەوە.

 

ڤیان جاف نووسەرێکی بەتوانا بوو، سەبارەت بە کێشە و ئازادییەکانی ژنانی کورد و بابەتە هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چەندین وتاری نووسیوە و لەژێر ڕێنمایی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە دەڵێت "شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە" وەک بەرپرسیارێتی مێژووی ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی باشوور دەگێڕێت، و بەشداری دامەزراندنی "تەڤگەری ئازادیخوازی ژنانی کورد-تەژاک" دەکات و ڕۆڵی کاریگەری دەبێت، لە پێشەنگایەتیدا ڤیان جاف نمونەیەک بوو، کە بوێرانە، ڕادیکاڵانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو زوڵم و ستەمەی لە ژنانی کورد دەکرا هەڵوێستی دەردەبڕی، بە هزر و ڕۆح لەگەڵ ئازارە مەزنەکانی ژنان و گەلەکەیدا دەژیا و لەپێناوی ئازادی و سەرفرازی و یەکسانی لە تێکۆشانێکی بێوچاندا بوو.

 

"دەبێت‌ یاسای پیرۆزی ژیانێکی شەرەفمەندانە پەیڕەو بکەم"

ڤیان جاف، لە شەوی ٢/١ی شوباتی ٢٠٠٦دا، لە ناوچەی هەفتانین، بە دروشمی "سەرلەنوێ واتاداین بە گوتەکانمان" گڕی لە جەستەی بەردا و بەم چالاکییە گیانبازییە، ئەشق و ئەڤینی خۆی بۆ ئازادی، ژیانێکی بە کەرامەت و پەیوەستبوونی بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و پیرۆزییەکانی ژنانی کورد و گەلی کوردستان خستەڕوو.

 

ڤیان پێش ئەوەی چالاکییە گیانبازییەکەی ئەنجامبدات، پەیامێک دەنێرێت بۆ ژنانی ئازارچەشتووی وڵات و وەها پێناسی توندی هەڵوێستی خۆی لە ئاست سیستمی کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و جیهانی دەکات: منیش وەک رۆڵەیەکی دایکە سروشت و پارچەیەکی بچووکی گەردوون، دەبێت‌ یاسای پیرۆزی ژیانێکی شەرەفمەندانە پەیڕەو بکەم و واتایەک بدەمە سووڕی ژیانم، ئیدی دڵنیام لەوەی منیش وەک داری میوەیەک، کاتی ئەوە هاتووە کە بەرهەمێک بدەمە گەلە ستەم دیدەکەم و ببمە هیوایەک بۆ خەیاڵە خنکێنراو و دەستڕێژکراوەکانی منداڵان، کەمیش بێت ببمە وزەیەک بۆ پێشخستنی خولیای ئازادیی ژنە ئازارچەشتووەکان و لە هەمووشی گرنگتر ببمە مۆمێک لەنێو مۆمە گەشەکانی دەوروبەری دوورگەی ئیمرالی.

 

لە پەیامێکی دیکەشیدا، کە باس لە ئاگربەردانە جەستەی دەکات و خۆی وتەنی، "خۆزگە لە گیانم بە بەهاتر شتێکیتر هەبووایە لەپێناو ئازادی سەرۆک و گەلەکەم و ژنە چەوساوەکاندا فیدام بکردایە" دەڵێت: لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمڕۆ بە چالاكییەكی گیانبازی دەمەوێت‌ هەڵوێستی خۆم بۆ گرێدان بەم ئامانجەوە نیشان بدەم و پەیامێك بەئێوەی هێژاش بگەیەنم، ئەم چالاكییەی من وەك ئینتیحاری ئەو ژنانە نییە كە لە بێزاری و بێچارەییەوە سەرچاوەی گرتبێت‌، بەڵكو چالاكییە لەپێناو ئەشقی ژیان و پێشخستنی زیهنییەتی چالاكی ئازادیدایە و درێژەپێدەری نەریتی بەرخۆدانی ژنانی وەك “لەیلا قاسم و زیلان و سەما یوجە”كانە، چەند شاد دەبم بەوەی كە ئەم پەیامانەم و چالاكییە بگاتە گوێی تەواوی گەلەكەم و تەواوی گەلی كورد و كەمێكیش بێت، وزەیەك بە تێكۆشین و جموجوڵێكی نوێ‌ لەنێو گەلی باشووری كوردستاندا بدەم.