تروسکە، ئەو گۆڤارەی لەپێناو هۆشیاری ژنان دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد

میدیا، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان باشترین ڕێگەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، گۆڤاری تروسکەش بەو ئەرکەی گرتوویەتییە ئەستۆی، لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا خەبات بۆ هۆشیاری ژنان دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕێژەیەکی زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بوونیان هەیە، هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەک کاردەکەن، بابەتەکانی کۆمەڵگە دەوروژێنن و دەستدەخەنە سەر کێشە باوەکانی کۆمەڵگە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە چارەسەرێکی جەوهەری پرسی ژن بکەن.

 

بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە باشووری کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵ حکومڕانیدا کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ڕۆشنفکری لێ بەرهەم نەهاتووە، ئەمەش وایکردووە پرسی ژن لەو کۆمەڵگەیەدا پەکبخرێت و زیاتر ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەی ژنان حزبی بن و بۆ دەسەڵات بنووسن، ئەم دۆخەش پاڵنەری لەدایکبوونی گۆڤارێک بوو بە ناوی "تروسکە" بە بووە تروسکەیەک بۆ ژنانی باشووری کوردستان.

 

گۆڤاری تروسکە لە ٢٠٠٤دا دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد

سنور ڕەحمان، سەرپەرشتیار و نەخشەسازی گۆڤاری تروسکە، باسی لە خەبات و ئامانجی گۆڤاری تروسکە کرد و ڕوونیکردەوە، لە سەرەتاکانی ئازادبوونی باشووری کوردستان و ئەزموونێکی نوێ بۆ باشوور و ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی ڕوویاندا، ژنان بیریان لەوەکردەوە، تەنها گۆڕانکاری لە سیاسەتدا نەکرێت، بەڵکو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ژینگەییش بکرێت، گۆڤار بە گشتی گەیاندنی پەیامە بە دەسەڵات و بەڕێوەبەری، لەلایەکی دیکەوە دەتوانێت لە کۆمەڵگەدا کاری خۆی بکات.

 

بیرکردنەوە نەرێنییەکان بە ڕووی ژناندا لەو سەردەمەدا زیاد ببوو، بۆیە گۆڤاری تروسکە هاوکاتی کۆمەڵێک گۆڤاری دیکە، بە دونیابینی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە کار و خەبات کرد، لە سەرەتاوە وەک ڕۆژنامە دەستبەکاربوو، دواتر گۆڕدرا بە گۆڤار و نزیکەی ٢٠٠ چاپی لێ بەرهەم هاتووە، هەر چاپەی بە نزیکیەیی ٧٠ لاپەڕەیە.

 

"ئامانجی تروسکە جێگیربوونی ژنانە لە کایە جیاوازەکاندا"

سنور ڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم ئامانجی گۆڤارەکە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی کۆمەڵگە و بە جێگیرکردنی ژن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە، دووەم ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتانەی لە باشووردا هەن، هەر بۆیە ئەو بابەتانەی گۆڤارەکە دەستی خسوتووەتە سەر و ئامادەی کردووە زۆر ڕووی لە خۆگرتووە، سیاسەت یەکێک بووە لە هەرە گرنگترین بابەتەکانی گۆڤارەکە، بەوەی سیاسەت دەبێت بە دیدێکی ژنانە ڕاڤە بکرێت، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ژینگەی و سینەمایی سەرجەمیان بابەتی گۆڤارەکەن، جگە لەمانە گۆڤاری تروسکە گرنگی بە نووسەرانی ژن داوە، بەو ئامانجەی پاڵپشتییەک بێت بۆ زیادبوونی قەڵەمی ژنان و بەرەوپێشچوونیان لە دنیای نووسیندا.

 

دەشڵێت: تروسکە لە خەمی گەیشتنی ڕاستی بە کۆمەڵگە هاتە بەرهەم و گۆڤارێکی مانگانەیە، هەمیشە هەوڵمانداوە ڕووکاری گۆڤارەکە بابەتە گرنگەکانی ناو گۆڤارەکە بێت، هەوڵەکانی گۆڤارەکە وایکردووە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ژنانی باشوور، ژنانی نووسەر و وەرگێڕ دروستبکات تا ئاستی گەیشتن بە ڕێکخراوەکان.

 

"هەرچەند ئاستەنگ زیاتر بێت تروسکە زیاتر گەشەی کردووە"

بەهۆی ئەوەی گۆڤاری تروسکە جیاوازتر لە گۆڤارەکانی دیکە کاردەکات و هەوڵ دەدات بۆ گۆڕانی کۆمەڵگە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دۆزی ژن هەیە، بۆیە بەردەوام ئاستەنگەکان لە بەردەمیدابوون، یەکێک لە ئاستەنگییەکان وەستاندنی قەڵەمی ژنانە لە باشوور لەپێناو پارچە پارچەبوونی وتار و کێشەکان، هەروەها ئاستەنگییەکان لەبەردەم ئەو هەوڵانەدایە کە تروسکە دەیەوێت ناسنامەی ڕاستەقینەی ژنان دەربخات، تەواوی ڕێگرییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتەی باشوور بەڕێوە دەبات.

 

سنور ڕەحمان باسی لە هەوڵی یەکخستنی ژنانی چوارپارچەی کوردستان دەکات کە ئاستەنگی تری لە بەردەم تروسکە دروستکردووە، "ڕاستە تروسکە کار لەسەر ژنانی باشوور دەکات، بەڵام ئەزموونی ژنانی ڕۆژئاوا و خەباتی ژنانی باکوور بە گرنگ دەبینێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ژنان چۆن هەنگاو بنێن، ئەم هەنگاوانە مەترسین بۆسەر پارتە سیاسییەکان و حکومڕانی دەسەڵاتدارانی باشوور بۆیە ئاستەنگی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە زیاتر و زیاتر دەبێت".

 

"دەمانەوێت مۆرکی نووسین تەنها پیاوان نەبێت، ژنان جێدەستیان دیاربێت"

سەرپەرشتیاری گۆڤارەکە ڕوونیکردەوە، تروسکە تایبەتە بە ژن، ڕەخنە دێتە سەر گۆڤارەکە ئایا بۆ تەنها تایبەتە بە ژنان؟ بەڵام دۆخی ئێستای ژنان لە باشوور وەڵامێکە بۆ هەبوونی قەڵەمی ژنان و گرنگیدان بەو کایانەی بە ئەقڵیەتی ژن بەڕێوەبچن، مێژووی نووسین، مۆرکی کتێبخانە کۆنەکان لە باشوور مۆرکی پیاویان وەرگرتووە، ئەدیبان و نووسەران ناسنامەی پیاویان وەرگرتووە، بەڵام تروسکە دەیەوێت ژنان لە ڕەوتی فکری و فەلسەفیدا خاوەن بیربێت، بتوانێت بنووسێت و بەرهەمێک بۆ مێژووی نووسینی کورد زیادبکات، ئەمەش وایکردووە بگاتە دەستی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان تەنها سنوری ناوچەکانی هەولێر و دهۆک نەبێت کە ئاستەنگیان دەخرێتە بەر.

 

"بە گشتی گۆڤارەکان نەیانتوانیوە گۆڕانکاریەکی جەوهەری دروست بکەن"

سنور ڕەحمان دەڵێت: کاتێک ئیدارەی کۆمەڵگەیەک نیمچە سەربەخۆ دەبێت، ڕاستەوخۆ کۆمەڵگە هەوڵدەدات نوێبوونەوەی تاکەکان بە بنەما بگرێت، کاتیک تەوژم و ئاڕاستەیەکی بەردەکەوێت پێویستە بتوانێت بەرگری لە خاڵە نەرێنییەکان بکات، جیاوازی گۆڤار و ڕاگەیاندنەکان بینینی ئەوانە بۆ کێشەکان، لە باشوور ڕاگەیاندن و گۆڤار هەن کار بۆ پرسی ژن دەکەن و دەیانەوێت توانستی ژن دەربخەن، بەڵام ئایا چۆن لە کێشەکان دەڕوانن؟، پێم وایە تێڕوانینیان لەسەر بنەمای چارەسەری نییە بۆیە ماوەی ٣٠ ساڵ زیاتر نەتوانراوە کێشەکانی ژن چارەسەر بکرێت.

 

"دۆزی ژن نابێت لە یەک لاوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت"

سنور ڕەحمان، ئاماژەی بەوەدا، تێڕوانینی دۆزی ژن لە لایەنە جیاوازەکانەوە، گۆڤاری تروسکەی سەرکەوتوو کردووە، هەوڵەکانی بووەتە بەڵگەی سەرکەوتنی، بە پێویستیشی دەزانێت لە پاڵ کارکردنی ڕێکخراوەکان و ئەو تێگەیشتنەی ژنان لە باشوور هەیانە، ژنان زیاتر بنووسن و بە ئەقڵیەتی ژنانە تێڕوانینیان بۆ بابەتەکان هەبێت و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە ئاڕاستە بکەن، بۆ ئەوەی ژن ببێتە چەقی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و بابەتە سیاسیەکان.

 

لە کۆتایدا وتی: گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نووسینەوە دێتە بەرهەم، لە ئێستادا ژن هەیە لە ژێر هەڕەشەی باوک و هاوژینەکەیدا ناتوانێت بە ناوی خۆیەوە بنووسێت، بۆیە داوا دەکەم لە ژنان چیتر با ترسیان لە دەسەڵات نەبێت، بێ گوێدانە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ویستی حزب بنووسن.