شانیا بینایی لەدەستداوە بەڵام بە ئومێد و گەشبینە

شانیا فایەق، خوێندکارێکی نابینایە بە کۆنمرەی ٩١.٢٣ دەبێتە سێیەمی سنوری پەروەردەی سەیدسادق و دەڵێت، ئەگەرچی دەکرا نمرەی بەرزتر بەدەستبهێنم، بەڵام بەم شێوەیەش دەتوانم سەرکەوتوو بم و خزمەت بە کۆمەڵگەکەم بکەم.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- شانیا فایەق، خوێندکاری دەرچووی قۆناغی دوانزەی وێژەییە بە کۆنمرەی ٩١.٣٣ و توانی ببێتە سێیەمی سنوری پەروەردەی شارۆچکەی سەیدسادق، شانیا دەڵێت پێشبینی زیاترم دەکرد و سەرم سوڕما بە ئەنجامەکان، بەڵام قبوڵم کرد و گەشبینم، هەوڵدەدەم لە ڕێگەی نمرەکەمەوە سود بە کۆمەڵگە بگەیەنم.

 

شانیا خوێندکارێکی نابینایە، لە ڕێگەی ڕیکۆردەرێکی دەنگیەوە وانەکانی دەخوێنێت و لە قۆناغەکانی ژیانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمساڵ کە لە پۆلی ١٢ی وێژەیی بووە، ڕیکۆردەرەکەی هاوڕێی بووە بۆ خوێندنی وانەکانی، بەڵام لە ڕۆژێکدا لە کاردەکەوێت و هاوڕێیەکی بە دیاری دانەیەکی نوێی بۆ دەهێنێت.

 

ئەگەرچی پەیوەندی نێوان شانیا و وانەکانی، تاکە ڕیکۆردەرەکەی بووە، بەڵام لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لە کار دەکەوێت و شانیا ڕووبەڕووی دژواری دەبێتەوە بۆ خوێندنی وانەکانی، بە ناچاری یوتوب هەڵدەبژێرێت بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن، وانەکانی یوتوب بۆکاتی تاقیکردنەوە نابن، چونکە بە کاتێکی زۆر باسی دەکات، ئەمەش وادەکات شانیا کۆنمرەکەی داببەزێت بەڵام شانیا گەشبینە و دەڵێت دەتوانێت بەو کۆنمرەیەشەوە بەردەوام بێت لە خوێندن و خزمەت بکات.

 

شانیا فایەق ڕۆژانی ئاسایی ٨-٩ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا وانەی دەخوێند و لە کاتی نزیک تاقیکردنەوەشدا ١٠-١١ کاتژمێر دەیخوێند، بەڵام دوای لە کارکەوتنی ڕیکۆردەرەکەیەوە بە ناچاری کەمتر دەیخوێند و پشتی بە مۆبایل دەبەست بۆ خوێندن کە ئەویش بەهۆی بارگاویکردنەوە نەیدەتوانی زۆر بخوێنێت.

 

خولیاکانی شانیا زۆرن و هەوڵیان بۆ دەدات

هۆکاری نابینایی شانیا دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی ٧ مانگی کە لو'یەک لە چاویدا دروستبووە و ئەمەش وایکردووە بینای لەدەستبدات، بەڵام ئومێد و گەشبینی لەدەستنەداوە و سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێناوەم لەشکستەکانیشی ئەزمونی وەرگرتووە.

 

شانیا فایەق هەر لە سەرەتاوە خولیای زانست و فێربوون بووە و هەمیشە لە پلەی یەکەم یاخود دووەمدا بووە، هەوڵیداوە، چونکە پێیوایە بەسەرکەوتنی دەتوانێت قەرەبووی ماندووبوونی دایک و باوکی و خێزانەکەی بکاتەوە.

 

ئەو ژنە گەنجە توانایەکی باشی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە و دەڵێت: "گەرچی لە کۆلێژی یاسا دەبێت بخوێنم، بەڵام دەمەوێت زیاتر پەرە بە زمانی ئینگلیزی بدەم و لە ڕێگەیەوە بتوانم خولی فێربوونی زمان و کاری وەرگێڕان بکەم"، شانیا چەندین خولیای هەیە، لەوانە، فێربوونی گیتار ژەنین، خوێندنەوەی نووسین، هۆنراوە و مۆنتاژ کردنیان.

 

ڕێگری لەبەردەم ژناندا هەیە

شانیا دەڵێت ژیانکردن بۆ ژن لەم کۆمەڵگەدا قورسە و بەربەستی زۆرە، "بۆ نمونە گەر ژنێک بیەوێت فێری مەلەوانی ببێت و بخوێنێت لەو بوارەدا ڕێگری زۆرە، بێگومان گەر ژن بیت و نابینا بیت دوو هێندە قورسترە، من دەمەوێت ببمە نمونەیەکی جوانی گەشبینی بۆ هەمووان، ئێوە پێویستە لە ئێمەوە فێری گەشبینی ببن، نەک بەچاوی سۆز و بەزەییەوە سەیرمان بکەن.

 

هەروەها سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە توانجیان لێداوە و ویستوویانە بە قسەی ناخۆش ساردی بکەنەوە و پێی پێکەنیوون، دەشڵێت: پێکەنینی ئەوان وایکرد من کۆڵنەدەم و زیاتر هەوڵبدەم، تا بە خەونەکەم بگەم و ئێستەش گەشتووم تا بۆ هەمووانی بسەلمێنم نابینا و ژن هیچی کەمتر نییە لە کەسی ئاسایی.