گەڕانەوەی شەنگالییەکان ئیزیدخان دەخەمڵێنێت

سەرەڕای هێرش و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدییەکان، گەڕانەوەی ٣٩ بنەماڵە لە کەمپی بێرسیڤی لە باشووری کوردستان نیشانیدا کۆمەڵگەی ئێزدی پەیوەستە بە خاک و نیشتمان و باوەڕییەکەیەوە.

ئەمیرە زۆزان

 

شەنگال- هەر جارێک ئاوارەکانی شەنگال دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، برینی فەرمانی ٧٤ ساڕێژ دەکات، هەزاران کەس لە دانیشتووانی گوند و شارەدێکانی شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا کۆچیان بەرەو باشووری کوردستان کرد و ماوەی ٠٩ ساڵ دوای فەرمانەکە، ئاوارەکان لە هەوڵی غەڕانەوە بۆ زێدی خۆیاندان.

 

لە ماوەی ئاوارەییەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک پێویست کاریان بۆ شەنگالییەکان نەکرد، بەپێچەوانەشەوە کچ و کوڕی ئێزدی لەو کەمپانەدا دەکوژران و هەموو جۆرە گەندەڵییەکیان بەرامبەر دەکرا بۆ ئەوەی لە باوەڕی ئێزدییەت دەربچن، لە ئەنجامدا زۆرێک لە گەنجانی ئێزدی کەمپەکانی باشووری کوردستان وڵاتیان بەجێهێشت.

 

ساڵی ٢٠٢٢ گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر خاکی ئیزیدخان لە ئاستێکی بەرزدا بوو، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم، ٢٣١ ئاوارە، كە دەكەنە ٣٩ خێزان لەسەر خواستی خۆیان لە كامپی بێرسیڤی یەك لە ئیدارەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهوك گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشترى خۆیان لە تل عوزێر، سیبا شێخ خدر لە شەنگال، ئەو ژنانەی لە کەمپی بێرسیڤی باشووری کوردستانەوە گەڕاونەتەوە سەر خاکی خۆیان، دڵخۆشی خۆیان دەربڕی.

 

"ئەو ساتانە هاتنە پێش چاوم"

خەرنوف ئیلیاس، ڕایگەیاند، وەک خێزانێک گەڕاونەتەوە سەر خاکەکەیان و وتی: بڕیارماندا بگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان چونکە تەنها دەتوانین لەسەر زەوییەکەمان بە ئاسوودەیی بژین، لە کاتی گەڕانەوەم بۆ شەنگال، لە ڕۆژی فەرمانەوە تا ئێستا هەموو شتێکم هاتەوە پێش چاو، زۆر دڵخۆشم چونکە گەیشتینە تل عوزێر و ئێستا خەریکی دروستکردنی خانووەکەمانینم ئێمە پێویستمان بە کەلوپەلی ناوماڵ هەیە، بەو پێیەی ئەم خانووانە چۆڵ بوون، تا ئێستا کارەبامان دانەناوە، بەڵام ئەمانە شتگەلێکی سادەن، بە هاوکاری دراوسێکانمان چارەسەریان دەکەین.

 

"لەسەر خاکی خۆمان هەناسەمان دا"

نیسان بەرەکات هەستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی، "زۆر دڵخۆشین بە گەیشتنەوەمان بۆ شەنگال، زۆر بیری وڵاتەکەمانمان دەکرد، هەرچەندە دراوسێکانمان لە کامپەکەدا باش بوون، بەڵام ژیانی ئەوێ زۆر سەخت بوو، ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە. بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشین کە هاتین بۆ شەنگال، هەناسەیەکی ئاراممان هەڵمژی، داوا لە خەڵک دەکەین بگەڕێنەوە شەنگال، چونکە دەتوانین شەنگال بنیادبنێین و لەگەڵ گەڕانەوەمان پێکەوە بژین.

 

"شەنگال لە هەموو شوێنێک جوانترە"

لەیلا بەرەکات ئێستا لە ماڵێکی دیکەدا دەژی و وتی: لە کاتی هاتنەوەماندا خەڵک زۆر هاوکارییان کردین، شەنگال لە هەموو شوێنێک جوانترە، ئێمە ویستمان زووتر بێینەوە، بەڵام نەمانتوانی بێین بەهۆی نەبوونی پێویستییەوە.

 

گەورێ سلێمان باسی لەوە کرد کە ئەوان لە کەمپی بێرسیڤەوە هاتوو و خۆشحاڵن بە گەڕانەوەیان بۆ شەنگال، "لەگەڵ گەڕانەوەمان گوتمان جارێکی تر خاکەکەمان بە دەستی خۆمان ئاوەدان دەکەینەوە"

 

کۆچەر یوسف خدر لە سیبە شێخ خیدر دادەنیشێت و وتی: ژیان لە کامپەکەدا سەخت بوو، ئاگر چادرەکانمانی دەسووتاند، هەندێک کەس نەیانتوانی منداڵەکانیان لە ئاگرەکە ڕزگار بکەن، ئێمە بە خۆشەویستییەوە هاتووینەتەوە.

 

ژنان لە کۆتاییدا بانگەوازی گەڕانەوەی شەنگالییەکانیان بۆ زێدی خۆیان کرد و ڕایانگەیاند، هەرچەند سەختییەک ڕووبەڕوویان بێتەوە، دەبێت ئێزدییەکان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال و خاوەندارێتی لە خاکەکەیان بکەن.