ئازادی لە لوتکەدا هەستی پێدەکرێت

چیای چایەر بە بەرزی ٢١٠٨ مەتر یەکێکە لە لوتکە بەرزەکانی سەر بە شاری سلێمانی و ژنانی شاخەوان بە گەشتنیان بە لوتکە هەستی ئیرادە و ئازادییان نیشاندەدەن.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- چیا ئیرادە و سروشت ئازادی دەبەخشێتە هەستی مرۆڤ، ڕۆژانی هەینی، کاتێک هەمووان لە پشوودان، شاخەوانان سەرباری ساردی کەشوهەوا بە دەروونی گەرمەوە ڕوو لە لوتکە چیاکان دەکەن، بەو ئامانجەی لە ماندووبوونی هەفتە و سەرقاڵییەکانی ژیان کەمێک دووربکەونەوە.

 

تۆڕی شاخەوانی کوردستان کە پێکدێت لە بەشێکی زۆری گروپە شاخەوانییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بە بەشداری ٢٣٠ کەس گەشتێکی شاخەوانی بۆ لوتکە چیای چایەر، بە بەرزی ٢١٠٨ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرز و لە سنوری پیرەمەگروون سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕێکخست.

 

چیاکە دەڕوانێت بەسەر سەیرانگای زێوێ و سەیرانگای پێرگەپان، لە بەرامبەریشییەوە لوتکەکانی زنجیرە چیای پیرەمەگروون هەڵکەوتووە، گەشتەکە بە پێنج کاتژمێر لە گوندی پەسکەندییەوە دەستیپێکرد، ڕێژەیەکی زۆری ژنان بە ئامانجی گەشتنیان بە لوتکە چیای چایەر و هەستکردن بە ئیرادە و ئازادیی پێشەنگایەتی گەشتەکەیان کرد.

 

لەگەڵ هەر هەڵکشانێکدا بە گرد و دۆڵەکاندا، مرۆڤ زیاتر لە واتای پەیوەست بوون بە سروشت، دەوڵەمەندی و جوانییەکەی تێدەگات، ئەگەرچی چیاکە وشکەڵانە و بێ دارە، بەڵام ڕوانینەکەی بەسەر ناوچەکەدا جوانی پێبەخشیوە.

 

کاتێک لە لوتکە نزیک دەبیتەوە، کەشی سارد و ڕەشەبای بەهێز بەڕووتدا دێت، هەستی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە دروستدەکات و پەڵە بەفرە ساردەکان، کە بەفری چەند ڕۆژی ڕابردوون و ماونەتەوە، گەرمییان دەبەخشییە ناخی ژنان و لەناویدا بە وێنە و ڤیدیۆ یادگارییان بۆ ڕۆژانی داهاتووی خۆیان دەبردەوە.

 

دوای پشووی کورت هێز بەگوڕتر، دەست بە باتوم بەڕێدەکەوتن، بەهیوای گەشتنە لوتکە هەورازی سەختیان دەبڕی، دوای بینینی لوتکە بەڕووی شاخەواناندا، هێز، ئیرادە و باوەڕی خۆی دەنوێنێت، چونکە کاتێک ئاوڕ لە دواوە دەدەنەوە کە چەندە ماندوویەتیی و هەوڵدان بۆ گەشتنە لوتکەیان تێپەڕاندووە، لەگەڵ تێکەڵبوونیان بە سروشت، دەگەنە ئەو باوەڕەی کە هێز لە چیا و ئازادیی لە لوتکەدایە.