فاتمە حسێن، داگیرکاری تورکیا لە یەک چرکەدا هەموو شتێکی وێران کرد

ژنێک بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ناچارە گوندەکەی جێبهێڵێت و ڕووبکاتە گوندێکی دیکە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام، داوا دەکات دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر هێرشەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

سورگۆڵ شيخۆ

حەسەکە- پاش ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەی تل تەمەری داگیرکرد، بەشێکی زۆریان تا ئێستاش هێرشەکانیان لەسەر ماوە.

 

هاوڵاتیانی ئەم گوندانە لە هەرشوێنێک بن بەردەوام هێرشیان لەسەرە، گوندی ئوم کەیف یەکێکە لەو گوندانەی بەردەوام هێرشیان لەسەرە و دانیشتوانەکەی بەرگەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیایان گرتووە، ئەو خێزانانەی لەوێ دەژین بە ژن و پیاو، منداڵ، خاوەن پێداویستی تایبەت و تەنانەت ژنانی دووگیانیش خەباتی جیاواز دەکەن.

 

فاتمە حسێن یەکێکە لە هاوڵاتیانی ئەو گوندە، بەهۆی هێرشەکانی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناچار بووە گوندەکەی جێبهێڵێت و ڕووبکاتە گوندی تل نەسری کە یەک کیلۆمەتر لە باشووری تل تەمەرەوە دوورە.

 

" یەکینەکانی پاراستنی گەل گوندەکەمانیان رزگارکرد لەو هێرشەی کە داگیرکەر لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد "

سەبارەت بەو هێرشانەی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی گوندکەی فاتمە بوەتەوە وتی "پێش هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ئارامی دەژیاین، لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا کارمان دەکرد بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هیرشەکانەوە ژیانمان گۆڕاو تەواوی گوندەکانمان وێران بوون".

 

هەرچەندە دژی توندوتیژی و داگیرکارییەکان خەڵکی گوندەکە بەرپەرچی داگیرکارانیان داوەتەوە بەڵام بەهۆی تەقەکانیانەوە خەڵکی سڤیل ناچاربوون بکشێنەوە، هەر بۆیە داگیرکاران هێرشەکانیان بەردەوام کرد و دەستیان کرد بە تاڵانکردن، لەوکاتەوە فاتمە حسێن و منداڵەکانی گوندەکەیان بەجێهێشت تا ئەوکاتەی یەپەگە گوندەکەی ئازاد کرد، دواتر چوونەوە سەر ژیانی خۆیان و دەستیان کردەوە بە کشتوکاڵکردن.

 

"هەموو ڕۆژێک بۆردوومان دەکرێین"

لە باسی ژیانی خۆیدا فاتمە باسی لەوەکرد، خاوەنی مەڕ و ماڵات بوون، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بەشێکیان لەناوچوون، بەهۆی ئەوەی نەیاندەزانی لە کوێ مەڕەکانیان بشارنەوە و پارێزگاریان لێبکەن، یاخود بە ئارامی بیانبەنە کێڵگەکانیانەوە ناچار بوون بیانفرۆشن.

 

وتی "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئاستێکدایە لە هەر کوێ بین مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە، تەنانەت ئەگەر لەناو ماڵەکانماندا بین، بە جۆرێک ژیان دەکەین ناچارین و چیتر نازانین بۆ دەستکەوتنی ژیانێکی ئارام ڕوو لە کوێ بکەین."

 

"لە یەک ژووردا ١٢ کەس دەژین"

ئاماژیە بەوەکرد، لە ژیانیاندا هیچ شتێکیان ناوێت تەنها ئامانجیان ژیانێکی ئارامە لە نێو ماڵەکانیاندا، وتی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت سەرەتایترین مافی خۆمانە، چونکە هیچ کات ئاوارەبوون چارەسەر نەبووە بەڵکو ڕوبەڕووی قورسی ژیانت دەکاتەوە، بە جۆرێک دۆخی ژیانمان قورسە لە ژوورێکدا ١٢ کەس دەژین کە ژن و منداڵ، هەروەها کەسانی خێزانداری تێدایە".

 

"دەمانەوێت لێپرسینەوە لە داگیرکارییەکانی تورکیا بکەین"

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە فاتمە روونیکردەوە کە چەندین منداڵ و گەنج ڕووبەڕووی لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەیان بوونەتەوە و دۆخی ژیانیان قورستر بووە، هەر بۆیە وەک ژنێکی کۆڵنەدەر داوا دەکات لێپرسینەوە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێت لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی داوە.

 

لە کۆتایدا وتی "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو ژیانمانی لە چرکەیەکدا لەناوبرد، چونکە بە من و هاوژینەکەم ماوەی ٢٥ ساڵ هەوڵماندەدا خانوویەکمان هەبێت بەڵام دوای داگیرکارییەکان لە یەک چرکەدا لەناوچوو، بەڵام ئێمە بێهیوا نەبووین بەڵکو ماڵەکەمان کردووەتە قوربانی خاکەکەمان، هیوامان بەوەیە ڕۆژێک دەگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان و ئاوادانی دەکەینەوە".