ژنان لە ڕێگەی پەروەردەی ژنۆلۆژییەوە بوونی خۆیان دەناسن

بەشداربووانی خولی پەروەردەی سەنتەری توێژینەوە و زانستی ژنۆلۆژی، ڕایانگەیاند، دەیانەوێت لە ڕێگەی پەروەردەوە بە زانستی ژن ئاشنا ببن و تێیدا قوڵ ببنەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- سەنتەری توێژینەوە و زانستی ژنۆلۆژی بە بەشداری ١٧ ئەندامی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی شەهبای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە خولی پەروەردە کرد و لە ٣٠ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد و تا ٥ی شوبات بەردەوام دەبێت، خولەکەش بە ناوی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی کراوە، کە لە ٤ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستانی تیرۆرکرا.

 

ژنان دەیانوێت ژنۆلۆژی تێکەڵ بە ژیان بکەن

ئارین عەلی، ئەندامی سەنتەری توێژینەوە و زانستی ژنۆلۆژی لە عەفرین-شەهبا، ڕایگەیاند، ئامانج لە پەروەردەکە ئاشنابوونە بە ژنۆلۆژی، وتیشی: ئامانج لە پەروەردەکە ئەوەیە کە ژنان خۆیان و ئامانجەکانیان بناسن و هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە ژنان لەناو دامەزراوە و ئەنجومەنەکاندا گەشە بکەن و ببنە پێشەنگ لەو بوارانەی کە کاریان تێدا دەکەن، لە پەروەردەدا باس لە ئەخلاق و ئیتیک دەکرێت، کە تەوەری سەرەکی ژنۆلۆژییە، لە ڕێگەی ئەو گفتوگۆیانە هەوڵدەدەین زانستی ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە بە ژیان بگەیەنین.

 

شکاندنی تێڕوانینە کۆنەپارێزەکانی دژی ژنانە

سەوسەن خەلیل، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی فافین، ئاماژەی بەوەدا کە بەشداریی لە پەروەردەکەدا کردووە بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی زانستی ژنۆلۆژیی بزانێت، وتیشی: لە پەروەردەدا مێژووی ژن و بوونی هەزار ساڵەمان ناسی، پێویستە ژنان لەو کۆیلایەتی و زوڵمە ڕزگاریان بێت کە لەلایەن پیاوی دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە بەسەریاندا سەپێنراوە.

 

سێوسن خەلیل وتیشی: ژن لە کۆمەڵگەی سروشتیدا پیرۆز بووە و سەرچاوەی هێز بووە، ئەو توانیویەتی کاروباری ماڵ و گشتی کۆمەڵگە بەڕێوەببات، لەو سەردەمەدا ئاشتی و دیموکراسی و یەکسانی بنەمای ژیانی مرۆڤ و سروشت و کۆی سروشت بوون، پێویستە ژنان پەروەردە بکرێن و بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا بگۆڕن، ئەمەش لە ڕێگەی پەروەردە و زانینی زانست و ژیانی ژنانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن ژن و پیاوی دیکە پەروەردە بکەن تا پێکەوە بگەنە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئازاد.

 

"ناسینی ژنۆلۆژی بریتییە لە ناسینی هەموو بوارەکانی ژیان"

نەسرین محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، کە لە خولی پەروەردەکەدا بەشداری کردووە، وتی: ناسینی ژنۆلۆژی واتە ناسینی ژیانی سیاسی، سروشت، کۆمەڵگا، ژیان و تەندروستی و هەموو بوارەکانی دیکەی ژنان.