توندوتیژی وەک مۆتەکە لە پاش جیابوونەوە لە ژنان نابێتەوە

هەرچەندە یاسا و دادگا بوونیان هەیە و بە پێی یاسا پێویستە ژنان لە پاش جیابوونەوە لە هاوژینەکانیان توندوتیژیان بەرامبەر نەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە مافیشیان پێشێلدەکرێت و منداڵ دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کێشە خێزانییەکان لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا لە زیادبووندایە، ئەگەر لە کۆمەڵگەی کوردی بڕوانین، ئەمە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەبینین، بە تایبەت کێشەی نێوان ژن و پیاو لە خێزاندا، توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان و سکاڵاکانی ناو دادگا ئەوەیان سەلماندووە کە ژنان لە خێزاندا بە ئاستێکی بەرزتر لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لەوکاتەی بڕیاردەدەن جیاببنەوە زۆرترین هێرش و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

 

لە پاش جیابوونەوەیان، ژنان، شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەکرێت، بینینی منداڵەکانیان لێ زەوت دەکرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بوونی ئەقڵیەتێکی چەقبەستوو و پیاوسالارەوە هەرچەند بەرەوپێشچووبێت، بەڵام هێشتا مافی ژنانی تێدا پێشێلدەکرێت و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"تا دێت حاڵەتەکانی جیابوونەوە ڕوو لە هەڵکشان دەکات"

هاوژین ئەحمەد، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا، حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکاندا ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە، ئەوەندەی ڕێژەی جیابوونەوە هەیە ڕێژەی هاوسەرگیریکردن نییە، هاوسەرگیریکردنی کچانی تەمەن منداڵ کە زۆرکات کۆتاییەکەی جیابوونەوەیە، نەبوونی متمانە، یەکتر قبوڵ نەکردن و ناپاکی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێکی هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکان.

جگە لەوانەی باسمانکرد خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، خراپی دۆخی ئابووری، نەبوونی بێکاری، ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و مادە کحولییەکان دووبارە هۆکارن بۆ زیادبوونی ڕێژەکانی جیابوونەوە، لە سەروو هەموویەوە بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری و بەکارهێنانەوەی دژ بە ژنان و زیادبوونی توندوتیژی لە خێزانەکاندا هۆکارە سەرەکییەکانن.

 

ئەو پارێزەرە باسی لەوەکرد حاڵەتی کۆچی پیاوان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی کوردستان وایکردووە دووبارە ڕێژەکان ڕوو لە زیادبوون بکەن، بەهۆی ئەوەی کاتێک پیاوەکە دەگاتە شوێنی مەبەست تەڵاقنامە دەنێرێت بۆ ژنەکەی و لێی جیادەبێتەوە.

 

"زەرەرمەندی یەکەم لە پاش جیابوونەوە، منداڵە"

جگە لەوەی لە پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، لە پاش جیابوونەوەش ئەم کێشانەیان هەیە، بەتایبەت ئەگەر منداڵ لە نێوانیاندا هەبێت، لەم بارەیەوە هاوژین ئەحمەد وتی: "زەرەرمەند یەکەم لە جیابوونەوەی هاوژینەکان منداڵە".

 

بە پێی یاسا دایەنی منداڵ لە پاش جیابوونەوە تا تەمەنی ١٨ ساڵی مافی ژنانە، بەڵام لەم حاڵەتەدا نابێت پیاوان بێبەش بکرێن لە بینینی منداڵەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٥ دانراوە، بە پێی ئەم یاسایە دایک یاخود باوک ئەگەر دایەنی منداڵەکەش نەکەن دەتوانن ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەسەر یەکەوە منداڵەکانیان ببینن، لە کاتێکدا ئەمە لە یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بوونی نەبووە و تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێریک توانیویانە منداڵەکەیان ببینن، یاساکەش تەنها منداڵانی شیرەخۆرە ناگرێتەوە.

 

"کێشەی پاش جیابوونەوە جگە لە منداڵ، کۆمەڵایەتیشن"

هاوژین ئەحمەدی پارێزەر، پارێزەری جێژوانی خێزانی، باسی لە جێژوانی خێزانی و کێشەکانی ناوی کرد و وتی: جێژوانی خێزانی ئەو شوێنەیە کە دایکان یاخود باوکان ئەوکاتەی دایەنی منداڵ لای یەکێکیانە ئەوی تریان لە جێژوانی خێزانی دەیبینێت بە پێی بڕیاری دادگا، خودی دادگاش کات و شوێنی بینینی منداڵەکەی دیاری کردووە، لە جێژوانی خێزانی پارێزەر، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و دادە بوونی هەیە بۆ هاوکاریکردنی خێزان و منداڵەکان.

 

ڕوونیکردەوە کێشە تەنها منداڵ نییە لە پاش جیابوونەوەی هاوژینەکان، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی بەردەوام بوونی هەیە لە نێوانیاندا، بەهۆی هاوسەرگیریکردنیانەوە بێت یاخود هەر کێشەیەکی دیکە لەکاتێکدا بە پێی یاسا ڕێگەپێدراوە تەنها دەبێت بەڵێننامە پڕکەنەوە کە ژنی باوکەکە یاخود هاوژینە تازەکەی ژنەکە زیان بەو منداڵە نەگەیەنن.

 

وتی "پیاوان هەر ئەوەندەی گوێبیستی هاوسەرگیری ژنە کۆنەکانیان بن کێشەیان بۆ دروستدەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن"، ڕوونیکردەوە کە ئەو خێزانانەی نەگەیشتوونەتە جیابوونەوە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە پاش جیابوونەوە یاسای سزادانی عێراقی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، کە ئەگەر ژنێک لەلایەن هاوژینە کۆنەکەیەوە هەڕەشەی لێبکرێت، دەتوانێت سکاڵای لەسەر تۆمار بکات بە مەرجێک بەڵگە هەبێت.

 

"منداڵ لە نێوان ژن و پیاو بۆ ڕقەبەرایەتی بەکاردەهێنرێت"

هاوژین ئەحمەد باسی لەوەکرد، هەردوولایەن کێشە لە جێژوانی خێزانیدا دروستدەکەن بۆ یەکتری، لە ڕووی پابەند نەبوونیان بە کاتەوە بۆ بینینی منداڵەکە یاخود بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی ژیانی هاوسەرگیرییان لە پاش جیابوونەوە، منداڵەکانیان لە بەرامبەر یەکتریدا بەکاردەهێنن بە مەبەستی ڕق و کینە، دواجار ئەمەش زۆر کاریگەری خراپ لەسەر منداڵ و کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت و منداڵێکی ڕق و توڕەی لێدەردەچێت.

 

ئاماژەی بەوەدا هەمیشە ڕێنمای خێزانەکان دەکەن کە کێشەکان بچوک بکەنەوە و نەیگەیەنن بە دادگاکان، کاتێکیش بڕیاری جیابوونەوە دەدەن هەرگیز منداڵەکانیان بەکارنەهێنن بۆ ڕقەبەرایەتی کردنی یەکتر، چونکە لە پاشەڕۆژدا کاریگەری نەرێنی بۆسەر منداڵەکە دروستدەکات.

 

لە کۆتایدا ڕوونیکردوە کە ڕاستە بۆ خۆی جێژوانی خێزانی ئەرکێکی گرنگ جێبەجێدەکات، بەڵام کۆمەڵێک کەموکورتیان هەیە کە چەندین جار داوایان کردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرسان وەڵامیان نەداونەتەوە، وتیشی: ڕاستە شوێنەکە تا ڕادەیەک گونجاوە و داخراوە، بەڵام نە باخچەیەکی تێدایە نە شوێنێکی تێدایە خێزانەکان بتوانن لەگەڵ منداڵەکانیان کاتێکی خۆش بەسەربەرن".