"ئازادی وا لە مرۆڤ دەکات هەست بکات خاوەن بەختەوەری هەموو دونیایە"

جیهان مستەفا چیرۆکەکەی جیاواز نییە لە چیرۆکی ژنانی مەنبج، کە شاهیدی پێشێلکاری چەتەکانی داعش بوون، وتی: ئەو دەرفەتانەی کە دوای ئازادکردنی مەنبج پێمان درا، لە خەوێکی قوڵدا بەئاگای هێناینەوە".

 سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ڕزگارکردنی مەنبج شۆڕشێک بوو بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی دواکەوتوو و بەرەوپێشبردنی حەقیقەتی ژنان، ئەمڕۆش ژنان لەو شارەدا لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە، جیهان مستەفای تەمەن ٣٢ ساڵ، چیرۆكەكەی جیاواز نییە لە چیرۆكی ژنانی مەنبج كە شاهیدی پێشێلكاری چەتەكانی داعش بوون، وتی: كاتێك شارەكەمان لەژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوو، هەموو شتێك قەدەغە بوو، هەلی كاریش زۆر کەم و دۆخی ئابووری زۆر خراپ بوو، بۆیە ناچار بووین شارەکەمان بەجێبهێڵین، چووینە تورکیا، بەڵام دڵ و دەروونمان لەگەڵ خێزانەکانمان بوو کە لە مەنبج مابوونەوە، چونکە هەموو ڕۆژێک گوێبیست ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی و کوشتن و گرتن دەبووین، دایکم لە مەنبج دەمایەوە هەر کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردم، دەگریا و دەیگوت لە ماڵەکانیاندا قفڵ کراون و هەرگیز ناتوانن بێنە دەرەوە.

 

"دایکم و براکەم دەستگیرکران"

جیهان مستەفا باسی لەوەشكرد، كاتێك ئۆپەراسیۆنی ڕزگاری دەستی پێكرد، داعش هێرشی كردە سەر ماڵی دایكی و مستەفای برای دەستگیركرد، دایکیشی دەستگیرکرا، لەسەر ئەو ڕۆژانە وتی: نزیکەی ٤٠ ڕۆژ دایکم کە زینداندا بوو، هیچمان لەبارەی ئەوانەوە نەدەزانی، لەگەڵ دایکمدا دەیان ژنی دیکە بە ناهەق دەستگیرکرابوون، زۆربەیان گەورە بوون، لەگەڵ دەستپێکردنی ڕزگارکردنەوەی شارەکە هەموو زیندانییەکان بردرانە دەرەوەی شار و بەشێکیان بردران بۆ شارۆچکەی مەسکەنە لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، دوای لێکۆڵینەوە دایکم ئازاد کرا و دوای چەند ڕۆژێک براکەشم ئازاد کرا، دوای ئەوەش نەیانتوانی بگەڕێنەوە مەنبج بەهۆی دۆخی ئەو کاتەوە، دوای ئازادکردنی شارەکە هەموومان گەڕاینەوە بۆ ماڵەکانمان لە مەنبج.

 

"توانیم مافەکانم بەدەستبهێنم و مافی ئەوانی تر بگەڕێنمەوە"

جیهان مستەفا خستیەڕوو كە ڕزگاركردنی مەنبج جیاوازییەكی گەورەی بۆ ئەو دروستكردووە و دەڵێت: ئازادی وا لە مرۆڤ دەكات هەست بكات خۆشبەختی هەموو جیهانی هەیە، من لە بواری ئاسایشدا كار دەكەم، توانیم مافەكانم بەدەستبهێنم و مافی ئەوانەی دیکەش بگەڕێنمەوە، دوای ئەوەی بینیم ژنانی شەڕڤان لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕدا بوون، بوێری پێبەخشیم و دوای گەڕانەوەم بۆ مەنبج، پەیوەندیم بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی- ئاسایشی ژنانەوە کرد و دواتر پەیوەندیم بە هێزی هاتوچۆوە کرد، لە ماوەی ٦ ساڵدا خەباتم کرد بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ژنان، ئەو دەرفەتانەی کە لە دوای ڕزگاری مەنبج پێمان درا لە خەوێکی قوڵەوە خەبەری کردینەوە.