زیندانییانی ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا: جیاکاریی و پێشێلکردنی مافی هیوا بەردەوامە

کۆمیسیۆنی ژنانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادیی (ئۆهەدە) ڕایگەیاند، زیندانییانی ژن قوربانیی جیاکارین و ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە مافی هیوا جێبەجێ ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە، کۆمیسیۆنی ژنانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادیی "ئۆهەدە" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە، ئەو ژنە زیندانییانەی سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە و ڕێگرییان لی دەکرێت، کە بە مەرج ئازاد بکرێن، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی قورسی مافەکان دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە زۆرێک لە زیندانەکانی وەک باکرکۆی، سینجان، گەبزە، ئامەد، خارپێت و تەرسووس، ژنان لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددا ڕادەگیرێن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:  زیندانیی هەتاهەتایی قورسکراو بۆ ژنان دەبێتە هۆی “مانەوە لە زیندان تا مردن” و ئەمەش لە ڕووی یاسا و جێبەجێکردنەوە واتای لەناوبردنی “مافی هیوا”یە. باسلەوەشکراوە سزاکانی ژووری تاکەکەسیی ماوەدرێژ، سنووردارکردنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و هەڕەشەی سزای دیسپلین، کاریگەریی جەستەیی و دەروونییان لێ دەکەوێتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خرایە سەر بەرپرسیارێتییەکانی یاسا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی تورکیا و ئەم داواکارییانەی خوارەوە خرانەڕوو:

هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنەوەی سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسکراو بە شێوەیەک کە دوای ماوەیەکی دیاریکراو دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئازادکردنی بەمەرج هەبێت.

 

چاودێریکردنی بڕیارەکانی دەستەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری و دادگاکانی جێبەجێکردن، بە پشتبەستن بە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا "DMME" و پرەنسیپی “مافی هیوا”.

 

کۆتاییهێنان بە سزاکانی دیسپلینی هەڕەمەکی و گۆشەگیری لە زیندانەکان دژی زیندانیانی سیاسیی ژن.

 

جێبەجێکردنی ستانداردەکان لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەگەزی لە بواری تەندروستی، پاکوخاوێنی، پەروەردە، پەیوەندی و مافی پەیوەندیگرتن بە منداڵانەوە بۆ زیندانیانی ژن.

 

دەستەبەرکردنی چاودێریی سەربەخۆ و لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی زیندانیانی ژن.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە زیندانیانی ژن هەم بەهۆی ناسنامەی سیاسییانەوە و هەم بەهۆی ئەوەی ژنن، ڕووبەڕووی “جیاکاری” دەبنەوە و بانگەواز لە ڕای گشتی کرا کە پشتیوانی بکەن.