ژنۆلۆژی پەرتوکی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" بڵاودەکاتەوە

دوای ساڵانێک لە لێکۆڵینەوە، حەقیقەتی شۆڕشی ژن لە پەرتوکی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە کۆکراوەتەوە و بەم نزیکانە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و پێشکەشی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز و گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ئازادی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە ئەنجامی ساڵانێک لە لێکۆڵینەوە لە حەقیقەتی ژن، پەرتوکی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" بڵاو دەکاتەوە.

 

پەرتوکەکە، کە بەرهەمی چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و سەدان چاوپێکەوتنە لەگەڵ ژنانی پێشەنگ، وەک وەڵامێکی زانستی و شۆڕشگێڕانە بۆ نووسینەوەی مێژوو لە ڕوانگەی ژنەوە ئامادە کراوە.

 

هاوکات لەگەڵ یادە شکۆدارەکانی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ڕۆژئاوا، کە بووە هیوایەکی جیهانی بۆ ئازادیی ژنان و گەلان، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بەرهەمە توێژینەوەییە نوێیەکەی بە ناوی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" ئامادەی چاپە و بەمزوانە دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

 

ئەم پەرتوکە کە ناونیشانی دووەمی بریتییە لە "ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و شیکاری کۆمەڵناسییانە لەسەر ژن و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا/باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا"، تەنها بەرهەمێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی زیندووە، کە مێژوو لە زاری دروستکەرانی ڕاستەقینەیەوە دەگێڕێتەوە.

 

بەرپەرچدانەوەی گێڕانەوە داگیرکەرییەکان

بۆ دەیان ساڵ، مێژوو و واقیعی کۆمەڵگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن توێژەرانی ڕۆژئاواییەوە بە دیدێکی ڕۆژهەڵاتناسانە و پیاوسالارانە شێوێندراوە، لەو تێڕوانینانەدا، ژن و گەلی خۆجێیی وەک "ئۆبجێکت" نیشان دراون و دەنگ و حەقیقەتیان بە ئەنقەست فەرامۆش کراوە، پەرتووکی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" وەک وەڵامێکی زانستی و شۆڕشگێڕانە دێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم گێڕانەوە داگیرکەرییانە، ئامانجی سەرەکیی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە قارەمانان و تێکۆشەرانی شۆڕش، خۆیان بە قەڵەمی خۆیان مێژووی خۆیان بنووسنەوە.

 

بەرهەمی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و دەنگی سەدان ژن

ئەم پەرتووکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی بەرفراوان ئامادە کراوە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ لە کانتۆنەکانی جزیرە، عەفرین، کۆبانێ و منبج ئەنجامدراوە، تیمی توێژەرانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی سەدان چاوپێکەوتن و گفتوگۆیان لەگەڵ ژنانی پێشەنگ، تێکۆشەر و خەڵکی ئاسایی ئەنجام داوە، هەر بۆیە، ئەم پەرتووکە تەنها شیکارییەکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو دەنگ و ئەزموون و چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە لەنێو ئاگری شۆڕشدا ژیاون و بەرخۆدانیان کردووە.

 

بەرهەمێک کە لەنێو ئاگری شۆڕشدا گەییوە

ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاری پەرتوکەکە لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی وتی: پیلانمان وابوو ئەم بەرهەمە لە ساڵی ٢٠١٨ تەواو بکەین، بەڵام هێرش و شەڕی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین و ناوچەکانی دیکە، پرۆسەکەی ڕاگرت، ئەم دواکەوتنە لەخۆیدا بەڵگەیەکە لەسەر ئەو بارودۆخە سەختەی کە شۆڕشەکەمانی پێدا تێپەڕیوە، ئەم پەرتووکە لەنێو ئازار و بەرخۆدانی گەلەکەماندا نووسراوەتەوە و گەییوە، هەر بۆیە، وەک دیارییەکی شکۆدار پێشکەشی یادی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز و گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ئازادی دەکەین.

 

پەرتووکی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" کە لەلایەن نەجیبە قەرەداغی لە کورمانجی ژوورینەوە وەرگێڕدراوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی، بەم زووانە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و زانیاری زیاتر لەسەر بەردەستبوونی لە ڕێگەی ماڵپەڕ و کەناڵە فەرمییەکانی ژنۆلۆژییەوە ڕادەگەیەندرێت.

 

دەربارەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی:

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دامەزراوەیەکی زانستی و فیکرییە کە کاردەکات بۆ بونیادنانی زانستێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای حەقیقەتی ژن، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژیانی ئازاد، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە، پەروەردە و بڵاوکراوەکانییەوە، هەوڵ دەدات بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان.