ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە هەژاریدا خەبات بۆ ژیان دەکەن
ژنانی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون، لە لایەک خەمبارن بۆ کەسوکارەکانیان، لە لایەکی دیکەشەوە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی لە هەژاریدا بتوانن بژین، ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە کە چیتر یارمەتی وەرناگرن و لە ٦ی شوباتەوە لە کابوسێکی بێکۆتاییدا بوون.
مەدینە مامەدئۆغڵو
مەڕەش/سەمسور- لەگەڵ پەتا و قەیرانی ئابووری و بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، بێکاری بووەتە هۆکاری هەژاری، ئەو توێژینەوەیانەی دوای بوومەلەرزەکە ئەنجامدراون، پشتڕاستیانکردەوە کە بوومەلەرزەکە هەژاری دروست کردووە، لە کاتی پرۆسەکەدا، ئەو کەسانەی کە ناچار بوون لە باڵەخانە ناپارێزراوەکاندا بژین، لە بوومەلەرزەکەدا ڕووبەڕووی وێرانبوونی ماڵەکانیان بوونەتەوە، ئەو کەسانەی لە یەک شەودا ئازیزانیان لەدەستدا، ماڵئاوایییان لە ماڵەکانیان کرد، لە کارەکانیان، بە کورتی ئەو ژیانانەی بۆ خۆیان دروستیان کردبوو.
ژنان کە بەهۆی کێشەکانی وڵاتەوە بارگرانییان لەسەر بوو، دوای بوومەلەرزەکە ناچاربوون لەگەڵ هەژاریدا خەبات بکەن، ئەو هەژارییەی دوای بوومەلەرزەکە زیادی کرد، دۆخی قورستری بەسەر ژناندا هێنا، ڕێژەی ژنانی بێکار لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان زیادی کردووە، هەروەها توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ژنان لە کارە تۆمارنەکراوەکان و ناپارێزراوەکاندا دامەزراون، بەپێی داتاکانی بەشی توێژینەوەی کار لە سەندیکای کارە گشتیەکان، لە کۆی ١٠ ژنی بێکار لە تورکیا، ٨یان لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان دەژین.
"چەند مانگێک بیری لەوە کردەوە کە چی بدات بە منداڵەکانی"
سۆنگوڵ فرات کە ساڵانێک لە شاری سەمسور وەک بەرگدروو کاری دەکرد، دوای بوومەلەرزەکە بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی کار بکات، دوای ئەوەی ماڵەکەی وێران بوو و بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بژێوی ژیانی دابین بکات، ناچار بوو کۆچ بکات، چەند مانگێک بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن دەتوانێت بژێوی منداڵەکانی دابین بکات، دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی شار، سۆنگول فرات بەشێک لە ماڵەکەی کردە دوکان و سەرەڕای هەموو شتێک هەوڵدەدات بژی.
سۆنگول فیرات ڕوونی کردەوە کە ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ هەژاری و تەنیایی خەبات دەکات و وتی: هەزاران ژن هەن بارودۆخیان لە دۆخی من خراپترە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆرترین سەختی دارایمان بەخۆوە بینیوە، و پێموایە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دامەزراندنی ژنان لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون.
"ژنان لە کارە کاتیەکاندا کاردەکەن"
سۆنگول فرات ڕایگەیاند کە ئەوان لە کاتە سەختەکاندا دەژین و وتی: تەنانەت پێش بوومەلەرزەکەش لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا کارمان دەکرد، سەمسور لە ڕووی ئابوورییەوە باش نەبوو، هەموو شتێک لەگەڵ بوومەلەرزەکەدا خراپتر بوو، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا وێران بووین، بەزەحمەت توانیمان چادرێک دروست بکەین، بە سەرچاوەی خۆمان چادرمان دروست کرد، ئێمە ٢٠ کەس بووین لە چادرەکاندا دەماینەوە، لەو کاتەدا هەموو شتێک قورس بوو.
سۆنگوڵ فرات باسی ژیانیانی بەم شێوەیە کرد: پێش بوومەلەرزەکە من بەرگدروو بووم، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ناچار بووم دوکانەکەم دابخەم، ئێستا دۆخی ئێمە خراپترە، بەڵام سوپاسگوزارین بۆ ئەم دۆخە، دوای بوومەلەرزەکە خەڵک بێ ماڵ و حاڵ بوون. ژنان ناچارن کار بکەن و بە هەموو شێوەیەک ئاگاداری خۆیان و منداڵەکانیان بن، ژنان لە کایەی ئابووریدا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە سەختییەک دەبنەوە، ژنان کار بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، بەڵام بەداخەوە کارێکی کاتین.
"هەوڵدەدەم لە ژیاندا بمێنمەوە"
سۆنگوڵ فرات ڕوونی کردەوە کە ژنانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناچارن زیاتر کار بکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەزانین ئەگەر کار نەکەین دۆخەکە خراپتر دەبێت٫، ئێستا ماڵ و دوکانەکەم یەکن، بۆیە هەوڵ دەدەم بژێوی ژیانم دابین بکەم بەبێ ئەوەی کەسی تر بمبنێت، بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە، ژیانی سەختمان لە ئێستاوە خراپتر دەبێت، لە دوای بوومەلەرزەکەوە وەک دوکاندار هیچ پشتیوانییەکیان نەکردین، پێویستە پشتگیری لە ژنانی دوکاندار بکرێت، ئێستا دەبێت کار بکەم بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم، هەوڵدەدەم لەگەڵ دەرفەتەکانمدا لە ژیاندا بمێنمەوە.
"ئێمە لە دۆخێکی زۆر خراپداین"
لەناو هەژاریدا ژنان هێشتا چاوەڕێی ئەوەن ماڵەکانیان دروست بکرێت و بگوازرێنەوە، ئەو شوێنانەی کە پەناگەی کاتی بوون بۆ ژنان گۆڕدراوون بۆ ماڵی هەمیشەیی، لە ڕووبەرێکی ٢٠ مەتر چوارگۆشەدا کە یەک ژوور و چێشتخانە و حەمامێکی تێدایە، ئەو ژنانە دوو ساڵە ناچارن لەگەڵ خێزانەکانیان بژین.
هەروەها ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکەی مەرەش، حەلیمە مێرک و ئایشە ئاکپینار چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ ماڵەکانیان، حەلیمە مێرک باسیلەوەکرد، کە بەهۆی خراپی تەندروستییەوە لەناو شوێنەکەدا دەمێنێتەوە، خۆی و منداڵەکانیشی باش نین، و هەروەها وتی: لەو کاتەدا هەفتەیەک لە چادرێکدا ماینەوە، من و منداڵەکەم بە هەڵامەت نەخۆش کەوتین، ماڵەکەمان تازە چووەتە قۆناغی گواستنەوە، ساڵێک دەخایەنێت تا تەواو دەبێت، ئێمە لە دۆخێکی زۆر خراپداین لەناو ئەم شوێنە کاتییانەدا، ناڕەحەتی من لێرەدا زیاتر دەبێت، تا ساڵێک لێرە دەبین، بەداخەوە برینەکانمان ساڕێژ نەبوون، ئێستاش هەست بە دڵتەنگی و زیانەکانی ٦ی شوبات دەکەین، دەمانەوێت بە زووترین کات خانووەکانمان دروستبکرێن.
'ئەو برینە لە ماوەی دوو ساڵدا قووڵتر بووەوە'
ئایشە ئاکپینار کە سێ منداڵەکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، باسی لەوەکرد کە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بۆی زۆر قورسە، هەر بۆیەش لە لە شاری کۆنتێنەردا ماوەتەوە، دەشڵێت کە هیچ پاکوخاوێنی و تەندروستی لەناو شوێنە کاتییەکاندا نییە، لە مانگەکانی زستاندا ساردە و شوێنی یاریکردنی منداڵان نییە، ئەو نایەوێت بچێتە ئەو ماڵەی کە منداڵەکانی لێی گیانیان لەدەستداوە، دەیەوێت بچمە ماڵێکی تر و لەم بارەیەوە وتی: ئەم شوێنە وەک ماڵ نییە٫ دوو ساڵە نازانین چۆن بژین، دەڵێن برینێکە، بەڵام ئەو برینە لە دوو ساڵی ڕابردوودا قووڵتر بووەتەوە، شوێنێک نییە کە بتوانم خواردنی لێ دروست بکەم و پشوو بدەم، ئەو شوێنەی ئێمە تێیدا کۆدەبینەوە هەمیشە پڕە لە خەڵک، ژن هەیە، ئێمە لێرە قسە دەکەین دەکەین، ئەمە تاکە شتە کە بۆ من باشە، بەڵام ناتوانین بۆ ساڵێکی تر لێرە بمێنینەوە، منداڵەکانمان ناچار بوون لەم شوێنە تەنگەدا گەورە ببن، ئەم پرۆسەیە کاریگەری لەسەر هەموومان هەبووە.
بە زۆر پێویستیەکانی خۆی دابین دەکات
دۆخی ژنانی کامپەکان لەوە خراپترە کە چاوەڕوان دەکرا، سەرەتا بەهۆی ڕەگەزپەرستی لە ناوچەکەدا، چادرو هاوکارییان بۆ ئاوارەکان نەدەکرد، بەهۆی ئەوەوە ناچار بوون بۆ ماوەیەکی زۆر لەو پەناگانەدا بمێننەوە کە بە دەرفەتی خۆیان دروستیان کردبوو، ژنانی پەنابەر کە وەک قوربانیانی دیکەی بوومەلەرزە ناچار بوون بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو کامپەکاندا بمێننەوە، ژیانی خۆیان دوای بوومەلەرزەکە بەم وشانە باس کرد: "ئێمە لە شوێنێکی تەنگداین"
مەیسە شێخ مستەفا ماوەی ٩ ساڵە لە شاری ئەلبیستان نیشتەجێیە. کاتێک بوومەلەرزەکە ڕوویدا، لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەیدا بوو وتی: چەند ڕۆژێکە لەژێر پەردەی تاریکی و سەرما لە دەرەوەن، بەزەحمەت بژێوی ژیانیان دەست دەکەوێت و ژیان لەناو شوێنە کاتییەکەدا زۆر قورسە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ منداڵەکانی.
"زۆرترین ئازار بەدەست هەژارییەوە دەچێژین"
مەیسە شێخ مستەفا وتی: ێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بوومەلەرزەکە ڕزگارمان بوو، هیچ شوێنێکم نییە بۆ ئەوەی بچم، دوو ساڵ بە سەختی تێپەڕی، هێشتا ناتوانین بڵێین ئەو ڕۆژەمان تێپەڕاندووە، بەڵام لە ڕۆژی پێشوو باشترین، ئێمە لە ڕووی داراییەوە کێشەمان هەیە، هیچ دامەزراوەیەکی پاکوخاوێنی و تەندروستی نییە، هاوکاری کەم بووەتەوە، جاران دوو مانگ جارێک دەدرا بەڵام ئێستا بوونی نییە، ژیان لەناو شوێنە کاتیەکاندا زۆر جیاوازە، کێشەی زۆر هەیە، هەرگیز بوومەلەرزەکەمان لەبیر نەچووەتەوە، هەر جارێک بەفر دەبارێت ٦ی شوباتم بیر دێتەوە، ئێمە لێرە هیچمان نییە، من ناچارم منداڵەکانم لەم ژینگە تەنگەدا پەروەردە بکەم، ناتوانن بچنە دەرەوە و کەس ببینن، دوو ساڵە لەناو ئەم شوێنەداین، لە نێوان ئەم سەختییانەدا تەنها کێشەکانمان زیاتر دەکات.