عێراق، هاوسەرگیری کچێکی ١٢ ساڵ ناڕەزایەتی لێکەوتەوە
ژمارەیەک لەچالاکوانانی عێراق دژی هاوسەرگیری کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند پەسەندکردنی ئەو هاوسەرگیرییە دەستدرێژی سێکسییە بۆ سەر منداڵان.

ناوەندی هەواڵ
ژنێک کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، پەنا دەباتەبەر دادگا و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری کچە ١٢ ساڵەکەی دا، ئەمە نارەزایەتی لە عێراقدا لێکەوتەوە و ژمارەیەک چالاکوان لەبەردەم دادگادا خۆپیشانیان ئەنجامدا، ئەو هاوسەرگیرییەشیان بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان بەناوکرد، دایکەکە ئاماژەی بەوەدا کە شوێنی کچەکەی نازانێت و هاوسەرەکەی، کە لێی جیابووەتەوە، ڕفاندویەتی، وتیشی کچەکەی ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە.
دادگای باری کەسێتی لە بەغدای پایتەختی عێراق، داوای بەڵگەنامەی فەرمی هاوسەرگیری لە هاوسەری کچە ١٢ ساڵەکە کردووە، پارێزەری دۆسیەکە وەک بریکاری دایکەکە بە ئاژانسی فرانس پرێس'ی ڕاگەیاند: "بەهۆی تەمەنی بچوکی کچەکەوە هیچ تۆمارێکی هاوسەرگیری فەرمی نییە"، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی یاساکانی عێراق تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری ١٨ ساڵە و لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا ١٥ ساڵ دەتوانێت هاوسەرگیری.
بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیرییەکە، چالاکوانانی ژنان، ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای باری کەسێتی بەغدا گردبوونەوە، یەنار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژنی ئازاد لە عێراق، وتی: "باوەڕکردن بە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵێک جگە لە دەستدرێژی سێکسی بە واتای چی دێت؟"، ئەو چالاکوانە داوایکرد کە ماددەی ٣٩٨ی یاسای سزادانی عێراقی هەڵبوەشێنێتەوە کە "دەستدرێژیکەر لە سزای یاسایی لێخۆش دەبێت ئەگەر شوو بە قوربانی بکات".
چالاکوانان بە وتنەوەی "نا، نا بۆ هاوسەرگیری دەستدرێژیکەر و قوربانی، هەڵوەشاندنەوە، نا بۆ هەوسەرگیری پێشوەختە و هاوسەرگیری پێشوەختە تاوانە دژی منداڵان"یان دەوتەوە.
ت.پ