لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق: ئەشکەنجە زیادی کردووە

لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە لە راپۆرتەکانى تایبەت بە زیادبوونى ئەشکەنجەدان لە ناوەندەکانى لێکۆڵینەوە دەڕوانن بۆ وەرگرتنى دانپێدانی بە زۆر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکی لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق کە ٢٨ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، نیگەرانە لە زیادبوونى ئەو ڕاپۆرتانەى باسی زۆربوونى ئەشکەنجەدان دەکەن لە ناوەندە ئەمنییەکانى لێکۆڵینەوە و دانپێدانان بە زۆر و بە چەند رێگەیەک وەردەیگرێت کە سادەترین پێوەرەکانى مافى مرۆڤ تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە.

 

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو پێشێلکارییانە هیچ ڕۆڵێکى نابێت جگە لە بێهێزکردنى متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و دەوڵەت، وێنەیەکى نەرێنى لە بارەى سیستمى یاسایى عێراق لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە پێشان دەدات.

 

لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق داواى لەو کەسانە کردووە کە زەرەرمەند بوون بەهۆى ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە، سکاڵا و بەڵگەنامەکانیان بەشێوەیەکى راستەخۆ پێشکێش بکەن و تاوەکو بەدواداچوونیان بۆ بکات بۆ سزادانى ئەو کەسانەى وەک لیژنەکە دەڵێت "بەرپرسن لەو تاوانانە.

 

مادەى ٣٣٣ی یاساى سزادانى عێراقى ئەشکەنجەدانى لەلایەن کارمەندانى دەوڵەتى بە تاوان ناساندووە سزاکەى بەندکردنە، بەبێ ئەوەى ماوەی بەندکردنەکەى دیاری کردبێت.