لە سێمالکا چالاکی بە دروشمی "خیانەت تێکدەشکێت، بەرخۆدان سەردەکەوێت" بەڕێوەچوو
ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی جزیرە لە دەروازەی سنووری سێمالکا سەردانی چالاکییەکەیان کرد و وتیان: "ڕۆژەکە ڕۆژی بێدەنگی نییە هەموو کەسێک دەبێت هەڵوێستی خۆی لە دژی خیانەت نیشان بدات، خیانەت تێکدەشکێنرێت و بەرخۆدانیش سەردەکەوێت".

ناوەندی هەواڵ
چالاکییەکە لە دەروازەی سنووری سێمالکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە ٥٩ەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان، ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی جزیرە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی ژنان و بەڕێوبەرایەتی گواستنەوە سەردانی چالاکییەکەیان کرد، جەماوەرەکە بەرەو چادری چالاکی بەڕێکەوتن و لە سنوورەکە کۆبوونەوە و ڕێزیان لە شەهیدان گرت دوای ڕێزەکە، لە لایەن هاوسەرۆکایەتیی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ حەمرین عەلی، لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ بە بەرخۆدان و تێکۆشان گەیشتۆتە ئەم قۆناغە، هەوڵ دەدەن دەستکەوتەکانی شۆڕش و ئەو بەهایانەی کە شەهیدەکانمان دروستیان کردوون، بە خیانەت لەناوی ببەن، هەر وەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا سەرەڕای هەموو دژوارییەکان دەستکەوتی بەدەستهێناوە، ئێمەش تێکۆشان زیاتر دەکەین و ئامانجی ئازادیمان بەدەست دێنین".
ئاماژە بەوەشکراوە، گەلی کورد و عەرەب و سوریا لەبەرامبەر هێڵی خیانەتدا هەڵوێستی هاوبەشیان وەرگرتووە، ناپاکی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەرمی شەهیدەکان ڕادەستی کەسوکاریان نەکرێن، کاتی ئازادیە، کاتی برایەتی گەلانە کاتی ئەوە هاتووە هەموو کەسێک لە خیانەتکردن بوەستێت.
ئەوەشی تێدا هاتووە،" شەهیدەکانمان لەپێناو ئازادیدا گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام ڕێگریمان لێکراوە لە وەرگرتنی تەرمەکانیان ئەگەر ئەمڕۆ خیانەت شەرمەزار نەکەین ئەوا مێژوو شەرمەزارمان دەکات، ئەمڕۆ ڕۆژی بێدەنگی نیە، هەموو کەسێک دەبێت هەڵوێستی خۆی لە دژی خیانەت نیشان بدات هێڵی خیانەتی تێکدەشکێنرێت و هێڵی بەرخۆدانیش سەردەکەوێت".
بەیاننامەکە بە دروشمی "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات و پاشان شاندەکان ڕوویان کردە چادری چالاکییەکە.